ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2026، بە مەبەستی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی سەردانی ئیستەنبووڵم کرد لە تورکیا. لەنێو 12000 بەشداربوودا ئێمە وەک باشترین داهێنان لە نوێگەریی رێبراندینگ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا خەڵاتەکەمان بردەوە، کە جگە لە رووداو هیچ میدیایەکی دیکە نەیتوانی ئەم کەتەگۆڕییە بباتەوە. هەروەها ئەمە دەبێتە سێیەمین خەڵاتی بەشی کریەیتیڤی تۆڕی میدیایی رووداو تەنیا لە ئەم ساڵ دا لە دوای خەڵاتەکانی دیزاینی فەڕەنسی و دیزاینی براندی ئەڵمانی.

کاتێک گەیشتمە بەردەم هۆڵی پێشوازی ئاهەنگەکە، گوتم، "لە تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێرەوە هاتووم." یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە لەبەردەم هۆڵەکە گوتی، "دیسان رووداو! چەند جارێکە ناوی کەناڵەکەتان دەبیستم." گوتم، "هاتووم بۆ وەرگرتنی حەوتەمین خەڵاتی ستیڤی." بەدڵخۆشییەوە پێشوازیی لێکردم.
خاڵێک کە سەرنجی منی راكێشا، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ئاهەنگەکە لەنێو 82 کۆمپانیای زەبەلاح، رێکخراو، دەزگا و کەناڵی گەورە، ناوی رووداو لە ریزبەندیی سەرەتاکان و سێیەمین دانرابوو، بەهۆی ئەو سەرکەوتنە بەردەوامەکانی.

دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە
دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێز ئادەم دەمیر، بەرپرسی رووداو - تورکی و نوێنەری رووداو لە تورکیا پێشوازیمان لێکرا، لە بەشێک لە میدیا گەورە و کاریگەرەکانی تورکیا و پیرۆزباییان لە رووداو و تیمی کریەیتیڤ کرد. لەم سەردانەم بۆ میدیا گەورەکانی تورکیا، بە دەرفەتێکی گرنگم زانی بۆ گەڕان و دۆزینەوەی بیرۆکەی داهێنەرانە بۆ تیمەکەم و گەڕان بەنێو باڵەخانەی کەناڵەکان لە نزیکەوە، ببینم کە چۆن و بە چ شێوازێک دیزاین، ستایلی مۆدێرن، کارە تەکنیکییەکانیان و سیستمی کەناڵەکەیان بەڕێوەدەبەن؛ بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی ئیلهام بەخش بۆ تیمی کریەیتیڤی رووداو.

سەردانی هەریەک لە کەناڵ و دامەزراوەکانی ئێن تیڤی، بلوومبێرگ، هابەرتورک، شۆهەبەر، تەرەتە هەبەر، تەگەرەتە، هابەرتورک سپۆر، ئاژانسی ئیها و رۆژنامەی تورکیام کرد. لە هەر سەردانێکم کە ناوی رووداوم دەهێنا، زۆر بە دڵخۆشییەوە پێشوازیم لێدەکرا و دەیانگوت، "ئێوە سەرچاوەی ئاشكراگۆی هەواڵ و زانیاریین بۆ ئێمە!"

لە کەناڵی ئێن تیڤی لەگەڵ یەگز شەنکەل، بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی کەناڵەکە کۆبوومەوە، کە یەکێکە لە رۆژنامەڤان و بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووی کەناڵەکە. گفتۆگۆیەکی گەرم و دۆستانەمان کرد لەسەر شێوازی کارکردن. پێیگوتم، "رووداو بۆ ئێمە سەرچاوەیەکی سەرەکی و گرنگە بۆ وەرگرتنی هەواڵی ناوچەکە، بەتایبەت لە عێراق، ئێوە ئاراستەیەکی سەركەوتوو و گۆڕانێكی ریشەییتان لە میدیای كوردستان دا دروستكردووە."

هەر لەبارەی رووداوەوە؛ چەتینەر چەتین، رۆژنامەڤان و هاوئاهەنگیکاری سیاسەتی ئاسایشی کەناڵی هەبەرتورک جەختی کردەوە، "ئێستا رووداو براندێكی گەورە و ناسراوی میدیایی کوردییە لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە، ئێمە بۆ هەر هەواڵێکی ناوچەکە رووداو وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ و متمانەپێکراو دەبینین و ئێوە ئازادانە کار دەکەن و کاریگەریی هیچ لایەنێکتان لەسەر نییە، پەیامەکانتان روونن."

کاتێک سەردانی کەناڵی تەرەتە هەبەرم کرد، کە یەکێکە لە میدیاکانی تەرەتە وۆرڵد؛ لەگەڵ زەینەڵ یەمان، بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی کەناڵەکە لە کۆبوونەوەیەکی گەرم و دۆستانەدا باسم لەوە کرد، ئێستا رووداو ریکۆردی گینسی شکاندووە؛ ئەویش پیرۆزبایی کرد و باسی لەوە کرد، "ئێمە جگە لە رووداو ناوی هیچ میدیایەکی دیکە نازانین کە لە عێراق بێت. هەر رۆژەڤێک لە ناوچەکە رووبدات، وەکو سەرچاوەی سەرەکی پشت بە هەواڵەکانی رووداو (بەشی تورکیی رووداو) دەبەستین."

لە زۆربەری ئەو میدیایەنەی سەردانم دەکرد، کە پلاتفۆڕمەکانی رووداو دیجیتاڵم نیشاندەدان، بە سەرسووڕمانەوە ورد دەبوونەوە کە چۆن هێندە بینەرمان هەیە لە سۆشیاڵمیدیا، لە کاتێکدا ئەوان دەیان هێندەی رووداو کارمەند و کەرەستەی مرۆییان لەبەردەستە. بیرمە لە ئێن تیڤی خەلیل دەمیر، دەرهێنەری هەواڵی کەناڵەکە کە بینیی رووداو ریکۆردی گینسی شکاندووە، زۆر بەلایەوە سەیر بوو و دەیگوت، "پیرۆزتان بێت و شایەنن، ئێوە لە باڵەخانەیەکی بچووک و بە بودجەیەکی سنووردار ئەم ریکۆردەتان شکاندووە".

کاتێک لەگەڵ دیزاینەرەکان و بەشی کریەیتیڤی کەناڵەکان کۆدەبوومەوە و بەرهەمەکانی بەشی کریەیتیڤ و مۆشن گرافیکەکانی رووداوم نیشاندەدان؛ بەراوردیان دەکرد لەنێوان کارەکانیان و دەیانپرسی، ئەو دیزاینە بە چەند کات دروستکراوە؟ زۆر بەلایانەوە سەرنجڕاکێش و پرۆفێشناڵ بوو، ئەوەی دەمبیست بەرامبەر دیزاینەکان تەنیا وشەی "واو!" بوو. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی رابردوو لە دیزاینەکانی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو کردبوومان، بەهۆی مۆدێرنیزم و ستانداردەوە، هۆکارێک سەرەکی بوو بۆ جێگەی تێڕامان و سەرنجی دیزاینەرەکانی میدیاکانی تورکیا.

دڵخۆش بووم کە دەمبینی رووداو چەندە کاریگەر و جێگەی سەرنجە بۆ میدیا گەورەکانی تورکیا و، پێشوازییەکی گەرمی لێدەکرێت و وەکو سەرچاوەیەکی ئاشکراگۆ و بەهێز بۆ هەواڵ و زانیارییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەیر دەکرێت. جگە لە رووداو، هیچ میدیایەکی دیکە نابێتە سەرچاوەی زانیاری بۆ تورکیا، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە کە میدیایەکی کوردی لە هەرێمی کوردستانەوە بتوانێت بەم شێوەیە جێگەی متمانە بێت بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان. لێرەدا دەگەینە ئەو عەقڵە ستراتیژییەی پشت تابلۆکە، کە رۆژ بە رۆژ رووداو بەهێزتر دەکات و وەک براندێكی ناسراو لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە و جیهان دەیهێڵێتەوە.



