رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کوردانی قەوقاز بە بەشداریی 50 میوان لە 19 وڵاتەوە لە تفلیسی پایتەختی جۆرجیا بەڕێوەدەچێت. لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی ئایینەکانی موسڵمان، ئێزدی، کریستیان و جوو، لەگەڵ ئایینناسان، مێژووناسان، کۆمەڵناسان و چالاکڤانانی دیاسپۆرا، پرسی فرەڕەنگیی ئایینی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی و رۆڵی لە نەتەوەسازیدا تاوتوێ دەکەن.
زازا کالاشۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی جۆرجیا و رێکخەری کۆنفرانسەکە دەڵێت: ئەمە سێیەمین کۆنفرانسی کوردانی قەوقازە کە وەک براندی ئێمە و کۆمەڵەی رۆناهی لێهاتووە. ئەمساڵ بابەتەکەمان لەسەر فرەڕەنگیی ئایینی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدایە و زۆر دڵخۆشم کە لە تفلیس جارێکی دیکە یەکمان گرتەوە.
هەژاری شامیل، سەرۆکی ئینستیتوتی قەوقاز و رێکخەری کۆنفرانسەکە ئاماژە بە ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەکات و دەڵێت: ئێمە دەزانین فرەئایینییەک لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە؛ کریستیان، موسڵمان، ئێزدی، عەلەوی، جوو، یارسانی و ئەوانی دیکە. ئەندامانی ئەم ئایینانە چۆن دەتوانن رۆڵ لە نەتەوەسازیدا بگێڕن؟ تاوەکو ئێستا چ هەڵەیەک کراوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە دەبێت چی بکەین؟ ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکەمان ئەمەیە و لە 19 وڵاتەوە 50 میوانمان هاتوون.
پسپۆڕانی بەشداربوو فرەڕەنگیی باوەڕ و ئایین نەک وەک هۆکاری جیاوازی و لێکترازان، بەڵکو وەک هۆکاری پێکەوەبەستنەوەی کۆمەڵگەی کوردی دەبینن. هاوکات رۆڵی نەرێنیی ئایین و ئەو تراومایانەی بەهۆی توندوتیژییەوە دروست بوون، بوونەتە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە.
شێخ مورشد خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینیی ئیسلامی لەم بارەیەوە دەڵێت: ئامانجی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە لەگەڵ برادەرانی ئێزدی، کریستیان و جوو، هەوڵ بدەین ئەو سنوورانە هەڵبگرین. هیواشمان ئەوەیە لە کۆنفرانسەکانی داهاتوودا زەردەشتییەکان، یارسانییەکان و ئەهلی حەقیش بەشداربن، تاوەکو هەموومان پێکەوە کۆببینەوە و دەست بخەینە نێو دەستی یەکتر، لەپێناو داهاتوویەکی جوان بۆ گەلی کورد و کوردستان.
ئیسکۆ داسنی، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی جۆرجیا جەخت لە یەکێتیی نەتەوەیی دەکاتەوە و دەڵێت: با هەر کەسێک بە ویستی خۆی ئایینی خۆی هەبێت؛ من خۆم ئێزدیم و هەتاهەتایەش هەر ئێزدی دەبم، بەڵام پێویستە یەکێتیی نەتەوەکەمان هەبێت. من سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە و دەخوازم هەرێمەکەمان هێشتا بەهێزتر بێت.
قەهرەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی رەوەندی کوردستانی باس لە گرنگیی مێژوویی شاری تفلیس دەکات و دەڵێت: کۆنفرانسی قەوقاز بووەتە براند و هەموو ساڵێکیش پێش دەکەوێت. تفلیس لە رووی مێژووییشەوە شارێکی گرنگە و یەکەمجار شێخ عەبدولسەلام بارزانی هاتووەتە ئێرە و داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە.
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ناونیشانی کۆنفرانسەکەوە دەڵێت: فرەڕەنگیی ئایینی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا دروشمێکی زۆر جوانە. بۆ ئێمەی کورد زۆر ئاسایی و گرنگە بیروباوەڕی ئایینیی جیاواز هەبن و لەسەر ئێمە پێویستە ئەم بیروباوەڕانە بخەینە خزمەتی پێشخستنی وڵات، کۆمەڵگە و مرۆڤایەتییەوە.
زنجیرە کۆنفرانسەکانی کوردی قەفقاز لە ساڵی 2024ـەوە بە ناونیشانی جیاواز ساز دەکرێن و تیشکی هەموویان لەسەر وردبوونەوەیە لە پرسی نەتەوەسازی. لەم کۆنفرانسەشدا رۆڵی باوەڕەکان لە روانگەی پێشخستنی نەتەوەسازییەوە هەڵسەنگێندرا و جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت هەموو ئایین و باوەڕەکان پێشەنگایەتیی ئەو پرۆسەیە بکەن.


