رووداو دیجیتاڵ
فارووق دینچ، پەرلەمانتاری پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا باسی شێخ سەعیدی کرد و داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد بە فەرمی داوای لێبووردن بکات و شوێنی گۆڕەکەیشی ئاشکرا بکرێ.
پەرلەمانتارەکەی هوداپار، لە دەسپێکی گوتەکانیدا رایگەیاند، لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی شێخ سەعید و هاوڕێکانیدا داوای لێخۆشبوونیان لە خوای گەورە دەکات.
دینچ باسی چەند هەوڵێکی چەپەڵانە بۆ شێواندنی کەسایەتی و رێبازی شێخ سەعید کرد و گوتی، "شێخ سەعید و هاوڕێبازانی کە لەلایەن دادگەی ئیستقلالەوە لەسێدارە دران، سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر، ئەوان لە هزری خەڵکدا هەر دەژین. پێویستە کۆتایی بەو هەڵمەت و هەوڵی لەکەدارکردنەی شێخ سەعید و هاوڕیکانی بهێندرێ. هەروەها پێویستە بە فەرمی داوای لێبووردن لە بەرامبەر ئەو کارانە بکرێت کە دەرهەقیان کرا. هەروەها پێویستە شوێنی مەزارەکەی ئاشکرا بکرێ. هەنگاوێکی وەها رۆڵی گەورەی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورکدا دەبێت."
لەبارەی شێخ سەعیدی پیرانەوە
- ساڵی 1865 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە.
- رۆژی 13-02-1925 شۆڕشێکی دژی حكومەتی كۆماریی توركیا دەستپێکرد.
- ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و لەگەڵ دەوڵەت لە پێکداداندا بوو.
- نیسانی 1925، شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب، رەشید ئاغا و 26 شۆرشگێڕی دیکە لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران.
- شێخ سەعید و 47 هاوڕێی هەر لە ئامەد لە سێدارەدران.


