بەپێی هەندێ ئامار و راپۆرتی رۆژنامەوانی، لە هەرێمی کوردستاندا زیادبوونی رێژەی ئافرەت بەرامبەر بە پیاو، بەردەوام لە هەڵکشاندایە و رێژەکە لانیکەم ئێستا 60% بەرامبەر به 40% یان زیاترە.
ئەمە بێگومان ئاماژەیەکی ترسناکە و نابێ بەهیچ جۆرێک پشتگوێبخرێ، یان بەئاسایی سەیر بکرێ. بەڵکو پێویستە دەسەڵاتی حوکمڕانی لەبەر ڕۆشنایی داتا و ئاماری ورددا، خەمی جددی لێ بخوات و پلانی هەبێ بۆ ڕێگرتن لە تێکچوونی زیاتری هاوسەنگیی نێوان هەردوو ڕەگەز کە دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر پێکهاتنی خێزان وەک بەردی بناغەی کۆمەڵگە و فاکتەرێکی گرنگی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. پێویستە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا ئەم پرسە بەهەند وەرگرێ و وەک هەندێ پرسی دیکە دوای نەخات. بەڵکو گرنگە کۆنفرانسی زانستیی گەورە بۆ ئەم پێشهاتە مەترسیدارە سازبکرێ و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر یاخود لانیکەم ڕێگری لە زیاتر تێکچوونی هاوسەنگیەکە بکرێت.
دیارە بەگشتی لە وڵاتانی جیهان و لای ئێمەش، هەمیشە مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی پیاوان ـ نێرینە ـ زۆرتر بووە و زۆرتره، ئەویش بەهۆی جەنگە زۆرە کاولکەرە جیهانی و ئیقلیمی و ناوخۆییەکان لەلایەک و بەهۆی کۆچی بەردەوامی گەنجانی نێرەوە بۆ رۆژئاوا.
ئەگەر کۆمەڵگەی ئەڵمانی وەک نموونە وەرگرین کە بەهۆی شکستخواردنیەوە لە دوو جەنگی جیهانیدا، رووبەڕووی ئەم دەردە کۆمەڵایەتیە بووەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکەشی، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئاسانکاریی زۆری کردووە بۆ پێشوازی لە کۆچبەران. دیارە هەر وڵاتێکیش واقیع و تایبەتمەندی و پێداویستی خۆی هەیە، ئەوان لەوانەیە ئەوەندەی خەمی دابینکردنی (دەستی کار) یان بێ، بۆ کارگە و پرۆژە ئابوورییە زەبەلاحەکانیان، چارەکی ئەوە خەمی تێکچوونی شیرازەی خێزانیان نەبێ.
بێگومان لای ئێمە زیانەکانی ئەم ناهاوسەنگیە، هەمەلایەنەیە. من لێرەدا مەبەستمە ئەم زەنگە مەترسیدارە بۆ دەسەڵاتی حوکمڕانی و هەموو ئەوانەی کە لەخەمی داهاتووی ئەم گەل و نیشتمانەدان، لێبدەم، بەهیوای ئەوەی کە پسپۆڕانی بواری کۆمەڵایەتی و دانیشتووان و هەروەها شارەزایانی پلانی ستراتیجی، زیاتر خوێندنەوە و توێژینەوە بۆ ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە بکەن و بابەتەکەی بەندە دەوڵەمەند بکەن.. بەجۆرێک کە ببێتە خەمێکی گەورەی هەمووان، چونکە بەڕاستی تێکچوونی هاوسەنگیی ڕێژەی نێوان (نێر و مێ) لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، مەترسیی گەورە لەسەر بەردەوامی و زیندوویەتی ئەو کۆمەڵگەیە و داهاتووی نەوەکانی دروست دەکات.


