پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان زۆر قورس دەبێت. بۆ یەكەمینجار لیستی گۆڕان دەڵێت دەیەوێ بێتە نێو حكومەتەوە. بەڵام ئایا كام وەزارەتانەیان دەدرێتێ؟
بەرپرسانی لیستی گۆڕان پێیانگوتم كە هیچ هەڵوێستێكی فەرمییان نییە لەبارەی ئەوەی كام وەزارەتانەیان دەوێت. بەڵام لەبەرئەوەی گۆڕان باسی خزمەتگوزاری و بەرپرسیاربوون بەرامبەر هاووڵاتیان و شەفافیەت دەكات، بۆیە وا باشترە گۆڕان "وەزارەتەكانی تایبەت بە خزمەتگوزارییەكان" وەربگرێت، بۆئەوەی پێشانی بدەن كە دەتوانن چی بگۆڕن. لەنێو گۆڕاندا كەسانی تەكنۆكرات هەن كە لە ئەوروپاوە هاتوونەتەوە و دەتوانن ئیشی چاك بكەن بۆ كوردستان.
لە مانگی یەكی 2010دا، نەوشیروان مستەفا بە باڵیۆزی ئەمریكا كریستۆفەر هیڵ-ی گوتووە كە زۆر گرنگە بۆ كورد بۆ "وەزارەتەكانی تایبەت بە خزمەتگوزاری" وەزیری كاریگەریان هەبن، وەكو وەزارەتەكانی پەروەردە، تەندروستی، كشتوكاڵ، پیشەسازی و نەوت، نەك "وەزارەتە سیادییەكان"، لە حكومەتی عێراقدا. نەوشیروان ئەمەی بەر لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بە باڵیۆزی ئەمریكا گوتووە.
من گومانم هەیە كە پارتی وەزارەتەكانی وەك سامانە سروشتییەكان، ناوخۆ یان پەیوەندییەكانی دەرەوە بداتە گۆڕان یان یەكێتی. پێدەچێ ئەمانە هێڵی سوور بن بۆ پارتی. هەروەها سەرەڕای رەخنە، بەڵام پارتی سەركەوتوو بوو لە راكێشانی كۆمپانیا نەوتییەكان. بۆیە رەنگە ئاسانتر بێت كە گۆڕان جەخت لەسەر وەزارەتە ناسیادییەكان بكاتەوە. وەزارەتە سیادییەكان تەنیا ئەوكاتە بەكەڵكی گۆڕان دێن ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە ببێتە براوەی یەكەم.
بەرپرسانی یەكێتی رەخنەی ئەوە لە پارتی دەگرن كە بەردەوام بۆئەوەی كاربكەن، دەبێ وەزیرەكانیان مۆڵەت لە جێگرە پارتییەكانیان وەربگرن. بۆیە لیستی گۆڕان دەیەوێ كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر وەزارەتەكاندا هەبێت و كۆتایی بە سیستمی فیفتی فیفتی بهێنێت.
لەكۆتاییدا باشترە گۆڕان وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی وەكو وەزارەتەكانی تەندروستی، پەروەردە، كشتوكاڵ لە كوردستان بەدەستەوە بگرێت. تاكە ریسك بۆ گۆڕان ئەوەیە كە ئەگەر بچێتە حكومەتەوە و نەتوانێ هیچ بگۆڕێت، ئەوكات خەڵك رەخنەی ئەوەی لێدەگرێت و دەڵێن بێئەنجام بوون. ئەوكات رەخنەكانیان زۆرتر رووی لە گۆڕان دەبێت نەك لە پارتی و یەكێتی


