رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی حکومەتەکەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە و رایگەیاند، نزیکەی تەواوی ئەشکەوتەکانی خواکورک، زاپ و مەتین لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە چۆڵکراون.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 کۆبوونەوەی ژمارە 22مین کۆبوونەوەی ئەم ساڵی کابینەی کۆماریی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە پرۆسەی چارەسەری بوو.
کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێر و 40 خولەکی خایاند و کاژێر شەشی ئێوارە کۆتایی هات و رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گوتی: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە سیاسەتی دەوڵەتە، تەقەڵ بە تەقەڵ دەیچنین و بە ئارامی و پێداگرییەکی زۆرەوە بەرەوپێشی دەبەین. لەپێناوی ئەوەی پرۆسەکە تووشی هیچ رووداوێک نەبێت، زۆر بە وردی کاری لەسەر دەکەین. سوپاس بۆ خوا بەرهەمی ئەرێنیی ئەم هەستیارییەشمان دەبینین. ماوەی دوو ساڵە هیچ یەک لە هەوڵە تێکدەرییەکانی دژی پرۆسەکە سەریان نەگرتووە".
"نزیکەی تەواوی ئەشکەوتەکانی خواکوڕک، زاپ و مەتین چۆڵکران"
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها دەڵێت، دوو ساڵە رێگەیان نەداوە هیچ هەوڵێکی تێکدەرانەی دژی پرۆسەکە سەربگرێ.
لەبارەی هەنگاوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پرۆسەکەدا گوتی:" ئێمە ئارەزوو دەکەین پرۆسەکە چۆن دەستی پێکردووە و چۆن گەیشتووەتە ئەمڕۆ، تاوەکو دەگاتە دوامەنزڵی خۆی، هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت. لە کۆتایی هەفتەدا هەواڵی یەکجار خۆشمان پێگەیشت. چۆڵکردنی 14 ئەشکەوتی دیکە مسۆگەر کرا. بەمەش نزیکەی هەموو ئەشکەوتەکانی ناوچەی خواکوڕک، زاپ و مەتین چۆڵکران. سەرۆکی پەرلەمانمان سەردانەکانی بۆ لای فراکسیۆنی پارتە سیاسییەکان تەواو کرد. نووسراوەکانی بانگهێشتکردنی ئەندامان بۆ کۆمیسیۆنی چاودێری، لەم هەفتەیەدا دەنێردرێن. بێ ئەوەی تەنانەت یەک هەنگاویش بۆ دواوە بگەڕێینەوە، بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕۆین و خوا یار بێت، ئەم پرسە بە تەواوی لە رۆژەڤی گەلەکەمان دەردەکێشین".
"خەڵکەکەمان چیدی نایەوێ زەرەرمەند بێت"
ئەردۆغان کە پێداگریی خۆی و حکومەتەکەی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە رایگەیاند: "ئەم خەڵکە، هەر رەچەڵەکێک بێت، چیتر نایەوێت زەرەرمەند بێت. ئێمەش وەک هاوپەیمانی و دەسەڵات لە هەوڵی بەدیهێنانی ئەوەداین. زۆر بە باشی درک بەو سپاردەیە دەکەین کە لەسەر شانمانە. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، دڵ و دەروون و تەنانەت جەستەشمان خستووەتە ژێر بارەکەوە".
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ئەم پرۆسەیە تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رەتیکردەوە پرۆسەی چارەسەری تەنیا پرسێکی ئەمنی بێت و گوتی:"کاتێک کێشەی تیرۆر نامێنێت، هەموو کێشە درێژخایەنەکانی تورکیا چارەسەر نابن. لەپێشماندا چەندین پرسی وەک بەهێزکردنی توانای سیاسەتی مەدەنی لە چارەسەرکردندا، هەروەها رزگارکردنی دیموکراسی لە شەرمەزاریی دەستووری کودەتا هەن. لەگەڵ گۆڕانی جیهان و گۆڕانی تورکیادا، چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕێن و ئەمانە دێنە نێو رۆژەڤی سیاسەتەوە. هەرچەند چەک و تووندوتیژی لە هاوکێشەکە بچنە دەرەوە، چارەسەرکردنی پرسەکانمان ئاسانتر دەبێت".
"گەوهەری سیاسەت دیالۆگ، دانوستاندن و سازانە"
لەکاتێکدا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ لە سەروبەندی کشانەوەیە لەو پشتیوانییەی بۆ پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی دەکرد و بە جۆرێک کشانەوەی راگەیاندووە، ئەردۆغان رەخنەی لە پارتی نوێ گرت بەوەی بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو ناگرێت و گوتی:" نابێت لە سیاسەتدا تێکدەری هەبێت. نابێت پردەکان بسووتێندرێن، جووڵانەوە بە هەوەسی هەرزەکارانە و لاساریکردن لە سیاسەتدا نابێت. گەوهەری سیاسەت دیالۆگ، دانوستاندن و سازانە. بەنیازین پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە نوێترین سازانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گونجاو بەرەوپێش ببەین. رێگە نادەین پرسێکی لەم شێوەیە بکرێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی کارتی گوشار".



