بانگهێشتکردنی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی فەرمیی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران، تەنیا بانگهێشتێکی پرۆتۆکۆلی و تەشریفاتی نییە؛ بەڵکو نیشانەی پێگەی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر و گرنگیی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە هەرێمییەکاندایە. ئەم بانگهێشتنامەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگییەکی تایبەت بەم پەیوەندییانە دەدات و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەک دەبینێت کە لە ساڵانی رابردوودا بە گرتنەبەری رێبازێکی هاوسەنگ، رۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی کەناڵەکانی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکە لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناخەکانی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان و لە ئەکتەرە دیارەکانی هاوکێشە هەرێمییەکان لە ساڵانی رابردوودا هەژمار دەکرێت. ئامادەبوونی چالاک و بەردەوامی بەڕێزیان لە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکاندا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان، پێگەی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەرخستووە و تیشکی خستووەتە سەر رۆڵی تادێت گەشەسەندووی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەدا. قەیرانەکانی ئەم دواییانە بە روونی ئەوەیان سەلماند کە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و کورد بەگشتی، وەک ئەکتەرێکی سەرەکی دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و تەنانەت یەکلاکەرەوە لە هاوکێشە و قەیرانەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت؛ کەسایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش دەکرێت وەک سیمبوولئ ئەم پێگە و رۆڵە سەیر بکرێت.
ئەوەی پێگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جیاواز و بێ وێنە دەکات، توانای بەڕێزیانە لە پاراستنی "دیپلۆماسیی هاوسەنگی"؛ رێبازێک کە لەسەر بنەمای واقیعبینیی سیاسی، گفتوگۆ و مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان داڕژێراوە ،چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. لە دۆخێکدا کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی قەیرانی یەک لەدوای یەک و ململانێی بەرفراوانی جیۆپۆلیتیکی بووەتەوە، ئەم جۆرە دیپلۆماسییە نەک هەر یارمەتیدەر بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەم پەیامەشی بە کارەکتەرە سیاسییەکانی ناوچەکە گەیاندووە کە هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسییەکەی دەتوانن لە جیاتی ئەوەی وەک بەشێک لە کێشەکە سەیر بکرێن، وەک بەشێک لە چارەسەر و هۆکارێک بن بۆ سەقامگیری، هاوکاری و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە هەرێمییەکان.
لەم روانگەیەوە، ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم مەراسیمەدا، تەنیا بەشداریکردن لە مەراسیمێکی فەرمیدا نییە؛ بەڵکو هەڵگری پەیامێکی سیاسییە سەبارەت بە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ، رێزی بەرامبەر لە نێوان لایەنەکاندا و بەڕێوەبردنی بەرپرسانەی پەیوەندییەکانی نێوان دراوسێیەکان. واقیعی جوگرافی، پەیوەندییە مێژووییەکان و هاوبەشییە کولتوورییەکان، وڵاتانی ناوچەکەیان پێکەوە گرێداوە و هونەری سیاسەتکردنیش لەوەدایە کە ئەم هاوسێیەتییە مێژووییە، بگۆڕدرێت بۆ هاوکاریی بەردەوام، متمانەی قووڵی لایەنەکان و پێناسەکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستە ئەم سەردانە لە چوارچێوەیەکدا هەڵسەنگێندرێت کە فراوانتر و قووڵتر بێت لە پرۆتۆکۆلە دیپلۆماتییەکان. ئەم سەردانە دەتوانێت جەخت لەسەر ئەو راستییە بکاتەوە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، سەقامگیریی بەردەوام نەک لە رێگەی رووبەڕووبوونەوە، بەڵکو لە رێگەی گفتوگۆ, عەقڵانیەتی سیاسی و لێکتێگەیشتنی بەرژەوەندییەکان بەدەست دێت. بەردەوامیی دۆخێکی لەم شێوەیە، جیا لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر، دەتوانێت هاوکار بێت بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی سەقامگیرتر و لەبارتر بۆ گەشەپێدان، هاوکاری و ئاسایشی هاوبەش لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە کار و پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی دا رەنگدەداتەوە وەک سیمبوولی سەقامگیری .



