رووداو - سۆران
ته‌نیا له یه‌ك ههفتەدا، 6 حاڵه‌تی پێوه‌دانی دوپشک له به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی سۆران تۆمار كراون، كه زۆربه‌یان منداڵ بوون، 3 له‌و منداڵانه‌ش به‌هۆی خراپبوونی ره‌وشی ته‌ندروستییان و نه‌بوونی ده‌رزی دژه ژه‌هر له نه‌خۆشخانه‌كانی سۆرانەوە، بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر گوازراونەتەوە. به‌شێك له هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ری سۆران گله‌یی له‌وه ده‌كه‌ن، کە چۆن دەبێت له وه‌رزێكی وا دا كه به وه‌رزی هێرشی مار و دووپشك ناسراوه بۆ سه‌ر هاووڵاتییان، چۆن ده‌بێ نه‌خۆشخانه‌كان چاره‌سه‌ری ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه‌یان لەلا نه‌بێ و لێره‌وه کەسانی تووش بوو بۆ نێوەندی شارە گەورەکان بگوێزرێنەوە!.
كوڕه ته‌مه‌ن 2 ساڵییه‌كه‌ی گه‌یلان سلێمان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا و له كاتی یاریكردندا دووپشك پێیەوە دەدات. گه‌یلان دانیشتووی یه‌كێك له گەڕەكه‌كانی شاری رواندزه، بۆ رووداو باسی له‌وه كرد كه كوڕه‌كه‌ی سه‌ره‌ڕای بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی، كه‌چی چارەسەری پێویستی نەخۆشییەکە له نه‌خۆشخانه‌كانی سۆران بوونی نەبووە و دواتریش به‌هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پێویست له نه‌خۆشخانه‌كاندا كوڕه‌كه‌یان گواستووەتەوە بۆ هه‌ولێر.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی دەڵێت: "مەترسیی پێوەدانی مار لەوەدایە زیاتر لە ناوچە گوندنشین و هەژارنشین و دواكەوتووەكاندا هەیە. ئەو شوێنانەش هەم كەمتر نێوەندی پێشكەوتووی پزیشكیی و تەندروستی و دەرمانی دژە ژەهریان لێیە". وا دیارە دەڤەری رەواندوز و سۆرانیش دەچنە چوارچێوەی ئەو ئەو ناوچانەی رێکخراوەکە باسی دەکات، چونکە لەوێش سەرەڕای بەربڵاویی پێوەدانی مار و دووپشک، دەرمانی دژە ژەهر دەستناکەوێ.
گەیلان بەمشێوەیە چیرۆکی کوڕەکەی دەگێڕێتەوە: "كاژێر 4 ی ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی، محه‌ممه‌د كوره بچووكه‌كه‌م كه ته‌مه‌نی به‌ره‌و دوو ساڵی ده‌چێ له‌به‌رده‌م ماڵەوە خه‌ریكی یاریكردن بوو، دوپشك پێیەوهدا و راسته‌وخۆ گه‌یاندمانه نه‌خۆشخانه‌ی رەواندز، له‌وێ تەنیا چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی بۆ كرا، دوای ماوه‌یه‌ك ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو، بۆیه ئه‌وان گوتیان بیگه‌ینه نه‌خۆشخانه‌ی لەدایکبوونی سۆران، له‌وێش زیاتر له یه‌ك كاژێر رایانگرت، بەبێ ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌ریه‌كی پێ بده‌ن و ئه‌وانیش ره‌وانه‌ی به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتییان كرد و له‌وێش كوره‌كه‌م ماوه‌ی 2 كاژێر هێڵدرایه‌وه، ئه‌و كات وتیان بیبەن بۆ هه‌ولێر، چونکە هیچمان پێ ناكرێ".
بەپێی داتای رێكخراوی تەندروستی جیهانیی، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی ئەوكەسانەی ساڵانە ماری ژەهرین پێیانەوە دەدات لە ملیۆنێك زیاترە و ئەوانەش كە بە هەمان هۆكار دەمرن لە سەد هەزار نزیكە.
ژەهری مار بەپێی جۆری مارەكە دەگۆڕێت و بە رێوشوێنی جیاواز زیان لە بەرامبەرەكەی دەدات. بەپێی ماڵپەڕی رێپتایڵ مەگەزین ژەهرەكان هەندێكیان خوێن شیدەكەنەوە، هەندێكیان دەمارەكان ئیفلیج دەكەن، هەندێكجاریش راستەوخۆ دڵ دەوەستێنن یاخود پرۆسەی هەناسەدان لەكاردەخەن.
دەرمانی دژە ژەهر، بریتییە لە ماددەی لەكارخەری ئەو ژەهرانە. بۆیە دەبێت بەپێی جۆری ژەهری مارەكە دژە ژەهری تایبەتیی پێبدرێت و لە زووترین كاتیش‌دا بدرێت بە نەخۆشەكە، بەرلەوەی ژەهرەكە كاری خۆی بكات و ژیانی كەسەكە بخاتە مەترسییەوە.
بەپێی بەدواداچونێکی پێشووتری تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان ، تەنانەت بەغداش توانای دروستکردنی دەرمانی دژە ژەهریان نییە.
د.رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەبارەی نەمانی ماوە ماوەی دەرمانی دژە ژەهر لە ناخۆشخانەکانی کوردستان دەڵێت " دژەژەهر دەرمانێكی سادە نییە و تەنیا وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی هاوردەی دەكات و بەسەر سەرجەم ناوچەكانی عێراقدا دابەشی دەكات، بۆیە هەبوون و نەبوونی زۆرتر دەكەوێتە ئەستۆی بەغدا".
وەک گەیلان باسیدەکات "كاژێر 20 : 11 ی شه‌و گه‌یشتمه نه‌خۆشخانه‌ی راپه‌رین له‌شاری هه‌ولێر، به‌داخه‌وه ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش ده‌رزی دژه ژه‌هری نه‌بوو، زیاتر له 7 كاژێر ئه‌و ژه‌هره له‌نێو جه‌سته‌ی كوره‌كه‌م هاتوچۆی ده‌كرد و ئازاری زۆری ده‌دا، كه‌چی به چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی ده‌رزیه‌كی دژه ژه‌هریان نه‌بوو تاكو لهكورهكهم بده‌ن و ئه‌و ئازاره‌ی نه‌هێڵن و ژیانی له‌مردن رزگار بكه‌ن".
ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و باوكه‌ی نیگه‌رانكردووه، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ چه‌ندین نه‌خۆشخانه هه‌یه له‌هه‌ولێر، كه‌چی هیچ كام له‌و نه‌خۆشخانانه‌ی په‌یوه‌ندی پێوه كردوون به بیانووی نه‌بوونی قه‌روێله‌ی به‌تال، ئاماده نه‌بوونه كوره‌كه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌دا بیخه‌وێنن، بۆیه به ناچاری و له‌پێناو باشتر بوونی ته‌ندروستی منداڵه‌كه‌ی و نه‌هێشتنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی، روو ده‌كاته نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌هه‌ولێر و به پاره‌یه‌كی زۆر ئێستا له‌ژێر چاودێری پزیشكه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه دایه و ته‌ندروستی به‌ره‌و باشی ده‌چێ !
ئه‌و له رێگای رووداو داواكاره كه حكومه‌تی كوردستان خه‌مێكی جددی له نەخۆشخانەکانی هەولێر بخوات ،ئەو به نیگه‌رانییه‌وه دوا قسه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێ"من توانیم منداڵه‌كه‌ی خۆم به پاره له مردن رزگار بكه‌م، ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌م درامه‌ت و هه‌ژاران، گه‌ر خوانه‌خواسته منداڵێكیان تووشی پێوه‌دانی دوپشك و مار بهێت، له‌و بارودۆخه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بێ به دیار گیان ده‌رچوونی منداڵه‌كه‌یان له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا دابنیشن و چاوه‌رێ رووحمی خودا بن !".
دكتۆر كاروان جه‌مال به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له سۆران باس له‌وه ده‌كات كه كێشه‌ی نه‌بوونی ئه‌و ده‌رمانه‌یان هه‌یه و ده‌ڵێ"كێشه‌ی نه‌بوونی ئه‌و ده‌رمانه‌مان هه‌یه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی كه‌م و دیاركراو له‌و ده‌رمانه‌یه ده‌گاته ده‌ستمان، هه‌ندێ جار به‌هۆی نه‌بوونی حالهتهكانهوه ده‌رمانه‌كه سه‌رف نابێ و ده‌مێنێته‌وه، جاری واش هه‌یه له یه‌ك رۆژ 6 حاله‌تی وات بۆ دروست ده‌بێ و به‌ناچاری ده‌بێ به‌كاریان بهێنی".
به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له سۆران داواكاره كه رێژه‌یه‌كی باشتر له‌و ده‌رمانه‌یه بۆ ده‌ڤه‌ری سۆران دابین بكرێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سروشتی ده‌ڤه‌ری سۆران ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه و له‌م وه‌رزه‌دا بوونی ئه‌و حاله‌تانه زۆر ده‌بێ.
به پێی ئامارێكیش كه له‌به‌شی فریاكه‌وتن له‌نه‌خۆشخانه‌ی سۆران تایبه‌ت دراوه‌ته رووداو، ته‌نها له ماوه‌ی 7 رۆژدا 6 حاله‌تی پێوه‌دانی مارو دوپشك تۆمار كراوه كه زۆربه‌یان منداڵن.



.png&w=3840&q=75)