ئاو سەرچاوەی ژیانە، بۆیە پاراستنی ئەرکی هەمووانە، هەم دەوڵەت وهەم هاووڵاتیانیش. هەرێمی کوردستان ـ کە سوپاس بۆ خواـ دەوڵەمەندە بەم سامانە ستراتیجیە سروشتییە ، بەداخەوە نەوەکو پێویست لەلایەن دەسەڵاتەوە گرنگی و بایەخی پێدراوە، نە هاووڵاتیانیش وەکو پێویست پارێزگاری لەم سامانە مەزنە دەکەن و نرخی دەزانن.
ئاشکراشە کە بەشێکی باش لە سەرچاوەکانی ئاوی ئێمە لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هەڵدەقوڵێ و ئەوانیش ماشەڵایان لێنەبێ چەندین پرۆژەی بەنداوی گەورەیان بەدەستەوەیە و چەندین ساڵە هەڕەشەی بڕینی ئاومان لێدەکەن، سەرباری ئەو هەڕەشەیەش، ئەگەرچی بەرژەوەندی بازرگانی گەورەیان لەگەڵ هەرێمدا هەیە، بەڵام بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆر، بۆردومانی ناوچە سنووریەکانمان دەکەن و ژیانی گوندنشینەکانمان دەخەنە مەترسییەوە و ڕەزوباخ و دارستانەکانمان دەسووتێنن.
بۆیە دەرچوونی یاسایەک لە پەرلەمان بۆ پاراستن و جوان وەبەرهێنانی ئاو و باش سوودوەرگرتن لە ئاو، بەئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانم ، بەجۆرێک کە ئەم سامانە ستراتیجیە هەم بە چاکی دابین و گەرەنتی بکرێ و هەم دەرکەوتەکانی بڕینی سەرچاوە دەرەکیەکانی ئاو، کەمبکەینەوە و هەم لە چنگی خراپ بەکارهێنانی سەرمایەدارو بازرگانان و لەبەفیڕۆدانی بەدەستی هەمووان ڕزگار بکرێت.
ئەگەر هەڵە نەبم، چەند ساڵێک پێش ئێستا پڕۆژە یاسایەک هەبوو، بەڵام وەک زۆر پڕۆژەیاسای دیکە، نە دەنگی ما و نە ڕەنگی.
هەروەها تەرخانکردنی بودجەیەکی ساڵانە ـ با کەمیش بێت ـ بە هەر ڕێگایەک بێت، بۆ تەواوکردنی بەنداوەکان و بنیاتنانی بەنداوی نوێ، ئەرکێکی ئەم قۆناغەی دەسەڵاتی حوکمڕانیمانە.
ئەمڕۆ لەبەرنەبوونی یاسایەکی تێروتەسەل، کە پاراستنی ئاو بکاتە خەمێکی نیشتمانی بۆ هەمووان، دەبینین خاوەنکارو سەرمایەدارەکان و بەشێک لەخاوەن کێڵگە و پرۆژە کشتوکاڵیەکانیش، بەشێوازی جۆراوجۆر مەترسییان لەسەرئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دروستکردووە.
تەماشاکەن لە ساڵانی پێشوودا چۆن حکومەت ڕێگری دەکرد لە بەکارهێنانی ئامێری بیرهەڵکەندنی سووری، تەنانەت بۆ بواری کشتوکاڵیش. دەیان و بگرە سەدان لەو ئامێرانە لەلایەن حکومەتەوە دەستیان بەسەرداگیرا و لەناوبران. کەچی دەبینین ئێستا وا جارێکی دیکە لەسێبەری قەیرانە جۆراو جۆرەکان و خەمساردی و لێنەپرسینەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکاندا، دەست کراوە بەهەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی لە زۆربەی ناوچەکان، بەبێ ئەوەی دەزگاکانی حکومەت ڕێگرییەکی جددی لێ بکەن.
بۆ نموونە چەند ساڵێکە لە شارە گەورەکان ـ بەتایبەت لە هەولێرو سلێمانی ـ زۆربەی بەنزینخانە ئەهلیەکان لەتەنیشت خۆیانەوە بیرێکی ئیرتیوازیان لێداوە و شووشتنگەی ئوتومبێلیان بۆ قازانجی زیاتری خۆیان داناوە، ئەمە لەکاتێکدا کە چەندین گەڕەک لەو دوو شارە کێشەی کەمیی ئاویان هەیە.
بۆیە چاوەڕێ دەکرێ هەرچی زووە حکومەت و ڕێکخراوە مەدەنیەکانیش، بە ئەرکی خۆیان هەڵسن و تا ئەوکاتەی کە پەرلەمان دێتەوە سەرحاڵ و یاسایەکی تۆکمە و گونجاو بۆ پاراستنی ئاو دەردەکات، ڕێگری لەم دیاردانە بکەن و سنوورێک بۆ بەهەدەردانی دابنێن.


