مەهدی محەممەد رواندزی
رووداو- سۆران
پێشمەرگەیەك لەكاتی كاركردن لەسەر خانوویەك لە ئەسكەلە بەردەبێتەوە و تووشی خوێنبەربوونی مێشك دەبێت، بەڵام كەسوكارەكەی دەڵێن بەهۆی كەمتەرخەمیی پزیشكەكان كە درەنگ رەوانەیان كردووە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر، لە رێگە گیانی دەرچووە، بۆیە بەنیازن سكاڵا تۆمار بكەن.
زاهیر محەممەد، تەمەن 30 ساڵ، ئەو كاتانەی لە دەوامی پێشمەرگایەتی دەگەڕایەوە كرێكاری دەكرد، سەرلەبەیانی رۆژی 24/11/2015 لە كاتی لەبغكردنی خانوویەك لەسەر ئەسكەلە دەكەوێتە خوارەوە و لە رێگەی گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر، دەمرێ. بەڵام كەسوكارەكەی، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران و نەخۆشخانەی ئاشتی بە كەمتەرخەم دەزانن لەو رووداوەدا.
سەیفەدین كە برا گەورەی زاهیرە بە (رووداو)ی گوت "كاتێك لە نەخۆشخانەی فریاكەوتن پشكنین بۆ براكەم كرا گوتیان هیچ عەیبی نییە و دەتوانن بیبەنەوە ماڵەوە، باشە ئەگەر براكەی من هیچ عەیبێكی نەبوو، بۆچی مرد؟".
وەك سەیفەدین دەڵێت سەرەتا یەكێك لە پزیشكەكان گوتوویەتی زوو بیبەن بۆ هەولێر، بەڵام دوای سێ كاژێر ئینجا بەڕێیان كردووە بۆ هەولێر. سەیفەدین گوتی "لەتیشكدا دەركەوتبوو كە یەكێك لە پەراسووەكانی پشتی شكاوە، هەروەها سەریشی ئازاری پێگەیشتووە، بەڵام پێیانگوتین تووشی خوێنبەربوونی مێشك بووە". سەیفەدین هۆكاری دیارینەكردنی حاڵەتەكان لە نەخۆشدا بۆ نەشارەزایی و نەبوونی دكتۆری پسپۆڕ لە بوارەكانی مێشك لە نەخۆشخانەكانی سۆران دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "ئەگەر زوو حاڵەتی خوێنبەربوونەكە دیاریكرابایە دەتوانرا كۆنترۆڵ بكرێت".
سەیفەدین دەڵێت كە جگە لەوەی براكەی درەنگ رەوانەی نەخۆشخانە كراوە، لە هەمانكاتدا ئەو ئەمبوڵانسەی زاهیری دەگواستەوە، ئۆكسجینەكەی ناوی كێشەی هەبووە و لە رێگادا چوار جار لایداوە بۆ نەخۆشخانەكانی خەلیفان و هەریر و شەقڵاوە.
سەیفەدین گوتی "لەرێگا زۆر دواكەوتین و سات بە ساتیش رەوشی تەندروستیی زاهیر خراپتر دەبوو، كاتێك بە كاكی شۆفێرمان دەگوت كەمێك خێراتر بڕۆ، دەیگوت ملیۆنێك دینار قەرزدارم، لە كامێرای هاتوچۆ نادەم".
بەڵام دكتۆر كاروان جەمال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە خراوەتە پاڵ ئەوان بەوەی كەمتەرخەم بووبن بەرامبەر رزگاركردنی گیانی ئەو پێشمەرگەیە.
ناوبراو گوتی "كەسوكاری زاهیر، سكاڵایان لەلای وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری هەولێر كردووەو دەزگاكانی راگەیاندنیان تێگەیاندووە، ئێستا لیژنەیەك هەیە با لەڕووی زانستییەوە بەدواداچوونی خۆی بكات، ئەگەر ئەو قسانەی ئەوان سەلمێنرا، ئێمە بۆ هەموو ئیجرائاتێك ئامادەین".
دكتۆر كاروان گوتیشی "زاهیر بەهۆی خوێنبەربوونی مێشكەوە گیانی دەرچووە، نەك بەهۆی نەبوونی ئۆكسجینەوە، ئەو دكتۆرەی كە لەگەڵ نەخۆشەكە رەوانە كراوە بۆ هەولێر، ڤیدیۆی هەیە كاتێك لە خەلیفان دەردەچن، زاهیر بەهۆی خوێنبەربوونەوە مێشكی لەكاركەوتووە، لەو كاتانەشدا ئۆكسجین هیچ كاریگەری نابێت".
هەروەها لەسەر دواكەوتن و خێرا نەڕۆیشتنی ئەمبۆڵانسەكەش، دكتۆر كاروان دەڵێ "كەسێك لە شوێنێكی بەرز كەوتبێتە خوارەوە و ئازارێكی زۆر بە بڕبڕەی پشتی گەیشتبێ، مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت هەر كاتێك ئەو فەقەراتە تووشی لێكترازان بێ، كەسەكە هەردوو قاچەكانی لەكار بكەون و شەلەل بێت، بۆیە پزیشكەكە بە شۆفێرەكەی گوتووە خێرا مەڕۆ".
بەڵام نەیشاردەوە ئۆكسجینی نێو ئەمبوڵانسەكە كێشەی هەبووە و دەڵێت "سۆندەی ئۆكسجینەكە كێشەی هەبوو، 80% ئۆكسجینی داوە بە نەخۆشەكە، كارمەندەكانی ئێمە وایان زانیوە كە بوتڵەكان ئۆكسجینیان تێدا نەماوە، بۆیە لە شەقڵاوە لایانداوە تاوەكو دڵنیا ببنەوە لە ئۆكسجینەكە، لەوێ دەركەوتووە كێشە لە ئۆكسجینەكەدا نییە، بەڵكو لە فلتەرەكەدا بووە، دوای خاوێنكردنەوەی هیچ كێشەیەك لە ئۆكسجینەكەشدا نەماوە".
بۆچی سەرەتا پزیشكەكان حاڵەتەكەی زاهیریان دەستنیشان نەكردووە كە تووشی خوێنبەربوونی مێشك بووە؟ دكتۆر كاروان دەڵێت "ئەو كاتەی لەلایەن دكتۆرەوە پشكنینی بۆ كراوە، هیچ خوێن بەربوونێك بەدی نەكراوە، باری تەندروستیی زاهیر زۆر باش بووەو قسەشی كردووە، خوێنبەربوونەكە لە مێشكی بووە و هەر بەو هۆیەشەوە مردووە".



.png&w=3840&q=75)