دوای خوێندنەوەی ئەو بابەتەی بەڕێز رێبوار کەریم ،هەستم بە بێئینسافی زۆر و شێواندنی هەڵوێست و بۆچونەکان کرد، درکیشم بەوە کرد دوبارەکردنەی ناوەرۆکی قسەکانی کەسانی نێو بازنە تەسکەکەی بەڕێز رێبوارە، کە بە (کەسانێک کە دەتوانن رێڕەوی مێژوو بگۆڕن) ناوی بردون. هەستم کرد پێویست ئەکات منیش وەک ئەندامێکی حزبەکەم لەم کاتەدا بێمە دەنگ و راستییەکان زیاتر بخەمە روو و هەڵەکانی نێو بابەتەکە راست بکەمەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو گۆتەیەی نووسەر کە دەڵێت (کەسانێک کە دەتوانن رێڕەوی مێژوو بگۆڕن) .
بە بڕوای من ئەو بابەتە بە بەرنامە و لە ئەنجامی دانشتنێکی دووقۆڵیی یان چەند قۆڵیی نێوان ئەو کەسە بووە کە بە رێڕەو گۆڕی مێژووی ناو دەبات ، زۆر لە مێژیشە پەلەقاژەی پۆست و دەسەڵات ئەکات لەسەر حیسابی ناوزڕاندنی ئەوانەی چاکەیان لەگەڵدا کردوە کەچی ( رێبوار وەلی) ی هێناوەتەسەر ئەو بڕوایەی کە بەمجۆرە هانی سەرۆک بارزانی بدات و هەستی بوروژێنێت (ئیهمالکردنی ریفۆرمیستەکانی ناو یەکێتی کە پەرۆشی پرۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیین و ئەمڕۆ بەبەرچاوی پارتییەوە پەڕوباڵ کراون، ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە ................، ئیهمالکردنی ریفۆرمیستەکانی ناو یەکێتی کە پەرۆشی پرۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیین و ئەمڕۆ بەبەرچاوی پارتییەوە پەڕوباڵ کراون، ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە).
سەیرە ئەمجارەش تیرە ژەهراوییەکە بۆ جەستەی ی.ن.ک هەمان بەیت و بالۆرەی ریفۆرم و چاکسازییە و بەرنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیشی خراوەتە سەر ، بە جۆرێکیش گەورە کراون کە ئەگەر سەرۆک بارزانی ئاوڕیان لێنەداتەوە ئەوا ئاکامەکەی خراپ دەبێت.
تۆ سەیر بکە بڕگەیەک کراوە بە بیانو تا هەم رای گشتیی پێ چەواشە بکرێت، هەم جەنابی سەرۆک بارزانیش لێی ورد بێتەوە و بەدواداچونی بۆ بکات و بکەوێتە هەڵوێستێکەوە.
ناتوانم لە جیاتی سەرۆک مەسعود بارزانی بیربکەمەوە و پێش وەخت بڵێم ئەو دەمێکە هەڵوێستی خۆی یەکلایی کردۆتەوە ،بەڵام بەشێکی زۆری رای گشتیی ئەزانێت کەدروشمی ریفۆرم و عەدالەت و ئەوانە تەنیا بۆ دەستکەوتی سیاسیی و خەڵک کۆکردنەوەیە ،چونکە چارەنوسی ئەو دروشمەیان بینی و بۆیان ساغ بوەوە ئامانج و مەبەست لە بەرزکردنەوەی دروشمی ریفۆرم لەو کات و ساتانەدا بۆچییە .
دیارە خستنە سەری پرۆژەی نەتەوەیی ونیشتمانییش بۆ ئەم کاتە جێی بایەخە کەرەسەیەکی خاوی سیاسیی باشە بۆ جوڵاندنی هەست و نەستی شەقام ،بەڵام خەڵک لەوە شارەزاتر و وریاترن کە ئەم دروشمە بیان جوڵێنێت بە تایبەتیی یەکێتییەکان و بێگومانم جەنابی سەرۆک بارزانیش بە هەمان شێوە.
بۆیە ئەو بازنەیەی کە بەڕێز وەلی ئیهمالکردنیان بە هەڵە و عاقیبەت خراپ ناو دەبات ،ناتوانن لەڕیی ئەم قەوانەوە هاوکێشەکە بەقازانجی خۆیان بشکێننەوە ،سەر قافڵە و عەرابی ئەم فیتنەیە جێی متمانە نییە و زۆر لە مێژە راستگۆیی لە دەستداوە تەنانەت لە نێو ئەوانەیش کە رۆژێک لە رۆژان ئومێدیان پێی بوە.
دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتای بابەتەکە کە دەڵێت (پارتی حەرەکەتێکی گەورەی ریفۆرمخواز و دۆستی خۆی لە پێناوی گرووپێکدا کە دەستیان بەسەر یەکێتیدا گرتووە، ئیهمال کردووە. ئەو گرووپەی کە شەو و رۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەقۆ لە پارتی دەسوون و روانگای سیاسییان بۆ زیندوو بوونەوە و پەلهاوێژیی دژایەتیکردنی پارتی و خودی بارزانییە.) ئەم رستانە دولایەنەیەلە لایەک بۆنی پاڕانەوە و تکاو رجایەیەکی زۆری ئەوکەسەی لێ دێت کە ئیدعای سەرکردایەتیکردنی حەرەکەتێکی ماشائەلڵا زۆر گەورەدەکات تا سەرۆک بارزانی ئاوڕی لێبداتەوە و وا ی نیشان بدات ئەم دەتوانێت لەگەڵ حەرەکەتە زۆر گەورەکەیدا هەمو گرژیی و لێتێنەگەیشتنەکان بسڕێتەوە ،بەڵام پێچەوانەکەی راستە،ئەوانەی لەسەر فەیس بوک و رۆژنامەکانی سێبەر قسەی ناشرین و چەقۆ لەسەر پارتی و شەخسی سەرۆک مەسعود بارزانی دەسون ئەوە یەکێتیەبە ئاگاکان نین ، ئەوانە نین کە هەمیشە وتەکانی سەرۆک مام جەلال پەیڕەو دەکەن بۆ پاراستنی پێکەوە ژیانی حزبەکان لە سەرو هەمویانەوە پ.د.ک و ی.ن.ک ،ئەوە ئەو کەسانەن کە بە هاندان و بە پارە و دەعوەتی سەر سفرەی کەسی مەبەست بەو جۆرە کەوتونەتە وێزەی پارتی و سەرۆک بارزانی کە بەڕێز نوسەری بابەتەکە بۆی دەپاڕێتەوە و کردویەتیە سەرکردەی حەرەکەتێکی گەورەی ریفۆرم و نیشتمانیی و نەتەوەیی.
لێرەدا بروسکە ئاسا هەندێک زانیاریی دەخەمە رو : پشتیوانیکردنی مەسەلەی گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمانی کوردستان کە سەرەتا گۆڕان وروژاندی بەرنامەی ئەو کەسە و چەند پارلەمانتارێکی نزیک ئەوبو ، هەر ئەویش لەو کاتەی پۆستی باڵای حکومەتی هەرێمی بەدەست بو ،میدیاکانی سێبەری هان دەدا ئیدعای بێدەسەڵاتیی (ی.ن.ک) بکەن لە حکومەتدا ، ئەو خاوەن حەرەکە گەورەیەی کە دەبێت کاک مەسعود ئیهمالی نەکات ، جوڵێنەرێکی لیست جیایی بو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (مەرامەکەیش دیار بو چی بو ).
لە 30/6/2013شدا لە کاتی درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانیدا هەر ئەو کەسەی وەک سوپەرمان و رزگارکەری مرۆڤایەتیی ناوی براوە ، هاندەری سەرەکیی دژایەتیکردنی ئەو بڕیارەی پەرلەمان بو لە پاڵ نەیارەکانی (ی.ن.ک)دا.
بەڕێز رێبوار لە زاری ئەو کەسەی زانیاریی شێوا و هەڵەکانی داوەتێ یەک خەتی راست و چەپی هێناوە بەسەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی (ی.ن.ک) لە ئاست مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا و لایەنە گەشەکانی بۆ (حەرەکەتێکی گەورەی ریفۆرمخواز و دۆستی خۆیواتە پارتی ) تۆمار کردوە ،بەڵام ئەو پڕوپاگەندانەی کە نوسەر لە زاری کابرای لەمەڕ خۆیەوە دژی (ی.ن.ک) تۆماریکردون ،یار و نەیار ،دۆست و دوژمن دەزانن کە سەرلەبەری دورن لە راستییەوە پێویستیش ناکات ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەیی و بەرنامەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی یەکێتییەکەم بۆ (حەرەکەتێکی گەورەی ریفۆرمخواز و دۆستی خۆیواتە پارتی ) شەرح بکەم و ئەوان پلەی دەرچون و زۆرباشەمان بدەنێ، تەنیا ئەوەندە دەڵێم ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مام جەلالەکەیەتی کە هەمیشە پەرۆشیی یەکڕیزیی و یەکخستنی ماڵی کوردن .
راگەیاندنی ئاشتبونەوەگشتییەکەی سەرۆک مام جەلال لە نەورۆزی ساڵی 1984 و دەستپێشخەریی بەرەی کوردستانیی و پێکەوە داڕشتنی بەرنامەی راپەڕینی ئازاری 1991و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت لە ساڵی 1992 بە هەمو کەم و کورتییەکانییەوە و دوبارە ئاشتبونەوە و کۆتایی هێنان بە جەنگی براکوژیی و کورد کوژە و یەک هەڵوێستیی و یەک دەنگیی کورد لە ئاست داواکارییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان لە بەغداد و چەسپاندنی چەندین بڕگەو بەندی نێو دەستوری عێراق مشتێکن لە خەرواری سەروەرییەکانی ی.ن.ک و سکرتێیری گشتییەکەی کە بە درێژایی سەرۆکایەتیی کۆماریش بۆ ساتێکیش بواری نەدا یەکریزی کورد بە تایبەتیی پارتی و یەکێتیی درزی تێبکەوێت ،
هەرکاتێک پێویستی کردبێت وەزیر و پارلەمانتارانی یەکێتییش قسەی سەرکردایەتیی کوردستانیان جێبەجێکردوە بێ قەیدو شەرت تەنانەت کە سەرۆک مام جەلالیش لێرە نەبوە کەس جورئەتی نەکردوە لەو یەکڕیزییە لابدات، ئیتر ئەم پروپاگەندەی ژێر بەژێر رێکەوتن بەیت و بالۆرەیەلە کوێوە سەرچاوەی گرتوە . نوسەر و خەمخۆری(حەرەکەتێکی گەورەی ریفۆرمخواز و دۆستی پارتی) بە چ جورئەتێکەوە بەو زانیارییە چەواشەکارانەیەی مەرامێتی ناوبانگی (ی.ن.ک) بزڕێنێت ، وادیارە ئاگادار نییە کە کەرکوک مەسەلەیەکی مەرکەزییە لای یەکێتیی نیشتمانیی و مادەی 58دواتریش 140هەر بە هەوڵی ئەو و پارتی هاوپەیمانی ستراتیژیی چەسپێنرا ،دیارە جێبەجێکردنیشی لە رێی قانونەوە دێتە بەر ،قانونیش وەخت و کاتی دەوێت ئەوتا بەم دواییە دوبارە سەرۆک مەعسوم دوبارە مەسەلەی مادەکەی هێناوەتەوەئارا ، کەسیش زاتی ئەوە ناکات و بۆی نییە هیچ رێککەوتنێک بکات بۆ لەباربردنی ماددەکە بە یەکێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموکراتیشەوە .
نوسەر بە قسە بریقەدار و رەونەقەکان وا تێگەیشتوە ئیتر پاشە رۆژ بۆ (حەرەکەتێکی گەورەی ریفۆرمخواز و دۆستی پارتی) دەبێت ،نەخێر وانییە ،ئەوکەسە یا ئەوانەی دڵی تۆ بەو جوڵانەوە گەورە ناولێنراوە خۆش ئەکەن کە ئیدی یەکێتیی یەکی لاواز و بچوک و پەراوێز خراوی وەک شیوعییەکانی ئەمریکا دەبینیت ، دڵنیا بە لە خشتەت ئەبەن، تۆش بەو نوسینە پارتی بە هەڵەدا ئەبەیت.
جارێ ئەوەی کە هەیە نە حەرەکەیە نە باڵە ،بەڵکو خواستی کەسێکە و بەناوی جەماعەت و کوتلەوە قسە دەکات مەرامیشی تەنیا و تەنیا دەسەڵاتە.
ئەوێک کە بە یەک هەڵبژاردنیش سەرنەکەوتوە بۆ هەڕەمی سەرەوە و پلەکانی حزبیی نەبڕیوە ،ئەوێک بەرلەنەخۆش کەوتنی سەرۆک مام جەلال بێ سڵەمینەوە و گەڕانەوە بۆ سەروو خۆی لەرێ میدیاکانی خۆی و سێبەرەکانی ترەوە و لەرێی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بە هۆی چەند قەڵەم فرۆشێکەوە کەوتە پروپاگەندەی سەیرو سەمەرە بە ناوی سەرۆک مام جەلالیشەوە سەرۆکایەتی کۆماری بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە ،ئەوێک بەبەکارهێنانی گەنجان دژایەتی پارتی دەکرد تا دژی هاوپەیمانیی ستراتیژیی قسە بکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی بکەن و، چەندین ختوکە دانی تر بۆ دورخستنەوەی (پ.د.ک)(ی.ن.ک)لە یەکتر بۆ قازانج و بەرژەوەندیی لایەنێکی تر کە حسابی دوفاقیی ناو حزبی بۆ دەکرێت ،ئەوێک زیاتر لە 150ملیۆن دۆلار بدات بە زانکۆی ئەمریکی بۆ مەرامی وەبەر هێنان نەک خێرخوازیی باسی گەندەڵیش بکات ،ئەوێک لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013دا وەک سەرکردەی ژمارە یەک حزبەکەی بە دۆڕاو ناساند ،(لە کاتێکدا هیچ کام لە لیستەکان 50+1یان نەهێنابو )،
ئەوێک لە کاتی هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی دەنگە سوتاوەکانی لیستی حزبەکەی بیکات بە هەلڵا و بڵێت یەکێتیی تەزویر دەکات ،ئەوێک بە رەسمیی و بەبەرچاوی کامێراکان و لە میدیاکانی خۆیەوە دەست لە کارکێشانەوەی لە پۆستەکەی رابگەیەنێت ،کەچی دواتر بەزۆرە ملێ خۆی بکات بە سەرۆکی وەفدی حزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی کوردستان و نەشهێڵێت لەگەڵ پارتیدا بەهاوبەشیی و وەک یەک تیم بچن لەگەڵ حزبەکانی تردا دانوستان بکەن ، ئەوێک بە رۆژنامەنوس و نوسەرەکانی میدیای سێبەر بڵێت لە دژی یەکێتیی بنوسن ،ئەوێک سوکایەتی بە مێژوی خەباتی پێشمەرگایەتی بکات و سەروەرییەکانی خەبات وەک مۆزەخانە ناوببات پشتیان پێ نەبەستێت، ئەوێک گاڵتە بەژیانی حزبایەتیی و رێکخراوەیی بکات و پشتیوانیی بکات لە بەرەڵایی و تەنیا حزب بۆ هەڵبژاردن بەکار بهێنێت ،ئەوێک راستگۆ نەبێت لە وتەکانیدا و هەر بەموجامەلەی درۆ و قسەی زل خەڵک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و لەخشتەیات ببات ،ئەوێک مەرجەکانی سەرکردەی تیادا نەبێت و تەنیا وتار بێژی سەر شاشە و روپەری رۆژنامەکان بێت هەر واعیز و ئامۆژگاریکار بێت ،
ئەوێک مەرامی بێت و پیلان بگێڕێت بۆ سڕینەوەی مێژوی سەرۆک مام جەلال و خانەوادە خەباتگێڕەکەی و ئاماژە بکات بۆ کۆتایی هاتنی سەردەم و قۆناغی مام جەلال و بەناوی خوازراو و بە راپۆرتی درۆ و دروستکراو لەم تەلەفزیۆن و ئەو تەلەفزیۆنەوە پڕوپاگەندە لەسەر سیحەتی سەرۆک مام جەلال بڵاو بکاتەوە و تانە و پلار بگرێتە هێرۆخانی (ئەگەر نەڵێن دەستەی دامەزرێنەر) پێشمەرگەی سەرەتایی و دێرین و پشت وپەنای هەزاران ئەندام بەو کەسەشەوە کە نوسەر بە رزگار کەری ناو دەبات ،ئەوێک نوقڵانەی کۆتایی یەکجارەکی (ی.ن.ک )و سڕینەوەی لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە و دۆڕاندنی ئابڕو بەرانەی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی 30نیسانی 2014 لێبدات،
ئەوێک کە بەهۆی کێشەی شەخسی رەواجی دەدا بە دژایەتی کردنی مالکی و ئەگەر بیکردایەتە برا بەشی خۆی ئەوا لەمێژ بو ژێربەژێر حزبەکەی دەخستە داوی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە .ئیدی بە چ پێودانگێک دەبێتە فریاد رەس و خاوەن پرۆژەی نیشتمانیی و نەتەوەیی و چۆن دەبێتە فریاد رەسی حزبێکی پان وبەرین و خاوەن مێژوی کۆن و ئێستاو ئایندەش، ئەو کە لە حزبدا پێگەیەکی مێژویی نەبێت ، لە ناو جەماوەریشدا ئەو کەس و کارێزمایە نەبێت ، لە ژیانی سیاسیشدا یەک جار بچێتە هەڵبژاردنەوە و دەریشنەچێت ،دیارە چارەنوسی لە حزبیشدا ئەگەر خراپتر نەبێت لەوە باشترنابێت، ئەی کەواتە بە چ بنەمایەک دەبێتە خاوەنی ئەو حەرەکە گەورەیەی رێبوار کەریم ئامۆژگاریی سەرۆک بارزانی دەکات کە پشتی پێ بەستێت.
دەبوایە نوسەر زۆر وردتر بوایە، بۆ کەسێکی وەک ناوبراو خۆی نەخستایەتە ئەو گێژاو و هەڵە گەورەیەوە ولە خۆی بپرسیایە ، حەرەکە گەورە ناولێنراوەکەی لەمەڕخۆی بە خاوەنی کامە چاکسازیی و پرۆژەی نیشتمانیی و نەتەوەییە ؟!کە بە پشتیوانیی و کۆمەکی تورکیا و ئەمریکا و باڵیۆزانی ئەم وڵات و ئەو وڵات خۆی هەڵبکێشێت و حزبەکەی بترسێنێت !!.



