رووداو - سۆران
خەونی رێبەند ئەوە بوو دابمەزرێ و دوای ئەوە ژن بهێنێ، بەڵام لە شەڕی نێوان چەند پۆلیسێكی هاتوچۆ و گەنجێكدا لەسەر بابەتێكی زۆر سادە كوژرا و خەونەكانی لەگەڵ خۆی بردە نێو گۆڕ.
رێبەند ئەسكەندەر، دانیشتووی شارەدێی مەجیداوەی سەر بە قەزای سۆران كە رۆژانە بە مەبەستی كاركردن دەهاتە سەنتەری قەزای سۆران، بووە قوربانیی شەڕێك كە هیچ پەیوەندی بەوەوە نەبوو.
رۆژی 24/6/2015 چەند پۆلیسێكی هاتوچۆ لە كابینەیەكی خۆیاندا لە چوارڕیانی كاوە لە سۆران، بەردەم كابینەكەیان دەڕشێنن و چەند پروشكە ئاوێك بەر ئۆتۆمبێلی گەنجێك دەكەوێت و ئەویش تووڕە دەبێت، بەو هۆیەوە دەمەقاڵی لە نێوان پۆلیسەكان و گەنجەكە روودەدات، دەمەقاڵێیەكە سەردەكێشێ بۆ شەڕە تەقە. رێبەند كە لە كاتی شەڕەكەدا بەوێدا تێپەڕیوە، گوللەیەكی بەردەكەوێ و دەستبەجێ گیانی دەردەچێ.
رێبەند ئەسكەندەر، دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی سۆران بوو. غازی سەبری كە ئامۆزای رێبەندە دەڵێت "رێبەند چاوەڕێی دەكرد دابمەزرێ و ببێ بە مامۆستا، بەڵام غروری كەسانێك كە خۆیان لە هەموو شت بە گەورەتر دەبینن و هەموو شتێكیان بووەتە چەك هەڵگرتن، نەیانهێشت بە ئاواتەكەی بگات".
غازی سەبری باسی رووداوەكە دەكات و دەڵێت "رێبەند شوفێری بەڕادی كۆمپانیایەك بوو كە بەرهەمی شیرەمەنی وەكو ماست و خامە و دۆ و ئەم شتانەی دابەشی سەر بریكارەكانی كۆمپانیاكە دەكرد. ئەو رۆژە كاتێ دەگاتە ئەو شوێنە دیارە دەمەقاڵی لە نێوان شۆفێرێك و پۆلیسەكانی ئەو كابینەیە دروست بووە، تەنیا لەبەر ئەوەی چەند پشكە قوڕاوێك بەر ئۆتۆمبێلەكەی كەوتبوو، شۆفێرەكە لەگەڵ پۆلیسەكانی ئەو كابینەیە بەشەڕ هاتبوو، بە دەمانچە تەقەی لە پۆلیسەكان كردبوو، لە ئەنجامدا یەكێك لە گوللەكان بەر سەری رێبەند كەوتووە".
غازی گلەیی لە لایەنی پەیوەندیدار هەیە كە تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە دیاردەی چەكهەڵگرتن كۆنتڕۆڵ بكەن و بەو هۆیەشەوە تاوەكو ئێستا چەندین كەسی وەكو رێبەند بوونەتە قوربانی.
داواكاریی بنەماڵەی رێبەند هەروەكو غازی ئاماژەی بۆ دەكات بە سزا گەیاندنی بكوژی رێبەندە "كەسێك بەبێ هیچ هۆكارێك كەسێكی بێ تاوان بكوژێت، دەبێ بكوژرێتەوە. هەروەكو چۆن ئەو جەرگ دایك و باوكی ئەو كوڕەی رەشكرد، دەبێ ئاواش جەرگی دایك و باوكی ئەویش رەش ببێت، بۆیە جگە لە كوشتنەوەی بە هیچ بڕیارێكی دیكە رازی نین".
وەك غازی باسیكرد، خەونی رێبەند ئەوە بوو كە دابمەزرێت و ببێتە مامۆستا، دواتریش ژن بهێنێ، بەڵام خەونەكانی جوانەمەرگ بوون.
لەبارەی رووداوەكە، نەقیب محەممەد عەلی، بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە (رووداو)ی راگەیاند "شۆفێرێك بە ناوی (ز.م) لەگەڵ پۆلیسەكانی چوارڕیانی شەقامی كاوە دەبێتە دەمەقاڵێیان، دواتر (ز) پەنا بۆ چەك دەبات كە لە جۆری دەمانچە بووە و تەقە لە پۆلیسەكان دەكات. بەو هۆیەشەوە پۆلیسێك بە ناوی (س.ع) بریندار دەبێ، هەروەها گەنجێكیش گوللەیەكی بەركەوتووە و گیانی لەدەستداوە".
سەبارەت بە چارەنووسی تۆمەتبارەكە، نەقیب محەممەد عەلی گوتی "هەر دوای رووداوەكە تۆمەتبارەكە خۆی رادەستی دەزگا ئەمنییەكان كرد و ئێستا لەلای پۆلیس دەستبەسەرە".
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس بە بیانووی ئەوەی لێكوڵینەوەكان بەردەوامن لەو رووداوە، ئاماژەی بە هۆكاری دروستبوونی ئەو شەڕەی نێوان شۆفێرەكە و پۆلیسەكان نەكرد و تەنیا گوتی لێكوڵینەوە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە راستییەكان.




.png&w=3840&q=75)