رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە جۆری (ئەی ئێس 532) لەکاتی مەشق و راهێناندا کەوتە خوارەوە و لە رووداوەکەدا پێنج سەرباز گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە نزیکەی کاژێر 8:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 24-11-2026 لە ناوچەی یۆروک ئاکچایری سەر بە پارێزگای ئەسکیشەهیری تورکیا روویداوە و فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی تورکیا بووە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: "هێلیکۆپتەرێکی جۆری (ئەی ئێس 532)ـی سەر بە هێزی ئاسمانیمان کە بۆ مەشق و راهێنان لە ئەسکیشەهیرەوە هەڵفڕیبوو، کەوتەخوارەوە. پاشماوەی تێکشکاوی هێلیکۆپتەرەکە دۆزراوەتەوە و هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن."
وەزارەتی بەرگری هەروەها رایگەیاندووە، پێنج سەربازی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
دوای کەوتنی هێلیکۆپتەرەکە ئاگر کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی گەورەشارەوانیی ئەسکیشەهیر و تیمەکانی ئافاد رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.



