رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرجەم فەرماندە باڵاکانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی کرد بۆ تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەی جورف سەخر و ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕینی هێزەکان لەو ناوچەیەدا.
نووسینگەی راگەیاندنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق درەنگی شەوی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026 رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی لەگەڵ نایف شمەری، وەزیری بەرگری، یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆ و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە؛ بە وردی باسیان لەو رێکارانە کرد کە بۆ گۆڕینی یەکە سەربازییەکان لە جورف نەسر دەستیان پێکردووە."
عەلی زەیدی بە فەرماندە باڵاکانی عێراقی گوت: "دەبێت هەموو لایەک بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و پیشەییبوونەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن." فەرمانیشی دا هێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و موڵک و ماڵەکانیان بکەن و بە تەواوی پابەندی فەرمانە سەربازییەکان بن، تاوەکو سەقامگیری لەو ناوچەیەدا بچەسپێت.
ئەم کۆبوونەوەیە پێش دەستپێکردنی پرۆسەی چوونەناوەوەی هێزە فیدراڵییەکان (سوپا و پۆلیسی فیدراڵی) بۆ نێو قووڵایی جورف سەخر ئەنجامدرا، کە بڕیارە لە کاژێر 6:00ـی بەیانیی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمەوە دەستپێبکات.
هاوکات عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی ئامادەیی تەواوی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان دەرکردووە، کە لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت. بەپێی فەرمانەکە، دەبێت تەواوی کارمەند و ئەفسەرانی لە مۆڵەتدان بەپەلە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.



