لە 28 ئایاری 2019، پەرلەمانی كوردستان بە 68 دەنگ سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانی هەڵبژارد، ئەوەش لە دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی 2018 و، ماراسۆنی گفتوگۆكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی گفتوگۆی نێوان یەكێتی و پارتی و واژۆكردنی دوو رێككەوتنامەی سیاسی و حوكمڕانی.
هەڵبەتە بایكۆتكرنی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ دانیشتنەكەی 28ی ئایار چاوەڕوان نەكراو سەرسوڕمێنەر بوو، بەڵام دیارە یەكێتی هەست بە بێباكی پارتی دەكات و بڕوایان وایە كە خەریكی قۆڵبادانە بۆ ئەوەی ستراتیژەكانی بەسەر هاوپەیمانەكانیدا بسەپێنێت .
هەندێ بەرپرسی یەكێتی باس لەوەدەكەن كە پارتی مامەڵە لەگەڵ كەسایەتییەكانی ناو یەكێتی دەكات نەك هەموو یەكێتی، بەوەش ترسیان لێنیشتووە كە لەوانەیە پارتی رێككەوتنەكانی پەیوەست بە كەركووك و بەغدا جێبەجێنەكات. ئەو بەپرسانە وایدادەنێن كە پارتی گۆڕانكارییە بنەڕەتییەكانی ناو یەكێتی ناخوێنێتەوە و هەر بە شێوازی كۆن مامەڵە لەگەل ئەو رێكخراوە دەكات.
پارتی و دەسەڵاتی رەها:
دەمێكە، بگرە لە دوایین كۆنگرەیەوە، پارتی ستراتیژی خۆی پێناسەكردووە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی رەهای لە هەرێمی كوردستان داوەو، لە هەڵبژاردنەكانی ئەیلولی 2018 هەنگاوی یەكەمی ئەو ستراتیژەی بەدەستهێنا. ئێستا، زۆرینەی لە پەرلەماندا زامینكردووە و بە ماتماتیكی ژمارەكان توانای تێپەڕاندنی هەر یاسا و بڕیارێكی چارەنووسسازی هەیە كە لەبەرژەوەندیدا بێ و بەپێچەوانەشەوە توانای رێگرتنیشی لە هەر بڕیارێك هەیە كە لە بەرژەوەندیدا نەبێت.
بەڵام پارتی هەمیشە لەگەل ئەوەدایە كە دیوە بینراوەكەی دەسەڵاتە رەهاكەی بەشێوازێك بێت كە كەمترین رەخنەی لێبگیرێ، بە بەشداری پێكردنی لایەنەكانی دیكە گلەیی تاكڕەوێتی ئاراستە نەكرێت. تەنانەت سیاسەتەكانی لەمەڕ بزووتنەوەی گۆڕان لە ململانێی سەرسەختانەی ساڵانی 2015 گۆڕیوە بۆ رازیكردن و راكێشانیان تاوەكو بەشداری لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بكەن.
بەوەش هەوڵیداوە بیسەلمێنێ كە پارتی نایەوێ تاكڕەوانە حوكمی هەرێمی كوردستان بكات و حكومەتی نوێش تەنیا حكومەتی هەولێر و دهۆك نییە، بەڵكو حكومەتی سلێمانیشە. هەر بەوەش پارتی توانیویەتی زۆرینە رەهاكەی خۆی و هاوپەیمانەكانی لە پەرلەماندا بگەیێنێتە 68 كورسی و ئەجێنداكانیشی، بە بەشداری یان بێ بەشداری یەكێتی، بەرەوپێشەوە ببات. ئێستاش وا پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كەوتە خولانەوەوەو لە رۆژی 10 ی حوزەیران سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی دەخوات و كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رادەسپێرێت. رەنگە نیگەرانی پارتی لە بەشدار نەبوونی یەكێتی لە دەنگدانەكەدا هەمە لایەنە بێت، بۆ نموونە دەكرا سەرۆكی نوێ بە متمانەی زۆرینەیەكی مەزنتر بووایەو، زەمینەشی بۆ پێكهێنانی حكومەت بە سەرئێشەیەكی كەمتر خۆش بكردبایە.
هاوكێشە نوێیەكەی ناو یەكێتی
شاراوە نییە كە لە دوای نەخۆشكەوتن و دواتر كۆچی دوایی سەرۆك جەلال تالەبانی، شپرزەیی كەوتە نێو رێكخستنەكانی یەكێتی و حیزبەكە دووچاری كۆمەڵێك قەیرانی رێكخراوەیی و لێكترازانی پرۆسەی بڕیاردان هات. بۆ نموونە، جیابوونەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح (جێگری دووەمی سكرتێری گشتی) و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دوو گورزی گەورە بوون كە سەرتاپای جەستەی یەكێتی هەژاند، بەڵام دواتر حیزبەكە توانی تاوەكو رادەیەك خۆی رێكبخاتەوە، بەڵام نەك لە چوارچێوەی پەیڕەو و بەپێی پەیكەرە كلاسیكییەكەی، بەڵكو بە ئیدارەكردنێكی نوێی سەرچاوەكانی بڕیار. گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نەك تەنیا لەڕووی رێكخراوەییەوە سوودی هەبوو بەڵكو پێگەی حیزبەكەی لە ئاستی عێراق و دەرەوەشدا جێگیرتر كردەوە و جۆرێك لە عینوان و مەرجەعیەتێكیشی لە بەغدا بۆ هێنانەوە. بە واتایەكی دیكە، چەقی قورسایی یەكێتی گۆڕانكاری بەسەرداهات و بڕیاری سیاسی یەكێتی لە هەرێمی كوردستان و بەغدا لێك گرێدرایەوە و بەیەكەوە بەندبوون.
ستراتیژی پارتی و ئیدارەی هاوكێشەكانی ناو یەكێتی
پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای ریفراندۆمەوە گۆڕانكاری بنەڕەتی بە سیاسەت و شێوازی ئیدارەكردنی دەسەڵاتی ناوخۆیی و دەرەكیدا هێناوە. دیارە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە سیاسەتی پارتی بریتیبووە لە ئارامكردنەوەی باری هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی زیانەكان. دەمێكە پەنای بردووەتە بەر كاری دیپلۆماسی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق. توانیویانە سەرلەنوێ پاڵپشتی هێزە دەرەكییەكان، بە تایبەتی ئەوروپاییەكان، بەدەستبێننەوە. لەگەڵ ئێراندا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەنەوە و بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تەهراندا بچنەوە. لە بەغدا بوونە هاوپەیمانێكی نافەرمی فراكسیۆنی (فەتح)ی ناسراو بە فراكسیۆنی حەشدی شەعبی و پاڵپشتێكی بەهێزی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی. بەوە پارتی دەستكەوتی بەرچاوی زامینكرد لەوانە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزارەتەكانی دارایی و ئاوەدانكردنەوە.
بەڵام پارتی بەوە نەوەستا، بە هەموو شێوازێك هەوڵیدا كە بۆ یەكەمجار پۆستی سەرۆككۆماریش زامین بكات كە بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو لە پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە. تەنانەت ئامادەبوون دەستبەرداری سەرجەم پۆستەكانی دیكەی بەغدا و پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن (بۆ دوو ساڵی یەكەم). دیارە پارتی نەیتوانی كار لە بڕیارەكانی ناو یەكێتی بكات و بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆككۆمار رازیان بكات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەیەكی هەڵە لە هاوكێشە نوێیەكانی ناو یەكێتی. هەر ئەوەش وایكرد كە لەوێ بەدواوە پارتی نەتوانێ ئیدارەی هاوكێشەكانی ناو یەكێتی بكات و بڕیارەكانیان لە بەرژەوەندی پارتیدا پێ بگۆڕێت.
كاریگەری ئەو هەڵانە لەسەر رەوتی رووداوەكان و گفتوگۆیەكانی دواتر هەر ماوە، پارتیش لە شێوازە كلاسیكییەكەی لە مامەلەكردن لەگەڵ یەكێتی هەر بەردەوامە. تاوەكو گۆڕانكاریش بەو شێوازە دانەیەت، ئەوا چاوەڕوانی كرانەوەی دەرگایەكی نوێ لە پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتیدا ناكرێت، بەوەش زیانی گەورەتریش بەر پڕۆسەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و پێگەی كورد لەبەغدا دەكەوێت . وا لە پارتی چاوەڕواندەكرێت كە وەك براوەی یەكەم و خاوەنی زۆرینەی رەها لە حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و بەغدا، رۆڵی سەرەكی لە بونیادنانی یەكڕیزیی و یەكدەنگی كورد ببینێ، ئەگینا دەسەڵاتە رەهاكەی لە واقیعی ئەمڕۆی كوردستاندا زۆر بڕ ناكات و دەستكەوتەكانیشی لە مەودای درێژخایەندا كورت دەهێنن.



