رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە بەگوتەی خۆی دووبەرەکی دروستدەکەن و دەڵێت: "خۆزگە لە جەنگدا دەکرامە ئامانج و ئەو هەموو تانەیەم نەدەبیست"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت ئاشتییەک رەتبکرێتەوە کە تەنانەت "دووژمن" پێشنیازی دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەراوێزی سەردانێکدا بۆ خوراسانی رەزەوی و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکڤانانی پارێزگاکە، گوتارێکی لەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکەی و ناوچەکە پێشکێشکرد.
مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە جەنگی نێوان تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند: "ئێستاش پێموایە دەبێت گفتوگۆ بکەین."
بەگوتەی سەرۆککۆماری ئێران، هەوڵدەدەن لە رێگەی دانوستاندن و دیالۆگەوە کێشەکان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەربکەن؛ "ئەوەش بە واتای خۆبەدەستەوەدانمان نایەت؛ من لای رێبەریش ئەوەم گوتووە، هەر ئەو جۆرەی ئیمام عەلی بۆ مالیکی ئەشتەری نووسی، نابێت ئاشتییەک کە دووژمنەکەشت پێشنیازی دەکات، رەتیبکەیتەوە."
خۆزگە دەکرامە ئامانج و ئاسوودە دەبووم
لە بەشێکی قسەکانیدا، مەسعود پزیشکیان باسی دەستپێکی جەنگی 12 رۆژە دەکات کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هێرشێکی فراوانی ئیسرائیلدا کوژران و دەڵێت، خۆیشی لەو کاتەدا لە شوێنێک بووە کە کراوەتە ئامانج.
سەرۆککۆماری ئێران وەک رەخنەیەک بۆ ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر درێژەدان یان کۆتاییهێنان بە جەنگ ئەوەشی خستەڕوو: "خۆزگە هەر لەوێ لێیان دەداین و ئاسوودە دەبووین و ئێستا ئەو هەموو تانەیەمان نەدەبیست؛ بەداخەوە زۆر شت ناگوترێن."
پزیشکیان هۆشداریدەداتە لایەنە نێوخۆییەکان و دەڵێت: "لە دۆخی ئێستای وڵاتدا، یەکڕیزی و متمانە گرنگترین خاڵن کە دەبێت هەمووان پێیانەوە پابەندبن."
نێوخۆی ئێران بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. هەندێکیان کە نزیکن لە مەسعود پزیشکیان و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە، لەگەڵ درێژەدان بە دانوستاندنن، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەکانیش داوای درێژەدان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و فەرماندە سەربازییەکانیان دەکەن.
لایەنگرانی بەرەی توندئاژۆ چەندین جار لە نێوخۆی ئێراندا خۆپێشاندانیان کردووە و مەسعود پزیشکیان، محەممەدباقر قالیباف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، بە "سازشکار" ناوبردووە.
مەسعود پزیشکیان لە کاردانەوەی ئەو رەخنانەدا چەندین جار رایگەیاندووە، بڕیاری درێژەدان بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لەلایەن هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەوە پەسندکراوە، جگە لە یەکێکیان، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنەکەی ئاشکرانەکردووە کە دژی دانوستاندنە.



