چل رۆژ لەمەوبەر، شێركۆ بێكەس ماڵئاوایی كرد. پێشتر پێكەوە رۆڤارمان بۆ كەسایەتییە دیارە رۆشنبیرەكانی كورد دەردەكرد، بەڵام ئەم ژمارەیە رۆڤار بۆ ئەو دەردەكەین.
هەر بۆیە ئەم ژمارەیەمان بە قورسترین ژمارە بۆ ئامادەكرا، هەرچەندە پێشتر 75 ژمارەمان بۆ 75 نووسەر و رۆشنبیری جیاواز لە هەر چوار پارچەی كوردستان ئامادەكرد، لە هەموو ئەو ژمارانەشدا شێركۆ بێكەس خاوەنی ئیمتیازی رۆڤار، راستەوخۆ رۆڵی هەبووە لەدەركردنیدا، بە نووسینی بابەت و شیعر و پێشنیاز، ئێستا دوای 75 ژمارە دەبێت بە هەمان شێواز و ماندوونەناسانە رۆڤارێك بۆ شێركۆ بێكەس خۆی دەربكەین.
لەم خولە نوێیەی رۆڤاردا كە بەندە و رەئووف بێگەرد كاری تێدا دەكەین، 11 ژمارەی رۆڤارمان دەركردووە، لەم ژمارانەدا شێركۆ بێكەس لە پێش دەركردن و لەكاتی دەركردنیدا گەلێك سەرنج و پێشنیازی پێداوین، هەندێجاریش دوای تەواوبوون و دەرچوونی رۆڤار بەنامەیەك دەستخۆشی و سەرنج و پێشنیازەكانی لەسەر ئەو ژمارە نوێیەی رۆڤار بۆ دەناردین.
ئەو ماوەیەی كە من لە رۆڤاردا كارمكردووە، پێشتریش كە لە گۆڤاری ئایندە (بەڕێوەبەری نووسین) بووم و لەڕێگەی هاوڕێم (دڵشاد عەبدوڵڵا)ەوە ئاگاداربووم، شێركۆ بێكەس زۆر خەمی بوو رۆڤارێك بۆ نووسەری ناوداری كورد (عەبدوڵڵا جەوهەر) دەربكەین، دیارە پێشتر لەرێگەی بنەماڵەكەیەوە زۆر هەوڵدرابوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو، تا رۆژێكیان لەرێگەی بەڕێز (د.ڕەوا جەمال عەبدول)ی هاوڕێمەوە سەردانی ماڵی (قومری خانی) خوشكی عەبدوڵڵا جەوهەرم كردو دواتریش ئاشنایەتیم لەگەڵ كاك (جەلالی حاجی دەروێش)ی خوشكەزای جەوهەر پەیدا كرد، ئەم رازەم بە مامۆستا بێگەرد گەیاند كە ئەو بنەماڵەیە پەیمانی ئەوەیان داوە سەرجەم دەستنووس و بابەتەكانی عەبدوڵڵا جەوهەرمان بدەنێ بۆ رۆڤار.
بەیانییەك كە هاتم بۆ دەزگای سەردەم، هەر لەپرسگەوە (هەورامان) گوتی كاك شێركۆ ئیشی پێتە سەرێكی لێبدە، كە رۆیشتم وەك پیشەی هەمیشەیی، یان خەریكی نووسین بوو یان سەری بەسەر كتێبێكدا شۆڕكردبووەوەو خەریكی خوێندنەوە بوو، پێش ئەوەی دانیشم بە پێكەنینەوە گوتی «ها كامەران چیتان كرد لە رۆڤاری عەبدوڵڵا جەوهەر؟» منیش گوتم كاك شێركۆ ئەوەی راستی بێت بەنیازین كۆبەرهەمی عەبدوڵڵا جەوهەر كۆبكەینەوە، رۆڤارێكی بۆ دەربكەین و فیلمێكی دۆكیۆمێنتی لەسەر دروستبكەین.
قاقا پێكەنی و گوتی: كاكی خۆم ئێوە رۆڤارەكە ئامادەبكەن خوا كەریمە بۆ ئەو هەموو شتەی تر، بەهەرحاڵ زۆر قسەمان كرد، دەستی برد لەژێر مێزەكەیەوە لاپەڕەیەكی پێدام كە شیعری (عەبدوڵڵا جەوهەر سەرتاپا گزنگ سەرتاپا گەوهەر) بوو، گوتی ئەگەر توانیمان و رۆڤارمان دەركرد، ئەم شیعرەی منیش دابنێن، پێم خۆش نەبوو لەوێدا بۆی باس بكەم كە چ ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ رۆڤار، ئەوەشم پێنەگوت كە ئێستا بەشی هەرە زۆری دەستنووس و رۆمان و پەخشان و شیعر و كتێبەكانی عەبدوڵڵا جەوهەر لای منە، سبەی بەیانی كە هاتم بۆ سەردەم وەك هەندێ لە رۆژانی تر كە چوومە لای كاك شێركۆ بینیم مامۆستا رەئووف بێگەردیش لای دانیشتووە، كاتێك بە یەك فەردەی گەورە كە 54 دەفتەری گەورەی دەستنووسی عەبدوڵڵا جەوهەر بە خەتی خۆی، چەندین نامە، زیاتر لە 150 وێنەی كە پێشتر تەنها چەند وێنەیەكی بینرابوو، بەڵام لەو وێنانەی من پەیدام كردبوو، لە تەمەنی 7 ساڵییەوە بۆ مردنی تێدا بوو، گوتم ئەوە سەرجەم بابەت و نووسینەكانی رۆڤار، دیارە بنكەی ژین بە سوپاسەوە لەدەستكەوتنی بەشێكی ئەم بابەتانەدا رۆڵی هەبوو، (بەتایبەتیش دەفتەرێكیان كە هەندێ بابەتی جەوهەری تێدا بوو (ئومێد ئاشنا) ئامادەی كردبوو، ئێستا بە هاوبەشی دەزگای سەردەم ئەو كتێبەمان چاپ كردووە هەستێكی زۆر خۆشم لە روخساری ئەودا بەدیكرد، رەئووف بێگەرد بەرامبەری دانیشتبوو، بە پێكەنینەوە بە كاك شێركۆی گوت «ئێمە ئاوا ئیش بۆ رۆڤار دەكەین!» شێركۆ بێكەس زۆر پێكەنی و گوتی دانیشە. وابزانم ئەو دانیشتنەم درێژترین دانیشتنی 12 ساڵی تەمەنم بوو لە دەزگای سەردەم لەگەڵ ئەو، ئیدی كەوتە قسەكردن لەسەر ئەوەی چۆن ئەو كتێبانەی لەسەردەم چاپ بكەین، چۆن رۆڤارێكی شایستەی بۆ دەربكەین، كێ بەرهەمی تێدا بنووسێت، چۆن هاوڕێ نزیكەكانی بدۆزینەوە، هەموویمان كرد و توانیمان ئەوەی ویستمان لەسەر عەبدوڵڵا جەوهەر بۆ یەكەمین جار لە كوردستاندا و لەدوای 28 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئەودا كۆبەرهەمی لە دەزگای سەردەم لە كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا چاپ بكەین، رۆڤارەكەش لە مانگی نیساندا بڵاوببێتەوە، فیلمێكی دۆكیومێنتیش لەسەر جەوهەر دروستبكەین، دۆكیومێنتییەكەش لە دەرهێنانی خەسرەو حەمەكەریم و بەرهەمهێنانی كۆمپانیای رووداو، لەم دۆكیومێنتەریەدا مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی رۆڵێكی زۆر جوامێرانەی بینی، وەك هاوڕێیەكی نزیكی جەوهەر زۆر هاوكاری كردین، ئەمانەمان هەمووی كرد، لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونە بۆ ئەم كارە هەروا فەرشی سوورمان بۆ رانەخرابوو، لێرەو لەوێ زۆر شتمان پێگوترا، گەردنیان ئازابێت!
لەدوایین نامەی شێركۆ بێكەس كە لە رۆژی 6/4/2013 لە دەزگای سەردەم بۆ رەئووف بێگەرد نووسیویەتی و لە ئەرشیفی رۆڤاردا ئەو نامەیە پارێزراوە، چەند خاڵێك لەسەر رۆڤار دەنووسێت، گرنگترینیان باس لەوە دەكات تا دێمەوە لەو سەفەرە ئەو سێ بەرگەی بەرهەمەكانی (عەبدوڵڵا جەوهەر) چاپ بكەن، لەگەڵ چەند خاڵێكی دیكەی تایبەت بە رۆڤار، بەڵام بەداخەوە شێركۆ بێكەس نەهاتەوەو كتێبەكانی عەبدوڵڵا جەوهەر لە سەردەم چاپ بوون. هەر ئەو رۆژەی نامەكەی تێدا نووسیبوو، پێش نیوەڕۆكەی شێركۆ بێكەس وەك پیشەی هەمیشەیی كاتێك سەفەری دەرەوەی وڵاتی دەكرد بەسەر كارمەندەكاندا دەگەڕا، كە چوومە ژوورەكەی مامۆستا رەئووف بێگەرد دانیشتبوو كەمێك قسەمان كرد، بەشێكی زۆری ئەو خاڵانەی كە لە نامەكەدا نووسیبوونی باسی كردەوە، ئەوەندە نەبێت باسی گۆڕەكەی (عەبدوڵڵا جەوهەر)م بۆ كرد كە لە گۆڕستانی چوارباخ لە شوێنێكی چەپەك و بێ خزمەتگوزاریدایە، روویكردە كاك رەئووف و پێیگوت «كە هاتمەوە بە جوانترین شێوە گۆڕەكەی جەوهەر نۆژەن دەكەینەوە، چونكە ئەوە مامۆستامانە و مافی بەسەر هەموومانەوە هەیە».
لەبەر هەموو ئەمانە، بە نیگەرانییەكی زۆرەوە ئەم سەروتارەی ئەم جارەم بۆ یەكێك لە ئەندامە كاراكانی ستافی رۆڤار نووسی، كە رەنگە هەرگیز بە بیری مامۆستا رەئووف و مندا نەهاتبێت رۆژێك لە رۆژان دوای مەرگی كاك شێركۆ رۆڤاری لەسەر دەربكەین، ئێمە پێشتر كە رۆڤارمان بۆ مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و محەممەد ئەمین زەكی بەگ و حەمەی مەلا كەریم و تۆفیق وەهبی و سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، نالی و مەحوی دەردەكرد ئەو پێشنیاز و سەرنج و تێبینی دەدا پێمان، ئەی بۆ رۆڤاری شێركۆ بێكەس، چاوەڕێی سەرنج و تێبینی كێ بین؟
ماڵئاوا شێركۆی رۆڤار، ماڵئاوا شێركۆی هەمووان.



