رووداو- ئاژانسەكان
لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەریتانی گەیشتنی بە سەرەداوێک لەبارەی رێگەدان بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی جەنگی عێراق راگەیاند.
بڕیارە ئەو لێژنەیە تۆماری دەنگی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا و جۆرج بۆشی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەخۆبگرێت.
لێکۆڵینەوەکە کە بە "لێکۆڵینەوەکانی چیلکۆت" ناسراوە، لەساڵی 2009 لە سەر خواستی گۆردن براونی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەستی بەکارەکانی کردووە، بەمەبەستی پەندوەرگرتن لەو جەنگەی کە ئەمریکا لە ساڵی 2003 لە دژی عێراق بەرپایکرد و ئەو دەرەنجامانەی جەنگەكە بەدوای خۆیداهێنان.
لێژنەی لێکۆڵینەوە بەوهیوایەبوو کە ئەنجامەکان لە کۆتایی ساڵی 2011 و سەرەتای ساڵی 2012 بڵاوبکاتەوە، بەڵام دوای پێنج ساڵ ئەنجامەکان بڵاونەکرانەوە، ئەمەش بەهۆی دەستنەکەوتنی بەڵگە نهێنییەکان بوو، بەتایبەتیش دەستکەوتنی نامەگۆڕینەوەکانی نێوان بۆش و بلێر.
لێکۆڵینەوەکە بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو سەرۆکەکە و رادەی پاڵپشتی بلێر بۆ بۆش و جەنگی عێراق دەدات، پێشتر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چەندینجار دژایەتی خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە دووپاتکردبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە ئەو لێژنەیە رایگەیاند، پێداچوونەوە بۆ ئەو ماددانە دەکرێت کە لێکۆڵینەوەکە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەوردوو سەرۆک داوایکردووە، دیاریش نییە ئەو پێداچوونەوەیە چەند کات بخایەنێت.
ئەو ماددەیەی کە لێژنەکە بۆ لێکۆڵینەوەکەی داوایکردووە لە "پوختە و وەرگیردراوی" 25 یاداشتی بلێرە بۆ بۆش، هەروەها زیاتر لە 130تۆماری دەنگی پەیوەندییەکانیان پێکهاتووە".



