رووداو - هەولێر
رۆژی شەممە کەسوکاری ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تەقەی هێزەکانی ئاسایش لە ساڵی 2013 گیانیان لەدەستدابوو، سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی عاموودایان کرد. ئەندامێکی کۆمیتەی ئاشتەوایی بە رووداوی گوت، ئەوان پێشوازی لە پەیامەکەی یەپەگە دەکەن و داواش دەکەن ئەو کەسانەی لە دۆسیەکەدا تاوانبارن دادگایی بکرێن.
هاوکات لە ساڵیادی رووداوەکانی عاموودا مەزڵووم کۆبانێ سەردانی شارەکەی کرد و رایگەیاند، "ئێمە هەموو داخوازییەکانی ئەنجوومەنی ئاشتەوایی قبووڵ دەکەین".
ترکیا سیدۆ، دایکی شەهیدێکە و دەڵێت، "زیانی زۆریان بە خێزانی شەهیدان گەیاندووە. ئاشتەوایی چۆن و لەسەر چ بنەمایەک دەکرێت؟ نازانم، بەڵام دەبێت رێککەوتنێکی کارا بێت".
ئەنجوومەنی ئاشتەوایی کە لە سێ ریشسپیی خەڵکی عاموودا پێکدێت و لەلایەن مەزڵووم کۆبانێوە راسپێردراون. تاوەکو ئێستا لەگەڵ خێزانی شەهیدەکاندا کۆنەبوونەتەوە.
عەبدولقادر وەتێ، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتەوایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەن بە ئێمەی گوت کە ئێوە ئەو کارە بگرنە ئەستۆ. خێزانەکان داوای دادگاییکردن دەکەن و ئەوە یەکێک لە مەرجەکانیانە".
لە حەوتەمین بڕیارنامەی کۆمەڵکوژیی عاموودادا فەرماندەی گشتیی یەپەگە بەرپرسیارێتیی خۆی لە رووداوەکانی ئەو شارە راگەیاند و داوای لێبوردنی کرد و ئامادەیی خۆی نیشاندا کە بە هەر جۆرێک بووبێت ئەو برینە جەرگسووتێنە ساڕێژ بکات.
هاوکات رەوتی ئازادی کوردستانی لە راگەیێندراوێکدا پێشوازیی لە هەنگاوەکەی هەسەدە کرد بۆ ئاشتەوایی نێوان یەپەگە و خێزانی قوربانییەکانی رووداوەکەی ساڵی 2013ی عاموودا.
رۆژی 27ی حوزەیرانی 2013، هێزێکی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان هێرشیانکردە سەر ژمارەیەک چالاکڤانی مانگرتوو لە شاری عاموودا کە داوای ئازادکردنی سێ چالاکڤانی دەستگیرکراویان دەکرد، مانگرتووەکان گەمارۆدران و هێرشیانکرایەسەر، لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و 30 کەسی دیکەش برینداربوون.



