رووداو دیجیتاڵ
دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت باسی گۆڕانکارییە گەورەکان دەکات لەسەر دەستی رۆبۆتەکان لە 20 ساڵی داهاتوودا و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی داهاتوودا، رەنگە لە جیهانێکی پڕ فراوانیدا بژین کە تێیدا خۆراک و پەناگە بە تێچوویەکی زۆر کەم یان بەخۆڕایی دابین بکرێن.
بە بیڵ گەیتس، ئەم وەرچەرخانە بەهۆی پێشکەوتنی گەورە لە رۆبۆتە مرۆئاساکان، کەرەستەکان و داهێنانی دەرمانی نوێدا روودەدات؛ هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی پێشکەوتنە خێراکانی ژیریی دەستکرد و رۆبۆتەکان، دەتوانن لە ماوەی دوو دەیەدا هەلیکاری مرۆڤ لە بەشێکی بەرفراوانی ئابووریدا نەهێڵن، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئەو تەکنەلۆژیایە تێچووی ژیان کەمدەکاتەوە و داهێنانە پزیشکییەکان خێراتر دەکات.
گەیتس لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی (دیکۆدەر)ـی ماڵپەڕی زە ڤێرج گوتی، ئەگەر گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد بەم خێراییەی ئێستای بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بکرێتەوە، بەمزووانە ئامێرەکان ئەرکە جەستەیی و هزرییە ئاڵۆزەکان دەگرنە ئەستۆ.
ئەو گوتی: "ئەگەر بڕیار نەدەین بە شێوەیەکی بەرفراوان خاوی بکەینەوە یان بیوەستێنین، ئەوا رۆبۆتمان دەبێت کە دەتوانن خانوو دروست بکەن، خۆراک بەرهەمبهێنن و نەشتەرگەری بکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە زۆربەی ئەو ئەرکە ئابوورییانەی ئێستا لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێن، چیدیکە بۆ بەرهەمهێنانی زۆربەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان پێویست نەبن.
کرێکاران رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە
گەیتس ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گۆڕانکاری و پەکخستنە لە ئێستاوە لە پیشەسازی و کارە نووسینگەییەکاندا دەستی پێکردووە، کە تێیدا سیستمەکانی ژیریی دەستکرد ئەرکەکانی وەک خزمەتگوزاریی کڕیاران، فرۆشتن لە رێگەی تەلەفۆن و ژمێریاری زۆر خێراتر، هەرزانتر و وردتر لە مرۆڤ رادەپەڕێنن.
ئەو گوتی: "کاتێک ژیریی دەستکرد دەگاتە ئاستی زیرەکیی سەروو مرۆڤ، دەگمەنی و بەهای کارامەییە نووسینگەییەکان نامێنێت."
خانووی هەرزانتر و وەرچەرخانە پزیشکییەکان
سەرەڕای هۆشدارییەکانی سەبارەت بە لەدەستدانی هەلی کار، گەیتس جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەم تەکنەلۆژیایە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنرێت، "سوودی کۆمەڵایەتیی زۆر گەورەی دەبێت."
گەیتس گوتی: "ئەگەر رۆبۆتەکان بتوانن بە تێچوویەکی کەمتر خانوو دروستبکەن و ژیریی دەستکردیش یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکان، ئەوا ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت ئاستی گوزەران باشتر بکات و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان فراوانتر بکات."
بەگوتەی گەیتس، خۆکاری (ئۆتۆماتیک) بەرفراوان دەتوانێت کێشەی کەمیی دەستی کار لە پیشەسازییە هەستیارەکاندا چارەسەر بکات، نرخی کاڵا سەرەکییەکان دابەزێنێت و دۆزینەوە زانستی و پزیشکییەکان خێراتر بکات کە ئێستا بەهۆی سنوورداریی توانای مرۆڤەوە خاو بوونەتەوە.
قۆناخێکی راگوزەری پڕ لە ئاڵۆزی بۆ ماوەی 20 ساڵ
ئەو ملیاردێرە خێرخوازە جەختی لەوە کردەوە، نیگەرانیی سەرەکیی ئەو لە دەرەنجامی کۆتاییدا نییە، بەڵکو لەو قۆناخە راگوزەرە ناسەقامگیرەدایە کە بەرەو ئەو دەرەنجامەمان دەبات.
گەیتس گوتی: "نیگەرانییە گەورەکەی من ئەم قۆناخە راگوزەرە 20 ساڵییەیە کە تێیدا براوە و دۆڕاو دەبن و پشێوی و گۆڕانکاریی زۆر روودەدات؛ دەبێت ئێمە ئەو قۆناخە تێپەڕێنین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو سەردەمی خۆشگوزەرانییە."
لە دەرەوەی پرسی لەدەستدانی مووچە و داهات، گەیتس ئاماژەی بەوەش کرد، "کارکردن و رێکخستنی رۆژانە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە بوونی ئامانج لە ژیاندا بە مرۆڤ دەبەخشێت؛ ئەمەش پرسیاری قورس دەوروژێنێت لەبارەی ئەوەی چۆن کۆمەڵگەکان خۆیان دەگونجێنن کاتێک ئامێرەکان بەشێکی زیاتری کارەکان دەگرنە ئەستۆ."
گەیتس داوای لە حکومەت و سەرکردەکانی بواری پیشەسازی کرد هەر لە ئێستاوە سیاسەت و پلانی پێویست ئامادە بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستکەوتە ئابوورییەکانی ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەرفراوان دابەش دەکرێن و گوشاری سەر ئەو کرێکار و کارمەندانەش سووک دەکرێت کە کارەکانیان لەدەست دەدەن.



