وێنە چییە و دەیەوێت چیمان پێ بڵێت؟ ئێمە دەمانەوێت لە وێنەدا چ مانایەکی ئیستاتیکی بەدەست بهێنین؟ بۆچی وێنە دەگرین یان دەکێشین؟
لەم کورتە باسەدا ڕەنگە ئەم سێ پرسیارە بەس بن کە بتوانین شوێن وەڵامدانەوەیان بکەوین تا لە دیدێکی فەلسەفی و ئێستاتیکییەوە مانادۆزییەکی وێنە بکەین.
وێنە جگە لە بڕینی پارچەیەک یان بڕگەیەک لە کۆی دیمەنێک هیچی تر نییە، ئەو بڕینەش بە مەبەستی بینین و تەماشاکردن و پاراستنی بۆ زەمانێکی درێژترە. لێرەوەیە بەر لەوەی وێنە هەبێت سەرەتا دەبێت دیمەن هەبێت و ئێمە نیگای بکەین. دیمەن بریتییە لە کۆی تابلۆکە، لە کۆی جووڵانەوەکە، لە کۆی مێژووەکە، بەڵام وێنە بریتییە لە بڕینی پارچەیەکی تابلۆکە و خستنە ناو وێنەیەکەوە، بۆ نموونە ئێمە کاتێک بەکامێرایەک وێنەی منداڵێک دەگرین، یان وەکو تابلۆیەک وێنەی منداڵێک دەکێشین کە پایسکیلێک لێدەخوڕێت، یان بەلەمێک بەناو ئاودا دەڕوات، ئەم وێنەگرتنە/ کێشانە ڕێک بریتییە لە بڕینی ئەو بڕگەیەی دیمەنەکە و گرتنی و کێشانی و خستنە ناو چوارچێوەیەکی فۆتۆگرافییەوە یان نیگارکێشانەوە. وێنە بەم پێیە بریتییە لە گرتنی جووڵەی فیزیکییانەی شتێک و وەستاندنی ئەو جووڵەیە لەناو فۆتۆیەکدا یان تابلۆیەکدا. بەم پێیە وێنە بریتییە لە چوارچێوەکردنی بڕگەیەکی دیمەنەکە، وەک سۆسیۆلۆگ گیۆرگ زیمیل دەڵێت: لەکوێ وێنە هەبوو، چوارچێوە لەوێ دەبێت.
دیارە چوارچێوە بریتییە لە سنووردارکردنی وێنەکە و لەهەمانکاتدا بریتیشە لە پاراستن و جیاکردنەوەی وێنەکە لە دیمەنەکانی تر. بۆ نموونە، ئێمە زۆرجار وێنەی گوڵێک دەبینین بەگەورەیی گیراوە یان کێشراوە، ئەگەرچی ئەو گوڵە لەناو کێڵگەیەکی گەورەتردایە یان لەناو باخێکی گەورەتردایە لەنێو گوڵەکانی تردا، مانای ئەم جیاکردنەوەیە لەخۆیدا ڕەهەندە وجودییەکەشمان بۆ دەخاتە ڕوو، ئەوەی پێی دەگوترێت لەناو ــ جیهانداــ بوون، بریتییە لەو دۆخە ناوازە و هەڵاوێردەی کە ئەو شتەی تێدایە، وەک چۆن هەندێکجار وێنەی کەسێکی ڕێبوار دەگرین یان دەکێشین لەکاتێکدا ئەو کەسە لەنێو ئاپۆڕەیەکی قەرەباڵغیشدا ڕێ دەکات یان دانیشتووە. بەنموونە وێنەگرتن و کێشانی کەسێک لە چایخانەیەکدا، دەیەوێت بوونی ئەو کەسە وەکو تاکێک لەنێو جیهاندا بنوێنێت. وێنە دەتوانێت نیگارەکانی ئەو کەسە، نیگاکانی و شێوەی دانیشتن یان ڕۆیشتن یان نانخواردنی ئەو کەسە وەکو ستایلێکی تاکگەرایی بنوێنێتەوە. لێرەوە وێنە زۆرجار لە شیعر بەتواناترە بۆ دەرخستنی دۆخە وجودییەکانی تاکگەرایی. ئەوەی وێنەیەک دەتوانێت بەسادەیی مانا قووڵەکانی شێوازی لەنێوــ جیهانداــ بوونی مرۆیی بخاتە ڕوو، نە فەلسەفە، نە شیعر پێی ناکرێت.
وێنە و ئاوێنە..
وێنە بریتییە لە وێناندنی دیمەنێکی ڕیالی یان خەیاڵی و نواندنەوەی لەسەر رووبەرێکی ماتەریاڵی. وێناندن لێرەدا بریتییە لە نواندنەوە یان پێچەوانەکردنەوەی سوبیەکتەکە لەناو چێوەیەکی دیاریکراودا.
ئاوێنە وەکو ڕووبەرێکی ماتەریاڵی وێنەی سوبیەکتەکان دەنوێنێتەوە، سوبیەکت وەکو وێنەیەکی ڕووت لەناو ئاوێنەکەدا دەرناکەوێتەوە، بەڵکو ئێمە لە لاکانەوە فێری ئەوە بووین کە ئاوێنەکە یەکەمین ڕووبەرە لە منداڵیماندا بۆ یەکەمینجار تەواوی وێنەی خۆمانی تێدا دەبینین، بۆیە قۆناغی ئاوێنە بریتییە لە قۆناغی دەرککردن بە کۆی تەنی خود وەک سوبیەکتێکی یەکانگیر. وێنە ئەگەر وێناندنی سوبیەکتێک بێت، ئەوا ئاوێنە میدیۆمی نواندنەوەی سوبیەکتەکەیە، بۆیە لەکوێ ویستمان لە نواندنەوەی وێنە تێبگەین، دەبێت لە ئامرازی ئاوێنە تێبگەین. مرۆڤی کۆن ئاوێنەی شک نەبردووە بەو جۆرەی مرۆڤی هۆمۆ ساپینسی ئەمڕۆ هەیەتی، ئەوان وێنەی پادشاکان و ئاژەڵە خورافییەکانیان لەسەر قەدپاڵی چیاکان و لەسەر تابلۆ گڵینەکان و بەردینەکان هەڵکۆڵیوە، ئەو شوێنانە وەکو ڕووبەری بەرجەستەکردنی وێنەکانی نێو ئەندێشەی مرۆڤی ئەوسا بوونەتە میدیۆمێک بۆ نواندنەوەی ئەو فیگورانە، بۆیە لەڕووی وەزیفەوە ئەو هەڵکۆڵراوە گڵین و بەردینانە ڕۆڵی ئاوێنە دەبینن، بەجیاوازی ئەوەی ئاوێنەی ئەوسا خودی سوبیەکتە وێنەکێشەکە وێنا ناکاتەوە وەک ئاوێنەی ئەمڕۆ. ئاوێنە لەمڕۆدا ڕووبەرێکە بۆ تێڕوانین و بینینی خودی خۆت، میدیۆمێکە لەڕێی بەرجەستەکردنەوەی وێنەکەی خۆمان زۆرجار مەیلێکی نارسیزمانەمان تێدا دەوروژێنێ و سەرسامی خۆمان دەکات. ئاوێنە ڕووبەری دەرککردنە بە خود کاتێک وێنەی خۆمی تێدا دەبینمەوە.
وێنە و بینین
هەموو کاری نووسینێک هەر لە سەرەتای مێژووەوە لەسەر دوو خەسڵەت دروست بووە: چەمک و وێنە. ئەگەر وێنە بریتی بێت لە بڕگەیەکی جیهان لەناو چێوەیەکی بچووکتردا، ئەوا چەمک بریتییە لە بەزمانکردنی وێنە. نووسین هیچ کاتێک بریتی نییە لە وێنەی کتومتی شتێک، بەڵکو بریتییە لە بەدەنگکردنی شتێک. وێنە بریتییە لە خودی شتەکە وەک ئەوەی هەیە، لەکاتێکدا نووسین کردەیەکە بۆ بەدەنگکردنی ئایدیای شتەکان. لە زمانی گریکیدا وشەی ئایدیا بەمانای بیرۆکە دێت، بەڵام وشەی ئایدۆس بەمانای تەماشایەکی چەقبەستوو لەسەر شتێک. لێرەوەیە فەلسەفە مەشقی خۆی کردووە، ئایدیای سروشت و گەردوون و جیهانی بەنووسین هێناوەتە دەنگ، پیتەر سلۆتەردایک وای دەبینێت کە ئیشی بیرکەرەوە و ئیشی نیگارکێش و وێنەگر سەربەیەکترین، هەر بۆیە ئەگەر مرۆڤی کۆن لەسەر بەرد نووسین و تابلۆی هەڵکۆڵیبێت، ئەمڕۆ لەسەر شاشە ئەوە دەکات. سلۆتەردایک لە وانەیەکیدا باسی ئەوە دەکات کە تەنانەت مۆمیا فیرعەونییەکانیش بریتی بوون لە جۆرێک لە وێنەگرتن لە مانا هاوچەرخەکەیدا.
بەڵام بینین هەر ئەوە نییە شتە دیار و ئاشکراکان ببینێت، بەڵکو وەکو هایدێگەر دەڵێت، بینین دەبێت شتە شاراوە و پەنهانەکان ببینێت و بیانکاتە بینراو.
لەو ساتەوەختەی کە تەلەفزیۆن و کامێرا ئیتر بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئەوروپا پەرەدەسێنێ، هایدێگەر ئەو ڕووداوە جیهانییە لێکدەداتەوە و وەکو سەردەمی وێنەی جیهان پێناسی دەکات. بۆیە ئەو وێنانەی سەبارەت بە زەوی و هەسارەکان هەن نهێنی زۆر ئاشکرا دەکەن بۆ توێژینەوە زانستییەکانیش. وەکو ئەوەی هایدێگەر جارێک سواری فڕۆکە بووبێت و لەئاسمانەوە تەماشای زەوی کردبێت، وا بە چاوێکی فەلسەفی قووڵەوە وێنەیەکی فۆتۆگرافی زەوی بەکامێرا فەلسەفییەکەی بۆ گرتبێتین. "ڕووداوی بنەڕەتییانەی سەردەمی نوێ، بریتییە لە واڵاکردنەوە و داگیرکردنی جیهان وەکو وێنە" هایدێگەر.
لێرەوەیە ماشینەکان، کامێراکان پەیوەندییەکانی بینینی مرۆڤیان قڵپ کردووەتەوە، بەر لە سەرهەڵدانی کامێرا، زەوی بریتی بوو لە ڕووبەرێکی داپۆشراو. سەرهەڵدانی وێنە و بەرفراوانکردنی لەناو دەزگا ئینفۆرماسیۆنییەکاندا وای کردووە بوارەکانی تر بۆ خۆی قۆرخ بکات، فیلۆسۆفی ناودار ڤیلەم فلوسەر، وەک هایدێگەرییەک، کە هەوڵی چڕی لەو بوارەدا داوە، تێبینی ئەوەی کردووە کە چیتر ئەمڕۆ سیاسییەکان فەرمانڕەوا نین، بەڵکو ئەو ئینفۆرماتیکەرانەن کە پڕۆگرامەکان دادەڕێژن. چونکە وێنە لە میدیاکاندا پەیام و پڕوپاگەندە و ئایدیۆلۆگیا دەگوازێتەوە.
بەپێی ئاگامبێن، ئەوەی دەرنەکەوێت وێنە نییە، ئاگامبێن وەها پێناسەی وێنە دەکات: وێنە بریتییە لە بوونێک، بەپێی سروشتی خۆی، دەبێت خۆی پیشان بدات و دەربکەوێت. لەڕاستیشدا هەر وایە چونکە چییەتی وێنە، بەپێی هایدێگەریش، هەر لەناو دەرکەوتنەکەیدایە. بۆیە وێنە ڕووبەرێکە دەردەکەوێت بۆ بینین، بەبێ ڕوودانی بینین شتێک نییە ناوی وێنە بێت. نەک وێنە فیزیکی و بەرجەستەکان، بەڵکو تەنانەت وێنە خەیاڵی و ئەندێشەییەکانی ناو هزریشمان کە وێنایان دەکەین لە پرۆسێسێکی خەیاڵئامێزانەدا، ئێمە دەیخەینە نێو چوارچێوەیەکەوە لەناو خەیاڵدانماندا و بەمە دەبێتە وێنەیەکی زهنی. وێنە لەخۆیدا بیرۆکەیەکی بینینئاراییە، هەر بۆیە ئاسۆی بیرکردنەوەمان بەرفراوانتر دەکات.
وێنە و هونەر
ئەگەر هەموو وێنەیەک گێڕانەوەی چیرۆکێک، یان گەیاندنی پەیامێک بێت، ئەوا ئەرکی هونەر ئەوەیە وێنەکان دەربخات. هونەر لێرەدا مامەڵەیەکی جۆرایەتی لەگەڵ وێنەدا دەکات. بەنموونە، مەرج نییە هەموو وێنەیەک خودی ڕووداوەکە، دیمەنەکە کتومت وەکو هەقیقەتێک بگەیەنێت، بەڵکو دەتوانێت دەستکاری ڕاستییەکانیش بکات. ئێمە ڕۆژانە وێنە دەبینین بەجۆرێک زێدەڕەوی تێداکراوە کە ڕەنگە هەموو گومانێکمان سەبارەت بەڕاستەقینەیی ڕووداوەکە لا بوروژێنێت. وێنەی بۆمبێک بەر شارێک کەوتووە و دووکەڵ و ئاگرێکی زۆری لێ بەرزبووەتەوە، ئەگەر قەبەیی ئاگرەکەش ڕاست نەبێت، بەڵام چونکە تەقینەوەی بۆمباکە ڕوویداوە و فۆتۆگرافەرەکە تەنیا دەستکاری تێدا کردووە، ئەوا وێنەکە ڕاستیمان پیشان دەدات. وەک بۆریس گرۆیس لە وانەیەکیدا ئاماژەی پێدەدات، ئەمە پەیوەندی بە ڕیتۆریکی ڤیزوئێلی وێنەکەوە هەیە، نەک بەناوەڕۆکی هەقیقەتەوە. وێنەگرەکە وێنەکەی تەنیا دراماتیکیتر کردووە. چونکە وەک چۆن نووسین زێدەڕۆییە بە ڕیال و بە ئایدیاوە، وێنەگرتنیش زێدەڕۆییە بە دیمەنەوە.
ئێمەش لە جیهانی ئەمڕۆدا کە میدیا مۆنۆپۆلی ورد و درشتی کێشەکانی ژیانی کردووین، میدیاش سەروکاری لەگەڵ ڕاستیدا نییە لە هیچ بارێکدا، بەڵکو پتر دەرگیری بیروڕاکانە. بۆیە هیچ وێنەیەک نابێتە شوناسی دروستی دیمەنەکە، بەڵکو هەمیشە وێنە و دیمەن لێکجیاوازییان تێدایە. وێنە بۆ ئەوە دەگیرێت کە دیمەنەکە بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ئیستاتیکا یان بۆ جۆرێک لە زانین یان زانست.
هیچ سەردەمێک وەک ئەم ڕۆژگارە بایەخی وێنەی بەرز ڕانەگرتووە. وێنە لەمڕۆدا بووەتە بەشێکی گرنگی جیهانیژیانی مێدیاییانەی هەموو تاکێک، بێهۆ نییە ئەوەی بیر لە کڕینی تەلەفۆنێکی مۆبایل دەکاتەوە، سەرەتا بیر لە هێز و توانای کامێراکەی دەکاتەوە.


