رووداو
مێرمنداڵێکی خەڵکی شاری قوروەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا و کەسێکی نزیکیشی دەڵێ، بەهۆی ئەو ئەنفلەوەنزایەوە بووە کە بڵاوبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری قوروە بە رووداوی گوت: "چەند رۆژێک بوو مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ تووشی هەڵامەت ببوو و رۆژ دوای رۆژ دۆخی خراپتر دەبوو."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە کە کەسێکی نزیکی ئەو مێرمنداڵەیە، هاونیشتمانییە تەمەن 16 ساڵەکە چەند جارێک سەردانی نەخۆشخانەی کردووە، بەڵام بەهۆی دەستنیشانکردنی درەنگ و نەبوونی دەرمانەوە گیانی لەدەستداوە.
هاونیشتمانییەکە گوتی: "دەرمان بۆ بەشی زۆری نەخۆشییەکان لە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانی قوروە دەست ناکەوێ و ئەوەش کێشەی بۆ هاونیشتمانییان دروست کردووە".
ئەو هاونیشتمانییە داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بچنە سەر هێڵ و کێشەی کەمی و نەبوونی دەرمان چارەسەر بکەن.
رۆژی هەینی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای سنە رۆژی شەممەی لە سەرجەم قوتابخانەکان کردە پشوو، ئەمڕۆ یەکشەممە لە 7 شاری ئەو پارێزگایە پشوو راگەیێندرا و سبەیش بە هەمان هۆکار لە قوتابخانەکان پشووە.




