رووداو- زاخۆ
هەفتەی رابردوو خێزانێک کە خەڵکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان بوون، لەكاتێكدا دەیانویست لەڕێگەی تورکیاوە بچنە یۆنان و لەوێشەوە بچنە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا، لە دەریای ئیجەدا خنکان.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە خیزانەکە 5 کەس بوونە و لە دایک و باوک، دوو منداڵ و زاوایەکیان پێكهاتبوون.
سەرچاوەكە گوتیشی " باوکەکە بەناوی ئەحمەد محەممەد تەمەن 48 ساڵ بووە، هاوژینەکەشی شەهناز عومەر تەمەنی 40 ساڵ بووە، هەروەها منداڵەکانیشیان یەکێکیان ناوی نوژدار ئەحمەد تەمەن 5 ساڵ و ئەوی دیکەشیان نوور ئەحمەد تەمەن 7 ساڵ بووە، زاواکەشیان هەڤاڵ جومعە تەمەنی 25 ساڵ بووە خێزاندابووە و دوو منداڵی لەدوا جێماون".
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 3-10-2015 ، تەرمی ئەو پێنج کەسە بگەنەوە باشووری کوردستان و لەوێشەوە بنێردرێنەوە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان.
هەر ئەمڕۆ تەمری چوار كۆچبەری گەنجی گەرمیانی باشووری كوردستان بەناوەكانی "ئازاد رەحیم تەمەن 25 ساڵ، ئیبراهیم محەممەد 22 ساڵ، ئاسۆ ساڵح 24 ساڵ و محەممەد ساڵح قادر 19 ساڵ" كە لەنێو كامیۆنێكدا لە نەمسا خنكابوون، گەیشتنەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
