رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەم کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداوی عومان پەکخستووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم کە رۆژی هەینی، 27ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا مووشەکی وردی هاویشتووە و لە بەشی دواوەی کەشتیی (M/V Pacific Archer)ـی داوە کە ئاڵای پالاوی لەسەر بووە، لە ئەنجامدا سیستمی پاڵنانی کەشتییەکە پەکخراوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکە سووتەمەنی پێبووە و هەوڵی تێپەڕینی بە ناوچەکەدا داوە، دوای ئەوەی لە سنووری ئاوی بەندەر عەباسەوە بەڕێکەوتبوو.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆکە و رایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا ئاراستەی 158 کەشتیی بازرگانیی پابەندیان گۆڕیوە و شەش کەشتیشیان پەکخستووە کە پابەند نەبوون.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیشدا داوا لە کەشتیوانان کراوە کە لە کەنداوی عومان و رێڕۆکانی گەیشتن بە تەنگەی هورمز کار دەکەن، پابەندی هۆشدارییەکانی گەمارۆکە بن کە لەلایەن هێزەکانی سێنتکۆمەوە دەردەکرێن.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی دراوسێی. رۆژی 2ی ئادار، تاران تەنگەی هورمزی داخست و لە کاردانەوەی نەکردنەوەی تەنگەکەدا ئەمریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند.


