رووداو- سۆران
كارۆخ ناچار بوو لە گیرفانی خۆی بەنزین بكاتە ئەمبولانسێكی نەخۆشخانەی سۆرانەوە، تاوەكو برا زامدارەكەی بۆ بگەیەنێتە نەخۆشخانەیەك لە هەولێر، چونكە لە سۆران تەنیا توانرا چارەسەری سەرەتایی بۆ بكرێ.
ماوەیەكە دانیشتووانی سۆران تەواو گرفتار بوون بە دەست ئەمبوڵانسەكانی نەخۆشخانەوە، چونكە هەندێك لە شوفێری ئەو ئەمبوڵانسانە بە بیانووی جۆراوجۆر، لەوانەش نەبوونی بەنزین و ماندووێتی، ئامادەنین لە هەموو كاتێكدا نەخۆش بگوازنەوە بۆ شارەكانی دیكە.
كاروان خدر بایز،31 ساڵ، كە بە تەور خەریكی وردكردنی دار بوو بۆ ماڵەوەیان، لە ناكاو لەدەستی دەردەچێ و بەر قاچی دەكەوێت، بەو هۆیەوە برینێكی قووڵ لە قاچی دروست دەبێ.
كارۆخ كە برای كاروانە، باسی ئەو رۆژە دەكات كە چۆن گرفتار بوون بە دەست نەخۆشخانەكانی دەڤەرەكە و دەڵێت "سەرەتا بردمانە نەخۆشخانەی رواندز، لەوێ تەنیا برینەكەیان خاوێن كردەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران كرا، لەوێش 20 خولەك چاوەڕێمان كرد، تاوەكو پزیشك هات. پزیشكەكە كە برینەكەی بینی گوتی ئەوە لێرە چارەسەر ناكرێت و یەكسەر بیبەن بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر".
تا ئێرە هەموو كارەكان ئاسایی دەرۆیشتن، بەڵام كاتێك قسە دێتە سەر رەوانەكردنی نەخۆشەكە بە ئەمبوڵانس بۆ هەولێر، ئیدی كێشەكە دەست پێدەكات.
كارۆخ دەڵێت "كاتێك داوای ئەمبوڵانسمان كرد، كارمەندەكان گوتیان تەنیا دوو ئەمبوڵانسمان هەن، ئەوانیش وا لە رێگان و دەگەڕێنەوە سۆران، بۆیە ناچاربووین چاوەڕێیان بكەین".
دوای پتر لە نیو كاژێر چاوەڕوانی، ئەمبوڵانسەكان دەگەنەوە نەخۆشخانە. بەڵام شوفێرەكان بیانوو دەهێننەوە بۆ ئەوەی نەخۆشەكە نەگەیەننە هەولێر.
كارۆخ دەڵێت "كاتێك بە شۆفێرەكانمان گوت ئیحالەكردنی بریندارمان هەیە، هەر یەكەیان قسەیەكی دەكرد، جارێك دەیانگوت بەنزینمان نییە، جارێك دەیانگوت ماندووین و تاقەتمان نییە دووبارە بچینەوە هەولێر".
كارۆخ ترسی لەوە هەبوو كە براكەی لەوە زیاتر بمێنێتەوە و خوێنی زۆرتری لەبەر بڕوات و شتێكی لێبێت، بۆیە بە شوفێرەكان دەڵێ كە ئامادەیە لەسەر گیرفانی خۆی بەنزین بكڕێت، بەس براكەی بۆ بگەیەننە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر.
كارۆخ دەڵێت پەیوەندی بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەوە كردووە و مەسەلەكەی تێگەیاندووە، ئەویش پێیگوتووە كە هەر ئێستا فەرمان بە شوفێرەكان دەكات بریندارەكە بگەیەننە هەولێر. كارۆخ لەسەر قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ماوەیەك چاوەڕێ دەكات، بەڵام بێسوود دەبێ، كاتێكیش پەیوەندی بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەوە دەكاتەوە، وەڵامی ناداتەوە.
كارۆخ دەڵێت زیاتر لە دوو كاژێر لە نەخۆشخانە بەدیار براكەیەوە دانیشتوون، جارێكی دیكە دەچێتەوە لای شوفێرەكان، ئەمجارە یەكێكیان دڵی نەرم دەبێت و بەڵێنیان پێدەدات كە كاروان بگەیەنێتە هەولێر، بەڵام كارۆخ دەڵێت "هەر لە نەخۆشخانە هاتینە دەرەوە، ئەمبوڵانسەكە بەنزینی لێ بڕا، ناچار لەسەر حیسابی خۆم پێنج لیتر بەنزینم بۆ كڕی، تاوەكو گەیشتینە بەنزینخانە".
بە گوتەی كارۆخ، ئەوان تاكە خێزان نین لە سۆران بەو شێوەیە نەخۆشەكانیان دەگەیەننە نەخۆشخانەكانی هەولێر، بەڵكو چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە لە نەخۆشخانەكانی دەڤەری سۆران روویداوە.
دكتۆر كاروان جەمال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران رەتیكردەوە كە شوفێری ئەمبوڵانسەكان كەمتەرخەم بن لە گەیاندنی نەخۆش بۆ شوێنی مەبەست، بەڵام نایشارێتەوە زۆرجار كێشەی نەبوونی بەنزینیان بۆ دروست دەبێ و دەڵێت "بە شوفێری ئەمبوڵانسەكانم گوتووە هەر كاتێك لە هەولێر گەڕانەوە ئۆتۆمبێلەكانیان پڕ لە بەنزین بكەن، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە كێشەیان بۆ دروست نەبێ". گوتیشی "ئەوان زۆرجار دەڵێن پارەمان نییە بەنزین لە ئەمبوڵانسەكان بكەین، بەڵام دڵنیام راست ناكەن".
دكتۆر كاروان دەڵێت، پێشتر حاڵەتێكی وا هەبووە كە شوفێر كەمتەرخەم بووە لە گەیاندنی نەخۆش بە شوێنی مەبەست، بۆیە داوای لە هاووڵاتیانی دەڤەری سۆران كرد هەر كاتێك بینییان شوفێرێكی ئەمبوڵانس كەمتەرخەمی دەكات، با لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن.



.png&w=3840&q=75)