ئەگەر کابینەی 10 کەمێک لەو چانسەی هەبوایە کە خانووی ژمارە 10ی شەقامی داونینگ لە لەندەن هەیەتی، لەپێش ئەوانەوە، بە سەرۆکوەزیران شاد دەبوو، بەڵام وادیارە ژمارە 10 لە کوردستان ئەو چانسەی نییە.
ئەوە بە ریتانیایە و رەنگە بڵێن زۆرمان ماوە، هەرچەندە بەم قسەیە رازی نیم، بەڵام با هەندێ نزیکببینەوە، ئەگەر لە نوێترین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێدانی رۆڵ بە پەرلەمان بڕوانین، ئەوە دەبوو ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی تورکیا دەیەوێت بیخاتە نێو گفتوگۆکانی، بەر لەوە لە پەرلەمانی کوردستان نەخشەرێی بۆ دابنرایە، بەڵام رەنگە ئێستا پێچەوانە ببێتەوە، یاساکەی پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانی کوردستان ناچار بە کاراکردنەوە بکات، ئەمەش ئامانجی ئەم نووسینە نییە، بەڵکو ئامانجەکە سوود وەرگرتنە لە پەیامەکەی ئۆجەلان کە رۆڵی گەورەی داوە بە پەرلەمان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە نوێترین پەیامیدا نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەخاتەڕوو، کە جەخت لەسەر "برایەتیی کورد و تورک" و گواستنەوەی کێشەکە بۆ "زەوینەیەکی یاسایی" دەکاتەوە. هەرچەندە ئەم پەیامە خوێندنەوەیەکی قووڵی دەوێت، چونکە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تێڕوانینی ئۆجەلان و ستراتیژی سیاسیی بزوتنەوەکەی نیشان دەدات.( ئەوەیان بۆ کەسی شارەزا جێدەهێڵم)
ئۆجەلان، پەنا بۆ مێژووی هاوبەشی کورد و تورک لە ئەنادۆڵ دەبات، بۆ ئەوەی پێکەوە، لە نێو دەوڵەتێکدا بژین، وەکو دەڵێت: "ئەگەر تورک لە کورد جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر کورد لە تورک جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت." ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی چارەسەری لە جیابوونەوەدا نییە، بەڵکو لە ژیانی هاوبەش و قبوڵکردنی یەکدیدایە.، کەچی تازە بەتازە لە هەرێمی کوردستان سنوورەکانی دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و تەنانەت هەندێجار دوو هەرێمیی تۆخ دەکرێنەوە، رەنگە ئامادەکاریشی بۆ کرابێت.
گرنگترین بەشی پەیامەکەی ئۆجەلان داواکارییەکە بۆ "بونیادنانی زەوینەیەکی یاسایی". ئۆجەلان، داوا دەکات کێشەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا چارەسەر بکرێن و مافەکان بە شێوەیەکی یاسایی بچەسپێنرێن. ئەمە واتای گواستنەوەی ململانێکە بۆ نێو پەرلەمان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کەس پەرلەمانی هەر لە بیریش نییە، لە کاتێکدا تا پەرلەمان کارا نەکرێت، پرۆسەکانی دیکە جێبەجێ نابن.
ئۆجەلان پەنادەباتە بەر "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا" پەیامەکەی لە چوارچێوەی هەوڵێکی فەرمیی نێوخۆی تورکیادا دادەنێت، نەک وەک داواکارییەکی دەرەکی. کەچی لە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانیی دەرەکین بێت و پارتی و یەکێتی رێکبخات و پێێان بڵێت بڕۆن کارەکەتان تەواوبکەن، هەرچەند وەکو بیستوومە ئەو ماوەیە ئەم دەستە دەرەکییە سەرقاڵی کاری دیکە و پرۆژەی دیکەیە رەنگە زۆر نەیپەرژێتە سەر ئەم ناکۆکییە حیزبیانەی یەکێتی و پارتی.
پەیامەکەی ئۆجەلان، گۆڕانێکی ستراتیژییە لە بیرکردنەوەی سیاسیی ئەودا. ئۆجەلان لە رێبەرێکی شۆڕشگێڕی چەکدارییەوە بووەتە کەسایەتییەکی سیاسی کە هەوڵی چارەسەری لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا دەدات. ئەو چیتر داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناکات، بەڵکو داوای "کۆمارێکی دیموکراتیک" دەکات کە تێیدا کورد و تورک "بە یەکسانی و ئازادی پێکەوە بژین".
بۆ هەرێمی کوردستان ئەوە ئاسانترە، چونکە هەردوولا هێزی کوردستانین و کوردن، وەک ئەوەی تورکیا نییە، کە کێشەیەکی قوڵ و ماوەدرێژی نەتەوەییە و لایەنی بەرانبەر لەنەتەوەیەکی دیکەیە، ئەگەر ئەم پەیامانەی ئۆجەلان جێگای رەخنە بن لەبەر ئەوەی کورد هەست دەکات، لە خەونی زۆر گەورەوە هاتووەتە سەر کۆمەڵێک چەمکی مەتاتی، کە گوتنی ئاسانە و قەتیش ئەو مافە نەبووە، کە ئەم هەموو خوێنەی بۆ رژابێت!، ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی حیزبە دەسەڵاتدار و باڵادەستەکان، دەبێتە خاڵی گەش و دەستکەوت، کە خۆیان چارەسەری کێشەکان بکەن، وەکو ئەو پرۆژەیە لەسەری رێکەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت لێی پەشیمان نەبنەوە و وردە دەستکەوت و هەندێ وەزارەت بکەن بە قوربانی یەکڕیزی و خزمەتی میللەت.



.jpg&w=3840&q=75)