رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، فڕۆکەیەکی نەناسراو هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لەکارکەوتوو لە باکووری رۆژئاوای سووریا کە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەی لێیە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، هێرشەکە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 18-08-2026، کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهوور لە پارێزگای ئیدلب.
ئەو فڕۆکەخانە سەربازییە لە ساڵی 2012ـەوە لەکارکەوتووە و لەژێر پارێزگاریی هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریادایە. سەرچاوەکە هیچ زانیارییەکی لەبارەی زیانی گیانیی هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو بۆردوومانە رانەگەیاندووە.
هاوكات میدیاکانی تورکیا و سەرچاوە مەیدانییەکان بڵاویانکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی چوار مووشەکەوە بووە و راستەوخۆ رێڕەوی فڕۆکەخانەکەی کردووەتە ئامانج، کە تەنیا نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی باشووری تورکیاوە دوورە. بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، هێرشەکە زیانی مادی بە شوێنەکە گەیاندووە، بێ ئەوەی هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەلایەن لایەنە تورکی یان سوورییەکانەوە بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان بڵاوبکرێتەوە.
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسدا سەبارەت بەو هێرشە تەنیا گوتی "هیچ لێدوانێکمان نییە". ئیسرائیل لە دوای رووخانی دەسەڵاتی چەندین ساڵەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر دەستی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، سەدان هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر خاکی سووریا.
جگە لە ئیسرائیل، پێشتر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی رێکخراوی داعش، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر سەرکردە جیهادییەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە ئێستا سووریا خۆیشی بووەتە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە.
فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهوور کە لە کاتی شەڕی ناوخۆیی سووریادا زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، لە کۆتایی ساڵی 2018ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئەسەددابوو، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان سێ ساڵ پێشتر زۆربەی ناوچەکانی ئیدلبیان کۆنترۆڵ کردبوو؛ بەڵام لە دوای گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە دیمەشق، هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەکەیان گرتە دەست.
