لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێیەکان لە یەمەن بۆ ماوەی 15 ساڵ لەگەڵ حووسی، کەسانێک هەن کە لایەنگری ئەوەن لەجیاتی شەڕکردن لەگەڵیدا، وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ چونکە پێشتریش، بەبێ رەچاوکردنی ناسنامە و ئایدیۆلۆژیاکەیان، مامەڵە لەگەڵ زۆربەی ئەوانەدا کراوە کە لە رابردوودا دەسەڵاتدارێتی سەنعایان گرتووەتە دەست.
ئەمە تێڕوانینێکی کەتوارییە (واقیعییە)، بەڵام کێشەکە خودی پڕۆژەکەی حووسییە. ئەم گرووپە لە ململانێدایە لەگەڵ چەمکی دەوڵەت و، رەفتارەکانیشی نیشانیدەدەن پێداگرە لەسەر دروستکردنی دەسەڵاتی "کۆمەڵەکەیان" نەک دەوڵەت. حووسییەکان دەیانەوێت سوود لە سامان و دەزگاکانی دەوڵەت و دانپێدانانی ئەوانی دیکە وەربگرن، لە هەمان کاتدا وەک گرووپێک چەکیان بەدەستەوە بمێنێتەوە و شەڕ بکەن بەپێی پەیوەستی و پەیوەندییە دەرەکییەکانیان. لەم روانگەیەوە، گەیشتن بە دەسەڵات دەبێتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پڕۆژەی گرووپەکە.
رووداوەکانی ساڵی 2013 و دوو ساڵی دواتر، تاقیکردنەوەیەکی روون بوون سەبارەت بە حووسییەکان. ئەوان بانگکران بۆ کۆنگرەی دیالۆگ و رێککەوتننامەی ئاشتی و هاوبەشییان واژۆکرد، کە تێیدا بە کورسی و هاوکاری تایبەت بۆ سەعدە پاداشت کران، هەروەها دەرگای بەشدارییان بۆ کرایەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دا. داواکارییەکە ئەوەبوو کە لە بەرامبەر بەشدارییاندا، چەکە مامناوەند و قورسەکانیان رادەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن، بەڵام ئەم پرۆسەیە بە دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەکانی دەسەڵات، دەستبەسەرکردنی سەرۆک هادی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان... هتد کۆتایی هات. پاشان دامەزراوەکانیان قووتدان و هەموو لایەکیان پەراوێز خست، لەبەرئەوە سرووشتی بوو شەڕ لە نێوان یەمەنییەکاندا هەڵگیرسێت. لە دوای باڵادەستبوونی، چاوەڕوان دەکرا خۆی ببێتە دەوڵەت و دەوڵەتیش ببێتە حووسی، بەڵام ئەمە رووینەدا؛ چونکە تۆڕێکی لە سەرپەرشتیاران دروستکرد کە دەسەڵاتێکی راستەقینەی هاوتەریبیان هەبوو لە پاڵ پۆستە فەرمییەکان دا.
ئەزموونی دووەم ئەوکاتەبوو کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی پێشوو هاوپەیمانییەکی لەگەڵ بەستن بۆ هاوبەشی لە "فەرمانڕەواییدا"، لە کاتێکدا ساڵح لە دەرەوەی دەسەڵات بوو و کۆنتڕۆڵی زۆربەی هێزە چەکدارەکانی دەکرد، بەڵام ساڵحیش هەڵەی کرد لە تێگەیشتن لەم گرووپە، سەرئەنجامەکەیشی کوشتنی بوو لە شەقامێک دا لە ساڵی 2017 دا. لەوانەیە هەندێک بەوشێوەیە تەماشای بکەن کە ئەمە ململانێیەک بووە لەسەر دەسەڵات و بە باڵادەستیی حووسی کۆتایی هاتووە، بۆیە پێویستە دیفاکتۆ قبووڵ بکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
جارێکی دیکە، بۆچی کەتواریی (واقیعی) نەبین و مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنەدا نەکەین کە ئێستا دەسەڵاتداری سەنعایە، وەک چۆن لە رابردوودا لە سەردەمی ئیمام یەحیاوە تاوەکوعەبدولڕەحمان ئەریانی و تەنانەت سەرۆک عەلی عەبدوڵڵا ساڵح روویدەدا؟
راستییەکەی، ئەمەش کرا و تاقیکرایەوە، بەڵام حووسی وەک گرووپێکی ئایدیۆلۆژی رازی نەبوو ببێتە دەوڵەت و، بەردەوام بوو لە هەڵگیرساندنی شەڕ دژی سعوودیەی دراوسێی و ناوچەکە، پێش ئەوەش دژی گەلی یەمەن. وەک رێکخراوێکی چەکداری خاوەنی دامەزراوەی هاوتەریبی خۆی درێژەی بە کاری خۆیدا نەک وەک دەوڵەت.
لێرەوە بەراوردکردن لەگەڵ (داعش) و (حیزبوڵڵا) دێتە کایەوە، وەک بەراوردێک لە پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە، سەرەڕای جیاوازیی بیروباوەڕ و ئەزموونەکان. رێکخراوی داعش لەپێشتربوو، چونکە هەموو دەوڵەتەکانی رەتکردەوە و هەوڵی دامەزراندنی خەلافەتێکی دا کە سنوورەکان ببەزێنێت؛ دەوڵەتێکی بە پێوەرەکانی عەقیدەی خۆی دەویست.
حیزبوڵلا مۆدێلێکی دروستکرد کە بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دا بکات بە هێشتنەوەی هێزێکی چەکداری سەربەخۆی دوور لە لێپرسینەوە و کۆنترۆڵکردن و، وەک گرووپێک کاردەکات کە مەرجەعیەتەکەی دەرەکییە.
ناتوانین بڵێین حووسی دەوڵەتێکی یەمەنییە، یان "ئیمامەتی حووسیی یەمەنییە" وەک چۆن مۆدێلی "موتەوەکیلی" یان "کۆماری" هەبوون، چونکە حووسی گرووپێکی پاشکۆی ئێرانە. حووسی لە سەنعا تاوەکو رادەیەک وەک داعش لە مووسڵ یان حیزبوڵلا بوو لە باشووری لوبنان، کە دەوڵەتێکی بە پێوەرەکانی بیروباوەڕی خۆی دروستکردووە.
ئایا ئەم یاخیبوونە لەبەرئەوەیە کە لەلایەن دراوسێیەکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نەدراوەتە حووسی؟ لە راستی دا تەواو پێچەوانەکەی بوو؛ ئەمریکییەکان، ئەورووپاییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەرفەتێکیان پێدا کە هیچ رێکخراوێکی چەکداری ناوچەکە هەر خەونیان پێوە نەدەبینی و، رێککەوتننامەی ستۆکهۆڵم هات بۆ ئەوەی لە تێکشکان و داڕمان رزگاری بکات. ئەو حکومەتە رۆژئاواییانەی کە نەرمییان لەگەڵ نواند، سەرنەکەوتن لە مەدەنییکردنی و گۆڕینی بۆ سیستەمێکی ئاسایی.
پاشان ریاز، بە بەشداریی مەسقەت و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوکاتەدا، هەوڵیدا حووسی رابکێشێت بۆ ئەوەی ببێتە دراوسێیەکی ئاشتیخواز لە رێگەی رێککەوتن لەسەر دوورکەوتنەوە لە شەڕ؛ بۆ ئەوەش مووچەی فەرمانبەرانی درا، فڕۆکەخانە و بەندەری بۆ کرایەوە و شاندێک نێردرا بۆ "پایتەختەکەی" (سەنعا) و لەوێ لەگەڵیان دانیشتن و سەردانیان کردن، ئەمەش بەڵگەی دانپێدانانێکی سیاسی گەورە بوو. حووسی ئەمەی کردە پڕوپاگەندەی گەورە بۆ دەستکەوتی سیاسی و بژێوی کەڵکی لێوەرگرت.
لە ماوەی هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی حووسی تاوەکو ببێتە "دەوڵەتێکی" دراوسێی رێزگر، لەوکاتەدا لەگەڵ ئێران بە دزییەوە خەریکی بنیاتنانی توانای سەربازیی هێرشکاری بوو، ساڵی 2023 کۆتایی نەهاتبوو کە دیسان گەڕایەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی وەک گرووپێکی چەکداری سنووربەزێن.
حووسی، بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک لە لێکۆلینڤانان پێیانوایە، بریکارێکی دیکەی ئێرانە لە ناوچەکەدا، نەک پڕۆژەیەکی ئاسایی سیستەمی فەرمانڕەوایی یەمەنی. جیاوازیی روونیش هەیە لەنێوان هاوپەیمان و پاشکۆدا؛ هاوپەیمان ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی تۆدا یەکدەگرێتەوە، بەڵام پاشکۆ ئیرادەکەی بەستراوەتەوە بە ئیرادەی تۆوە.
ئەوەندەی زانینی نیازی ئەم گرووپە گرنگە کاتێک دەست بەسەر دەوڵەتێکی وەک یەمەن دا دەگرێت، هێندە ئایدیۆلۆژیا تووندڕۆکەی بۆ ئێمە گرنگ نییە.
عەبدولڕەحمان راشد، نووسەرێکی سعودی نزیک لە دیوانی شای سعودیەیە و، ئەم وتارە لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ی رۆژی 17-10-2026 وەرگیراوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
