رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرێکی سیاسیی کوردی خەڵکی تکاب، لە تورکیا دەستبەسەرکراوە و مەترسیی ئەوە هەیە لە رێگەی وشکانییەوە رادەستی ئێران بکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2026، ئەژین حوسێنی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەیهان جەوانمەردی ( ناسراو بە لاوان)، پەنابەری سیاسیی خەڵکی شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێ، کە بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ لە هەرێمی کوردستان چالاکی سیاسیی هەبووە، سێ مانگە لە تورکیا دەستبەسەرکراوە و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لە سەرە."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانەی مافی مرۆڤ، کەیهان جەوانمەردی، دوای ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی هەڕەشەی لێکراوە، هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان دەستبەسەرکراوە؛ سەرەتا بۆ کەمپی ئەدیرنە و پاشان بۆ کەمپی پەهلەوان کووی گواستراوەتەوە.
ئەژین حوسێنی دەشڵێت: کەیهان جەوانمەردی پارێزەری هەیە و لە رێگەی پارێزەرەکەی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە رێگری بکەن لە رادەستکردنەوەی بۆ ئێران بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.
ئەژین حوسێنی هۆشداری لە دۆخی کەمپەکانی تورکیا دەدات بەتایبەت کەمپی پەهلەوان کووی، بە "زۆر خراپ" وەسف کرد کە گوشارێکی زۆر لە پەنابەران دەکەن بۆ ئەوەی بە ناچار واژۆ لەسەر گەڕانەوەی خۆبەخشانە بکەن.
ئەو چالاکڤانەی مافی مرۆڤ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی پەنابەران کرد، هەرچی زووە هەڵوێست بنوێنن و رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی تاهیرە رەحیمی زادە بۆ ئێران بکەن.




