رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی میر جەلادەت بەدرخان لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریادا دەستی بە کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی کوردی کردووە. جێگری بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت، ئامانجیان بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەبارەی زمانی کوردی، کولتوور و هونەری کوردی لەنێو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی دیمەشقدا.
ناوەندەکە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2026 کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا 15 کەس بۆ بەشداریکردن لە خولەکاندا ناوی خۆیان تۆمارکردووە. تەمەنی بەشداربووان لە 20 ساڵییەوە تاوەکو 60 ساڵییە. لە نەتەوەی عەرەبیش تێیدا بەشدارن.
بوشرا مستەفا سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، پێشوازییەکی باش لەلایەن پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکەوە لە خولەکان کراوە.
سەبارەت بە ئاستی فێرخوازان، بوشرا مستەفا سلێمان گوتی: "هەندێکیان ئەلفوبێی کوردی دەزانن و هەندێکیشیان لە سفرەوە دەستپێدەکەن. لەنێویاندا کەسی کورد هەن کە لە ماڵەوە بە عەرەبی قسەیانکردووە و دەیانەوێت فێری زمانی دایکیان ببن، هەروەها پێکهاتەی عەرەبیش هەن کە دەیانەوێت فێری کوردی ببن."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەرەکە، سیستمی خوێندن لە سێ ئاست پێکدێت و هەر ئاستێک هەشت بەشە. بەشەکان رێزمان، خوێندنەوە، نووسین، گوێگرتن و شیکارکردنی پرسیارەکان لەخۆدەگرن.
بوشرا سلێمان رایگەیاند، ئامانجیان تەنیا پاراستنی زمانی کوردی نییە لەنێو کورددا، بەڵکو بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەبارەی زمانی کوردی، کولتوور و هونەری کوردی لەنێو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی دیمەشقدا. ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوودا پلانیان هەیە خولی بیرکاری، زانست، هەڵپەڕکێ، میوزیک و شانۆ بکەنەوە و مامۆستا بۆ قوتابخانەکانی دیمەشق پێبگەیێنن.
سەنتەرەکە بە ناوی جەلادەت عالی بەدرخان (1893-1951) ناونراوە، کە ئەلفوبێی لاتینیی هاواری بۆ کورمانجی دانا، لە ساڵی 1932ـدا گۆڤاری هاواری دەرکرد و لە ساڵی 1951ـدا لە دیمەشقدا کۆچی دواییکرد.
لە رۆژئاوای کوردستاندا، خوێندکارانی کورد بڕیارەکەی حکومەتی دیمەشق شەرمەزاردەکەن و دەڵێن سێ کاژێر بەس نییە و دەیانەوێت زمانی کوردی لە دەستووردا لەپاڵ زمانی عەرەبیدا جێگیربکرێت.



