مێژووی ناو لەگەڵ مێژووی دروستبوونی مرۆڤەوە لەدایکبووە؛ ناو و مرۆڤ دوالیزمی یەکترن. لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤدا، ناو یەکەمین ناسنامەی تەواوکردنی پڕۆسەی خولقاندنی بوو. مرۆڤ پێش ئەوەی فێری نیشتەجێبوون، رێزمان، یان داهێنانی ئامرازەکان ببێت، «ناو»ی داهێنا. ناونان، پرۆسەی دەرچوونی مرۆڤ بوو لە جیهانێکی غەریزی و کێوی، بەرەو جیهانی هۆشیاری و فەرهەنگ. بەبێ ناو، پڕۆسەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی وەک تەمومژێکی نەناسراو دەمایەوە؛ ناو ئەو پۆشاکە فیکرییەیە، کە کرا بە بەژن و باڵای خولقاندندا بۆ ئەوەی پێناسە و مانا بە دەستپێکی مێژوو ببەخشێت.
من ئەگەر لە داهاتوودا ببمە خاوەنی منداڵ، بەم دیدگا فیکری و هاوسەنگەوە، ناوی منداڵەکانم لەناو هەمبانە رەسەنەکەی زمانی دایکمدا هەڵدەبژێرم؛ ئەندازیارییەک لە نێوان هێز، مێژوو و جوانی.
بۆ کوڕەکانم:
بزاڤ: یاسای بەردەوامیی ژیان و رەتکردنەوەی وەستان و سڕبوون.
ژێکاف: مۆمێکی کۆنی یادەوەریی نەتەوەیی و مێژوویی لە جەستەیەکی نوێدا.
پەیبەر: پایەی عەقڵانیی مرۆڤ؛ ئەو بوونەوەرەی پەی بە نهێنییەکانی بوون دەبات.
پاسار: پاڵپشت، سێبەر و هێمایەک بۆ پاراستن و دڵنیایی.
* بۆ کچەکانم
تنۆک: جەوهەری پاکژی لە دڵۆپێکی زوڵاڵدا؛ سەرەتای باران و تێڕامان.
رووناک: رادیکاڵترین چەمکی مەعریفی کە دژە لەگەڵ تاریکی.
تابلۆ: وێناکردنی جیهان لە رێگەی رەهەندە هونەری و فرەڕەنگییەکەیەوە.
ساز: دیسپلین و هاوئاهەنگیی ناوەکی؛ ئاوازی ژیان و رێکخراو.
رەهەندی سایکۆلۆژی: ناو و بونیادی نائاگایی مرۆڤ
ناونان تەنیا کارێکی فۆڕماڵیستی نییە بۆ جیاکردنەوەی جەستەکان لە یەکدی، بەڵکو یەکەمین خشتی بونیادنانی نائاگایی مرۆڤە. ناو یەکەمین چەمکە کە کۆرپەلە دوای هاتنی بۆ ئەم جیهانە پێی ئاشنا دەبێت و پێی دەگوترێت «ئەمە تۆیت». لێرەوە پرۆسەیەکی دەروونیی قووڵ دەست پێدەکات: ئاشتەوایی شوناس و رەتکردنەوەی دابڕان؛ کاتێک مرۆڤ لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت، کە ناوەکەی لەگەڵ سرووشت، خاک و زمانی دایکیدا هاوئاهەنگە، تووشی دابڕانی دەروونی نابێت. کاتێک ناوەکە بە زمانێک بێت کە دەوروبەرەکەی پێی دەپەیڤن، پردێکی راستەوخۆ لە نێوان دنیای ناوەوەی مرۆڤەکە و دنیای دەرەوەیدا دروست دەبێت. بە پێچەوانەوە، بارگاویکردنی منداڵ بە ناوێکی نامۆ یان سەر بە زمانێکی دیکە، جۆرێک لە لێکترازان و لێڵبوونی دەروونی لە ناسینەوەی شوناسی خوددا دروست دەکات.
* دروستبوونی وێنەی خود
ناو کۆدێکی دەروونییە، کە بە درێژایی تەمەن لەگەڵ دەنگدانەوەی هەموو پیتێکیدا، وێنەیەک لە مێشکی هەڵگرەکەیدا دروست دەکات. کاتێک ناوەکە رەسەن بێت و مانا فەلسەفییەکەی بۆ مرۆڤەکە روون بێت، لە نائاگاییدا جۆرێک لە هاوشێوەبوون لە نێوان کەسایەتیی ئەو و جەوهەری ناوەکەیدا دروست دەبێت. ئەم گەشتە دەروونییە متمانەیەکی قووڵ بەخۆبوون و ئارامییەکی ئۆرگانیک بە رەوتی گەشەی کەسایەتی دەبەخشێت.
کورداندنی فەزای ناوەکان و رزگارکردنی مانا
زمان لەناو قاموسە تۆزنشینەکاندا نامرێت، بەڵکو لەوێدا دەمرێت کە لەسەر زمانەکان بکەوێت. کاتێک ناوێکی رەسەن لە فەزایەکی کراوەدا بەرز دەبێتەوە، وەک «فەرهەنگێکی گەڕۆکی کولتووری» بزوێنەری مەراق لای بەرامبەر دادەگیرسێنێت؛ سەرەتا پرسیار لە مێشکدا دروست دەکات و دواتر کە ماناکەی فام دەکرێت، بۆ هەمیشە لە قاموسی ئاگایی کۆمەڵگەدا جێگیر دەبێت.
کێشەی کولتووری و دەروونیی ئێمە لەو کاتەوە دەست پێدەکات، کە کۆمەڵگە بازنەیەکی بەستوو لە پیرۆزی یان مۆدێرنیتی بە دەوری زمانە بیانییەکاندا دەکێشێت و وا دەزانێت بەها باڵاکان یان دەنگە جوانەکان تەنیا لە قاڵبی وشەی بێگانەدایە. ئەم تێڕوانینە جۆرێک لە «پاشکۆیی دەروونی» پەرەپێدەدات. لە کاتێکدا ئەگەر جەوهەری ناوەکان لە دەربڕینی دەنگیی دەرەکییان داماڵین و بگەڕێینەوە سەر ریشە فیکرییەکەیان، دەبینین پێویستە تەواوی ئەو ناوە بیانییانەی (عەرەبی بێت یان هەر زمانێکی دیکەی جیهان) کە ئێستا لەناو ئێمەدا باون، وەریانگێڕینە سەر زمانی کوردی یان بیانکوردێنین.
کاتێک مانا لەژێر دەستی نامۆیی زمانەکانی دیکە ئازاد دەکرێت و دەخرێتە ناو قاڵب و ئاوازی زمانی دایکەوە، راستەوخۆ دەبێتە وزەیەکی بەردەوام و زیندوو کە پێویستی بە قەرزکردنی شوناس لە دەرەوەی خۆی نییە. زمانی کوردی لە ناخی خۆیدا پڕە لەو بەها باڵا، مرۆیی و سرووشتییانەی کە دەتوانن ببنە ناسنامەی ژیان و کەسایەتی.
تێپەڕاندنی قەتیسبوونی پیرۆزی و دۆزینەوەی رووحی زمان
کێشەی کولتووریی ئێمە لەو کاتەوە دەست پێدەکات، کە کۆمەڵگە بەهۆی تێکەڵکردنی مێژوو و ئایینەوە، بازنەیەکی بەستوو لە پیرۆزی بە دەوری زمانێکی دیاریکراودا دەکێشێت و وا دەزانێت چاکە و پیرۆزی تەنیا لە قاڵبی وشەی بێگانەدایە. لە کاتێکدا ئایین کێشەی لەگەڵ شوناسی زمانەوانیدا نییە و تەنیا مەرجی جوانیی مانای داناوە. ئەگەر جەوهەری پیرۆزی بریتی بێت لە «پاکوخاوێنی, روونی، دادپەروەری و عەشق»، ئەوا زۆربەی ئەو ناوە عەرەبییانەی کە ئێستا لەناو ئێمەدا باون، کاتێک وەریان دەگێڕیتە سەر زمانی کوردی، نەک هەر بەها باڵاکەیان ون ناکەن، بەڵکو زۆر جوانتر، زیندووتر و شاعیرانەتر دەبن و زووتر لە ناخیاندا جێدەگرێت. بۆ نموونە: عایشە کاتێک دەبێتە (ژیان)، لە مێژوویەکی دوور دەردەچێت و دەبێتە وزەیەکی بەردەوام. قادر کاتێک دەبێتە (توانا)، راستەوخۆ چەمکی هێز و لێهاتوویی لە دەرووندا دەچێنێت. ئامینە کاتێک دەبێتە (دڵنیا)، هەستی ئارامی و بێباکی بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبەخشێت.
سوهەیل کاتێک دەبێتە (گەلاوێژ)، مرۆڤەکە دەبەستێتەوە بە سروشت و ئەستێرەناسیی رەسەنی خاکەکەیەوە. سیما کاتێک دەبێتە (رووخسار)، ناسکی و روونیی شوناسەکە دەردەخات.
ئەم وەرگێڕان و گەڕانەوەیە بۆ زمانی دایک، پیشانی دەدات کە چۆن زمان دەتوانێت روخساری چەمکەکان بگۆڕێت. کاتێک ناوەکان لە قاڵبە باوەکەیان دادەماڵیت، دەبینیت زمانی کوردی چەندە دەوڵەمەندە بە چەمکی فەلسەفی، مرۆیی و سرووشتی کە هیچ کات دژایەتییان لەگەڵ جەوهەری چاکەدا نییە.
ناونانی منداڵ بە زمانی دایک، ئەکتێکی بێدەنگی بەرگرییە. لە جیهانێکدا کە دەیەوێت شوناسەکان لەناو جیهانگیریدا بتوێنێتەوە، هێشتنەوەی ئەم ناوانە لەسەر لێوی نەوەی نوێ، پاراستنی ئەو سەرمایە نەتەوەیی و فەرهەنگییەیە، کە ئەگەر نەخرێتە سەر زمان، بە تێپەڕبوونی کات لەبیر دەچێتەوە.



