لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009دا، گۆڕان 25 كورسیی هێنا. پارتی و یەكێتیش لەجیاتی 75 كورسی، تەنیا 59 كورسییان بەدەستهێنا. راپرسییەكان و ئەنجامە بەراییەكان دەریدەخەن كە پارتی زۆرینەی دەنگەكان وەدەستدەهێنێت و حكومەت پێكدەهێنێت، گۆڕانیش سەرلەنوێ لە یەكێتی دەباتەوە.
سلێمانی بەتەنیا 43%ی دەنگدەرانی تێدا كۆبووەتەوە، هەولێر و دهۆكیش 57%ی دەنگدەرانیان لەخۆگرتووە. ئەمە پێشانیدەدات كە گۆڕان دەتوانێ بەسەر یەكێتیدا سەركەوێت و جێگەی بگرێتەوە، وەكو دووەمین پارتی بەهێز لە سیاسەتی كوردستاندا، بەڵام پارتە ئیسلامییەكان ناتوانن ببنە هێزی كاریگەر.
تەنانەت ئەگەر تاڵەبانیش بمرێت، گۆڕان ناتوانێ وابكات دەنگدەران لە هەولێر و دهۆك روو لە پارتی وەرگێڕن.
یەكێك لە كێشە گەورەكانی گۆڕان ئەوەیە كە زۆرینەی دەنگدەرانی كورد بۆ كارەكانیان پشت بە حكومەت دەبەستن (واتە بە پارتی و یەكێتی)، بۆیەش هەرچەندە زۆر كەس دڵخۆش نین بە پرسی وەكو گەندەڵی، تەندروستیی خراپ و گرانی، بەڵام دەنگ نادەنە گۆڕان.
گۆڕان دەتوانێ بەسەر یەكێتیدا سەركەوێت لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیشدا كە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو ئەنجامدەدرێ، بەڵام رێی تێناچێت بتوانێ بەسەر پارتیدا سەركەوێت. هەروەها پێناچێت گۆڕان و ئیسلامییەكان بتوانن 56 كورسی لە پەرلەمانی كوردستاندا بەدەستبهێنن.
بۆیە تەنیا ئەگەر هات و گۆڕان بووە هاوپەیمانی یەكێتی و پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە ئایندەدا لەدژی پارتی بن، ئەوكات دەكرێ ئەمە رووبدات، بەڵام ئەم مەسەلەیەش رێی تێناچێت. بینیشمان كە گۆڕان نەیتوانی لە مانگی شوباتی ساڵی 2011دا هەژموونی پارتی بەسەر هەولێر و دهۆكەوە لاواز بكات.
بۆیە تاكە چانس بۆ گۆڕان ئەوەیە كە ناكۆكی لەنێو پارتیدا دروست ببێت. سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە ساڵی 2010، بە بەرپرسانی ئەمریكای گوتبوو كە پارتی لەنێوان مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا دابەش دەبێت و كێشەكەش لەسەر دەسەڵات دەبێت.
بەڵام هەموو كەس دەزانێت كە ستراتیژە هۆزگەرایانەكەی پارتی وادەكات كێشەی ناكۆكی لەسەر سەركردایەتیكردن لەنێو پارتیدا كەمتر بێت وەك لەنێو یەكێتیدا. ئەگەر هات و مەسعود بارزانی مرد، پارتی لەنێو ناچێت. كریستۆفەر هیل، باڵیۆزی ئەمریكا، لە ساڵی 2010دا تێبینیی ئەوەی كردبوو كە تاوەكو مەسعود بارزانی تەندروست بێت، لەنێو پارتیدا ناكۆكییەكان زەق نابنەوە. بۆیە گۆڕان لە ئایندەدا بژارەی زۆری نین، جگە لەوەی كە لەپڕ گۆڕانی ریشەیی لە كوردستان رووبدات.


