رووداو دیجیتاڵ
وێنەی هاونیشتمانییەکی خەڵکی عاموودای رۆژئاوای کوردستان بە ناوی "محەممەد رەشۆ" کە باوکی حەوت منداڵە و ساڵی 2013 گیرابوو، لەنێو وێنەکانی قەیسەردا دەردەکەوێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدابوو.
دیبۆ رەشۆ، برای محەممەد رەشۆی کۆچکردووە و دەڵێت، "برای من نە کەسێکی سیاسی بوو و نە زماندرێژ. بۆ خۆی کاری دەکرد و کەسێکی دیندار بوو".
محەممەد رەشۆ ساڵی 1972 لەدایکبووبوو. باوکی حەوت منداڵ بوو و لە گەنجییەوە لە شام دەژیا. ساڵی 2013 منداڵەکانی دەباتە عاموودێ و خۆی دەگەڕێتەوە شام. لە دواییەکانی مانگی شەشی 2013دا وندەبێت و خێزانەکەی وایانبیستبوو گیراوە.
قەیسەر ناوی خوازراوی وێنەگرێکی پێشووی پۆلیسی سەربازیی سووریایە کە لە ساڵی 2013 لە حکومەت جیابووەوە و 55 هەزار وێنەی لەگەڵ خۆی برد کە لەکاتی ئەشکەنجەی خەڵکدا لە زیندانەکانی سووریا گیراون.
یەکەم دانیشتنی نهێنیی قەیسەر لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، ئەوەش پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ دەرکردنی یاسای قەیسەر کە لە ساڵی 2019 یاساکە کرا بە ناوی ئەوەوە و پەسندکرا. قەیسەر جارێکی دیکە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ چووە بەردەم کۆنگرێس، بە دەمووچاوی داپۆشراوەوە داوایکرد، واشنتن هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ سزادانی دیمەشق.
وێنەکان کە وێنەگرە سوورییەکە لەگەڵ خۆی بردوونی، دەریدەخەن بە هەزاران جەستە چاویان دەرهێنراوە، دەیان تەرمی دیکە ئەندامانی جەستەیان بڕدراوە و شێوێندراون، دەیان پێشێلکاریی دیکەش کە لە زیندانەکانی حکومەتی سووریا کراون. ئێستا لێکۆڵەران دڵنیابوونەتەوە لە راستیی وێنەکان، بەڵام وەزارەتی دادی سووریا دەڵێت، "وێنەکان ساختەن".



