رووداو - هەولێر
تۆڕە كۆمەڵایەتی و پێگە ئەلیكترۆنییەكان پڕن لە سەربووردەو هەواڵی سەیر لەسەر كردەوە و هەڵسوكەتەكانی ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سام (داعش)، كە ئەم هەواڵانە وەك شانۆگەرییەك وان و جێی سەرسووڕمانی خەڵكین، بۆنموونە:
- باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیەك چەكدار هەڵدەكوتنە سەر ماڵێك لە "غوتەی رۆژهەڵات"، كە پەنابەرێك لەگەڵ سێ كچەكەی تێیدا دەژیت، چەكدارەكان پیاوی ماڵەكە دەكوژن و بە كافر ناوی دەبەن، بەو پێیەی تاوەكو ئێستا خەمی لە كچەكان نەخواردووە و بەشووی نەداون.
- داعش دووكانێكی ساردەمەنی دادەخات و لەسەر رووی پێشەوەی دووكانەكە دەنووسێت، خواردنی مەترسیدارە و ماددەی ژەهراوی تێدایە، مەبەستیان لە ماددەی ژەهراوی رەنگاوی ساردەمەنییەكانە.
- رۆژووی ئەمساڵی مانگی رەمەزان بە بڕیاری سەرۆكی دەوڵەت "ئەبوبەكر بەغدادی" دەبێت و هاووڵاتیانی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" پەیڕەوی بڕیارەكانی هیچ یەك لە دەوڵەتەكانی "سایكس بیكۆ" ناكەن ، بەڵكو پەیڕەوی ئەمیرەكەیان دەكەن.
- گەنجێكی شاری رەقە لە سووریا باس لەوەدەكات، كە جارێكیان لە كاتی چوونە ژوورەوەی بۆ باخچەی "رەشید" ی گشتی، لە لایەن چەند چەكدارێكی داعش لێپرسینەوەی لەگەڵكراوە، لەو كاتەشدا كچێك دێتە ناو باخچەكەو چەكدارەكان رایدەگرن و وادەزانن لەگەڵ كوڕەكەیە، چەكدارەكان لە كوڕەكە دەپرسن، ئەو كچە دەناسی؟ ئەویش دەڵیت "نەخێر"، ئینجا چەكدارەكان لە كچەكە دەپرسن ئەو كوڕە دەناسی؟ كچەكە دەڵێت "بەڵێ دەستگیرانین" چەكدارەكانیش دەڵێن لەبەرئەوەی ئێوە دەستگیرانن دەبێت لەسەر رێگەی خواو پێغەمبەر و دەستووری ئێمە مارەبكرێنەوە. كچەكەو كوڕەكە لەیەك مارە دەكەن، كوڕو كچەكە دەبنە هاوسەری یەكتر.
- فەرمانكردن بە ئافرەتان كە لە كاتی چوونە دەرەوەیان "نیقاب" ببەستن، لەو ناوچانەی كە دەسەڵاتیان تێدا هەیە، ئەستووری و تەنكی نیقابەكەش سزای لەسەرەو زۆرترین رێژەی سزادانی ئافرەتانیش لەسەر ئەو بابەتەوە بووە.
- ناچاركردنی مەسیحییەكانی رەقە بە واژۆكردن لەسەر پەیمانێك، كە بەپێی پەیمانەكە مەسیحییەكان بەرامبەر بە پاراستنیان لە لایەن چەكدارەكانەوە دەبێت سەرانە "جزیە" بدەن.
- دارلێدان "جەڵدە"كردنی سێ كچ بە تۆمەتی ئەوەی سەرپۆشەكانیان لە ژێر نیقاب هاتووەتە دەرەوە.
- رێگەنەدان بە تێكەڵبوونی ئافرەت و پیاو لە شوێنە گشتی و فەرمانگەكان و شوێنەكانی كاركردندا.
- رێگەنەدان بە هاتنەدەرەوەی ئافرەتان لە ئێواران و سواربوونی ئۆتۆمبێلی تاكسی بەبێ مەحرەم.
- قەدەخەكردنی لەبەركردنی پانتۆڵی "جینز" لەلایەن ئافرەتان.
- قەدەخەكردنی كێشانی جگەرە و نێرگلە.
- داخستنی دووكانەكانی سەرتاشی پیاوان و قەدەخەكردنی گەنجان لە داهێنانی قژیان بەشێوازە نوێیەكان و بەكارهێنانی هەر ماددەیەك بۆ جوانكاری قژ قەدەخەیە.
- داخستنی شوێنەكانی بەرگدرووی ئافرەتان ئەگەر پیاوی تێدا ببینرێت و قەدەخەكردنی ئافرەتان لە سەردانیكردنی پزیشكی ئافرەتان بۆ چارەسەری.
- قەدەخەكردنی فرۆشتنی كاسێتی گۆرانی و ئامێرە مۆسیقییەكان و گوێگرتن لە گۆرانی.
- پێویستە هەر دووكاندارێك 10 خولەك پێش بانگی نوێژ دووكانەكەی دابخات و بچێت بۆ نوێژ.
- لێدانی 70 دار لەهەر كەسێك ئەگەر وشەی "داعش" بەكار بهێنێت و نەڵێت "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام".



