رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە رێگە بەو کەسانە دەدات پیاوی ئایینی نین، ببنە وەزیری ئیتڵاعات. ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای جەنگی ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل وەزیری ئیتڵاعات کوژرا و تاوەکو ئێستا کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتە بە هەمیشەیی دانەنراوە.
رۆژی یەکشەممە 29-11-2026، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاساکەی پەسندکرد، کە ئەو مەرجە هەڵدەگرێ زیاتر لە چوار دەیەیە کاری پێدەکرێ و جەختی لەوە دەکردەوە بەربژێرەکان کەسایەتیی ئایینی بن.
ئیسماعیل خەتیب، کەسایەتی ئایینیی تەمەن 65 ساڵ کە لە ساڵی 2021ـەوە وەزیری ئیتڵاعات بوو، لە مانگی ئاداردا کوژرا. چەند رۆژێک دوای کوژرانی و لە 22ـی ئادار، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دانانی وەزیرێکی ئیتڵاعاتی بەوەکالەت راگەیاند، بێ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران داوای لە حکومەت کرد هەر کاتێک یاساکە پەسندکرا، "بەبێ دواکەوتن" وەزیرێکی نوێی هەمیشەیی دابنێت و ئاماژەی بەوە کرد کە "دۆخی ئێستا" وادەخوازێت بە پەلە ئەو کارە بکرێت.
بەگوێرەی هەموارەکە، دەبێت بەربژێری ئەو پۆستە "گەیشتبێتە پلەی ئیجتیهاد یان دەکرێ کەسی دیکە بێ بەڵام بڕوانامەی ماستەری هەبێت؛ هاوکات ئەزموونی کاری هەواڵگری و لانیکەم 10 ساڵ ئەزموونی لە بەڕێوەبردندا هەبێت."
یاسای پێشوو کە لە ساڵی 1983ـەوە کاری پێدەکرا، مەرجی ئەوەی دانابوو کە دەبێت وەزیر خوێندنی ئایینی لە ئاستی ئیجتیهاددا هەبێت بەبێ بوونی هیچ بژاردەیەکی دیکە. لە مەزهەبی شیعەدا ئیجتیهاد ئاستێکی پێشکەوتووی پسپۆڕییە لە فیقهی ئیسلامی کە رێگە بە زانای ئایینی دەدات سەربەخۆیانە حوکمە شەرعییەکان دەربکات.
تاوەکو ئێستا روون نییە چەند پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە داوە و بۆ ئەوەی ببێتە یاساش، هێشتا پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورە کە پێداچوونەوە بە یاساکاندا دەکات بۆ دڵنیابوون لە گونجانیان لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی و دەستوور.



