رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، باسی ئەو ئاستەنگییانەی کرد کە تیپەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی سێلتاڤیگۆدا رووبەڕووی بووەوە، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر یاریزانی تیپەکە لە باشترین ئاستی جەستەییدا نەبوون، بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزیان پێشاندا.
ریال مەدرید، ریمۆنتادای بەسەر میوانەکەیدا کرد، پاشئەوەی لە گێمی یەکەمدا گۆڵێکی لێکرا و لە گێمی دووەمدا لە رێگای جود بێلینگهام و کارلۆس ئێسپییەوە، ئەنجامەکەی هەڵگێڕایەوە.
مۆرینیۆ لە دوای یارییەکە دەڵێ، لایەنی پۆزەتیڤی زۆرم بینی، لە نێویاندا ویستی یاریزانەکان بۆ بردنەوە و تێپەڕاندنی قورسییەکان.
ئەو هەروەها دەڵێ، "یارییەکی زۆر قورس بوو، یەکەم لەبەرئەوەی سێلتاڤیگۆ تیپێکە دەزانێ چۆن بەرگری بکات، هەروەها کۆنترۆڵی تۆپ بکات، دووەم لەبەرئەوەی دەزانێت چۆن ئاراستەی یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت".
سپێشەڵ وەن زیاتر دەڵێ، "زۆر یاریزانی خۆمم بینی کە لە باشترین دۆخی جەستەیی خۆیاندا نەبوون، یاریزانمان هەیە رۆژی پێنجشەممە گەیشتووەتەوە مەدرید، هەروەها هەیە شەوی چوارشەممە لە رێگا بووە و نەخەوتووە، ئەمە جیا لە گەشتی درێژی هەندێک یاریزان بەفڕۆکە. توانای جەستەیی کاریگەریی لەسەر توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ دروستدەکات".
ئاماژەی بەوەداوە کە، "هەر یەکەم لێدانمان کە براهیما کۆناتێ جێبەجێیکرد، بۆ دەرەوەی یاریگا بوو، ئەوەش نیشانەیەکی باش نییە بۆ سەرەتای یاریی".
راهێنەرەکە دووپاتیکردووەتەوە، "وێڕای ئەوەش من زۆر لایەنی پۆزەتیقم بینی، لە نێویاندا ئەو یاریزانانە ویستی بردنەوە و توانای بردنەوەیان هەبوو، لەگەڵ تێپەڕاندنی زەحمەتییەکان. هەروەها لە هێڵی ناوەڕاستدا یارییەکەمان بە یارییکردنی ئاردا گولەر و جود بێلینگهامەوە کۆتایی پێهێنا، لەکاتێکدا ژمارەیەک یاریزانمان هەبوو شەکەت بوون، بەڵام روون بوو کە ویستی جەنگانیان بەهەموو هێزی خۆیانەوە هەبوو".
مۆرینیۆ دەڵێ، دوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە 1 - 1 گۆڵ،
دۆخەکە وەک هەڵکرنی زریانی لێهات، تۆپمان لەدەستدەدا و بەخێرایی بەدەستمان دەهێنایەوە، دواتر لەدەستمان دەدا و بەدەستمان دەهێنایەوە، لە کۆتاییدا بووینە زریانێک و خاڵەکانی یارییەکەمان برد، ئەوە گرنگترین شت بوو.
راهێنەری ریال مەدرید، پەسنی تواناکانی یاریزانەکانیدا و گوتی، "ئەوان کۆمەڵێک کەسی زۆر بەهێزن، کۆمەڵێک کەس کە توانای تێپەڕاندنی زەحمەتییەکانیان هەیە و دەزانن چۆن لە دۆخە قورسەکاندا، بجەنگن".
مۆرینیۆ زیاتر گوتوویەتی، هەموو ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە بەئاسانی ببەینەوە، یاریی کۆتایی بێت و هەموومان ئارام بین، سێ تاوەکو چوار گۆڵمان کردبێت و پێبکەنین، بەڵام هەموو کات ئەوە روونادات، هەر بۆیە دەبێ لەو کاتە قورسانەدا، کەسایەتیی خۆمان پێشان بدەین.
ریال مەدرید لە نۆ یاریی رابردوویدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، نۆ بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێناوە، چاوی لە بردنەوەی ژمارە دەیە، کاتێک لە ناوەڕاستی هەفتەدا و لەسەر یاریگای خۆی لە چامپیۆنزلیگ، میوانداریی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەکات.



