رووداو- رواندز
ئەو رۆژەی پارتی رێ لە سەرۆكی پەرلەمان دەگرێ بچێتە هەولێر، بۆ شەوەكەی چەند گەنجێك لە دەرگای ماڵی مام قادر دەدەن و ئاگاداری دەكەنەوە كە رەوشەكە زۆر خراپ تێكچووە، ئەوەی یەكێتی یان گۆڕان بێت دەردەكرێ، بۆیە هەرچی چەك و تەقەمەنیت هەیە بیشارەوە، بێ ئاگا لەوەی كە ئەوە تەڵەیەكە بۆی دانراوەتەوە و ئەو كەسانە چاویان بڕیوەتە چەكەكەی.
ئیدیۆمێكی كوردی هەیە دەڵێت "شەڕ لە بادینانە، تۆز لە دەرگای ئێمە". بەڵام تۆزی كێشەكەی پردێ، گەیشتە بەر دەرگای ماڵی مام قادر لە رواندز.
قادر مستەفا كا مەلا، 72 ساڵ، دانیشتووی گوندی بنمێردەی سەر بە قەزای رواندزە. پێشمەرگەی دێرینی یەكێتییە و بە پلەی نەقیب خانەنشین كراوە.
مام قادر زەرەرمەندی ئەو رەوشە سیاسیەیە كە كوردستان تێیكەوتووە، ئەو بەهۆی ململانێی پارتی و گۆڕانەوە ئاربیجییەك و كلاشینكۆفێك و دەمانچەیەكی لێ دزرا.
مام قادر بەسەرهاتی خۆی لەگەڵ دزەكان دەگێڕێتەوە و دەڵێ "شەو گەنجێك لە دەرگای دا و گوتی مام قادر بارودۆخەكە زۆر خراپە و پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتیی نێوانیان تێكچووە، هەرچی یەكێتی و گۆڕانە دەبێ ئێرە بەجێبێڵن و بچنە سنووری یەكێتی، بۆیە هەرچی چەك و تەقەمەنیت هەیە بیشارەوە بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستی پارتی".
بەهۆی ئەوەی كارەبا نەبووە، مام قادر روخساری گەنجەكەی نەبینیوە، بۆیە نازانێت كێیە، بەڵام دەڵێت بە جۆرێك قسەی دەكرد كە بەڕاستێتی و لە خەمی مندایە.
بە گوتەی مام قادر، ئەو گەنجە بە تەنیا نەبووە و كەسێكی دیكە لە نزیك مزگەوتی گوند چاوەڕێی كردووە.
مام قادر لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی دێرینە و بە قسەی خۆیشی بەهۆی ئەوەی كوردستان بەردەوام هەڕەشەی دوژمنانی لەسەرە، چەكێكی كلاشینكۆف و دەمانچەیەك و ئاربیجییەكی لەماڵەوە هەڵگرتووە.
دوای كەمێك بیركردنەوە، بە قسەی گەنجەكە باوەڕ دەكات، چەكەكانی لە دەوروبەری ماڵەكەی دەشارێتەوە، بەڵام ئەو گەنجانەی كە مام قادر وایدەزانی دۆستی ئەون و بەرژەوەندیی ئەویان دەوێ، چاودێریی مام قادر دەكەن، دوای ئەوەی چەكەكانی دەشارێتەوە، ئەوان هەر لە دوای ئەو چەكەكان دەردێنن و دەیبەن.
بەیانی كاتێك مام قادر لە خەو هەڵدەستێ، دەچێتە ئەو شوێنەی چەكەكانی لێ شاردبووەوە، بەڵام تووشی شۆك دەبێ كاتێك دەبینێ شوێنەكە هەڵدراوەتەوە و چەكەكانیان بردوون، ئینجا تێدەگات كە ئەو گەنجانە فێڵیان لێكردووە و چاویان لە چەكەكانی ئەو بووە.
مام قادر بە نیگەرانییەوە گوتی "من كە شەڕی تانك و تۆپ و تەیارەم كردبێ، ئەگەر بمزانیبایە ئەو گەنجانە مەبەستێكی وایان هەیە، هەرگیز رێگام نەدەدان بە سەلامەتی لێرە بڕۆن".
هەر كاتێك باسی داستانەكانی پێشمەرگە لەدۆڵی ئاكۆیان دژ بە سوپای پێشووی عێراق دەكرێ، ناوی مام قادر دەهێنرێ. دەگێڕنەوە مام قادر لە شەڕێكدا هەردوو قاچ و دەستێكی بریندار دەبێ، بەڵام سەنگەر چۆڵ ناكات و ئێستاش شوێنەوارەكانی برینی شەڕ لەسەر جەستەی ماون.
دوای رووداوەكە، مام قادر پۆلیس و ئاسایشی ناوچەكە ئاگادار دەكاتەوە و لە دادگاش سكاڵا تۆمار دەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا دزەكان نەدۆزراونەتەوە.
ئەو ئێستا لەماڵەكەیدا تەنیا ساچمەیەكی راوكردنی ماوە و دەڵێت ئەگەر تا ماوەیەكی دیكە چەكەكانی نەدۆزرێنەوە، ناچارە چەكی دیكە بكڕێ، مام قادر گوتی "من هەموو ژیانم لەگەڵ چەك بووە و زۆرجار چەك منی رزگار كردووە، بۆیە ناكرێ لەماڵەكەمدا چەك نەبێ".



.png&w=3840&q=75)