کە گوێ لە حەیران و گۆرانی فۆلکلۆریی کوردی دەگری، وێنەیەکی دۆخی کۆمەڵایەتیی کوردی لە سەردەمەکانی پێشوودا دەبینی، کە جۆرێک لە یاخیبوون و کرانەوە و ئازادیی کۆمەڵایەتی دەبینی، تەنانەت لە حەیران بەوپەڕی بێ پەردەییەوە باس لە جوانی دڵبەر و تەنانەت ساتەکانی کاتی ژوانی دڵدارانیش دەکرێ، لە هەموو مەجلیس و دیوەخان و ماڵێکیش بەوپەری ئاسایی دەگوترانەوە و گوێیان لێ دەگیرا، کەس نەهات بڵێت دەبێ سزا بدرێن و بێدەنگ بکرێن، ئەوان رێگەیان خۆشکرد بۆ کرانەوەی کۆمەڵایەتی، چونکە تاک لێیانەوە فێری دەربڕینی راستەوخۆی هەستەکانی، رەخنەگرتن لە دابونەریت و داکۆکیکردن لە ئازادییەکانی خۆی دەبوو. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا دژ بە دەنگی ژنان و گەنجان، بەتایبەت لەم دواییانەدا دژ بە هونەرمەند سەنا بەرزنجی دەبینرێت، تەنها رەخنەیەکی هونەری نییە، بەڵکو هێرشێکی سیستماتیکە بۆ سەر ئازادیی دەربڕین بە ناوی ئادابی گشتییەوە.
ئەم هێرشە نوێ نییەو هەر بە تەنیا دژی ئەم گۆرانییە (مەیلەنگێنە) نییە، دژی هەموو کار و جولەیەکی ئەم خانمەن، خۆزگە سەنا و باوکی، گۆرانییەکی دیکەیان هەڵدەبژارد، ئەوکات دەبینرا کە هەمان کاردانەوە (رەنگە کەمتر) دەبینرا، هەر یەک دوو مانگ پێش ئێستا بوو، کاتێک سەنا بەرزنجی گۆرانیی (نەهاتی) بڵاوکردەوە، هەمان ئەم دەنگە دژانە گوتیان: بۆچی شیعری مەحوی دەكاتە گۆرانی؟!، کە گۆرانی بۆ سلێمانی گوت، گوتیان تۆ بۆت نییە گۆرانی بۆ سلێمانی بڵێی! پێشتریش لە دژی لەیلا فەریقی و زۆر لە دەنگە ژنەکانی دیکەدا، ئەم هێرشانە هەبووە. ئەم جارەیان بیانووەکە نوێترە؛ دەڵێن؛ چۆن باوک و کچ پێکەوە دوێت دەکەن و لە گۆرانییەکەدا باسی جەستەی ژن دەکرێت؟
لە هونەری فۆلکلۆری کوردیدا، زۆر لە وشە و دەستەواژەی رووت و ئیرۆتیک هەن، کە رەگ و ریشەیان لە قووڵایی مێژوو و فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا هەیە. ئەوانە جێی نەنگی نین، بەڵکو بەشێکن لە ئەنترۆپۆلۆجیای زمانی کوردی. بۆ نموونە، لە زۆر لە بەستە و حەیرانە کوردییەکاندا، وەسفی باڵا، پرچ، روومەت و تەنانەت ئەندامانی جەستەی ژن وەک سیمبوولێکی جوانی و سۆز بەکارهاتوون؛ گۆرانییەکان، یان لاوک و بەستە فۆلکلۆرییەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان پڕن لەم وەسفە جوانکارییانە.
ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێت فۆلکلۆر لەپاڵ پاكتاوی ئەخلاقیی رووکەشدا تەسفییە بکەن، لە راستیدا دەیانەوێت مێژوویەکی دەوڵەمەند بسڕنەوە. ئەگەر بەم ئاراستەیە بڕۆین، دەبێت سبەی حەسەن زیرەک، ماملێ و هەموو کۆچکردووانی دیکەیش تاوانبار بکەین و گۆرانییەکانیان قەدەغە بکرێن! یان بە لایەنی کەمەوە کەس ناوێرێ گۆرانییەکانیان بڵێتەوە، کە گوتنەوەیان بەشێوەی رێکوپێک خزمەتێکی گەورە دەکات بۆ ئەوەی ئاسانتر بگات بە گوێی نەوەی نوێ.
جگە لەوەش، لە رووی هونەرییەوە، (دوێت) واتە گوتنی هاوبەش لە نێوان دوو دەنگدا، پەیوەندی بە ژیان و پەیوەندیی خێزانیی کەسەکانەوە نییە. سەدان نموونەی جیهانی و خۆماڵی هەن، کە دوێتی سەرکەوتوو لە نێوان کەسانی بێگانە، یان تەنانەت ئەندامانی خێزاندا کراوە، چونکە گۆرانی شانۆیەکی هونەرییە و تێیدا کەسەکان رۆڵ دەگێڕن، نەک لێدوان لەسەر ژیانی تایبەتی خۆیان بدەن، ئەمە چ بیرکردنەوەیەکە پێی وابێت باوکێک، گۆرانی بەسەر جەستەی کچەکەیدا دەڵێت!؟ ئەوانەی ئاوا بیردەکەنەوە، کێشە لە بیرکردنەوەکەیانە، نەک خەڵکی دیکە.
لێرەدا دەگەینە خاڵی هەرە مەترسیدار؛ ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت، پۆپۆلیزمی ئەخلاقییە. پۆپۆلیزم تەنها لە سیاسەتدا مەترسیدار نییە، بەڵکو لە کولتووریشدا جۆرێکە لە دیکتاتۆریەتی رووکەش. دیکتاتۆری کلاسیک پشت بە زۆرەملێ و یاسای سەربازی دەبەستێت، بەڵام پۆپۆلیستەکان دەمامکی (خەڵک) لەبەر دەکەن و بە ناوی کۆمەڵگە و شەرعییەتی جەماوەرییەوە، ئازادیی تاک و کار و بزافی هونەری سەرکوت دەکەن. پۆپۆلیستەکان زۆرینەیەکی دەستکرد لە پشت خۆیانەوە دروست دەکەن بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چێژی هونەری، شێوازی جلوبەرگ و ستایلی هونەری بەتایبەت لای ژنان بدەن، لە کاتێکدا ئەو پۆپۆلیستانە هەرگیز نوێنەرایەتی راستەقینەی رۆشنبیری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە ناکەن. هەر سەیری ئەم پۆستانەی هونەرمەند سەنا خۆی بکەن، دەیان هەزار کاردانەوەی سەرسامی و لەگەڵبوون دەبینن، کۆمێنتە نەرێنییەکان زۆر کەمترن لە پشتیوانییەکان.
وڵات و کۆمەڵگە هەر تەنیا بە بەرزکردنەوەی باڵەخانە، قیرتاوکردنی رێگاوبان و پەرەپێدانیی مادی پێش ناکەوێت و گەشە ناکات. ئەگەر کار لەسەر زیندووڕاگرتنی هۆشیاریی فەرهەنگی، کرانەوەی هزری و پاراستنی ماف و ئازادییە هونەرییەکان نەکرێت، ئەوکات مرۆڤەکان دەبنە بووکەڵەی بێڕۆح؛ کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هونەر و رۆشنبیری و داهێنان بخرێتە ناو قاڵبی سانسۆرەوە، داهاتوویەکی گەشی نابێت.
هەرێمی کوردستان، خاوەنی چەکی ئەتۆم و موشەکی دوورهاوێژ نییە، تەنانەت چەکی دژەدرۆنیشی نییە، ئەوەی هەیبووە و جێی شانازی بووە و نازناوی (عێراقەکەی دیکە)ی وەرگرت، هەبوونی ئازادییە گشتییەکان بووە، هەر ئەو جیاوازییانەمان بوو وایکرد دنیا لە داعشی پاراستین، بەداخەوە تا دێت لە هەموو بوارەکاندا ئازادی سنووردار دەکرێت، ئەوەی داعش دەیویست نەمێنێت.
کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی ئێمە لەم بازنە داخراوەی پۆپۆلیزمی رووکەش بێتە دەرەوە. دەبێت دەنگی هونەرمەند سەنا بەرزنجە و هەموو دەنگە ئازاکانی دیکە، وەک بەشێک لە ناسنامە و فرەڕەنگیی فەرهەنگەکەمان ببینرێت، نەک وەک قوربانییەک لە بەردەم لافاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەیریان بکەین. دەنگی سەنا و هەموو هونەرمەندان و رۆشنفکران و ئەدیبان و رۆژنامەڤانان و گەنجانی نوێخواز، هەناسەی ئەم کۆمەڵگەیەن؛ تکایە مەیبڕن!



