رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا تاوتوێی هەموارکردنەوەی یاسایەکی کۆن دەکەن بۆ ئەوەی رێگە بە ژنانی سووریا بدرێت وەڵاتینامە ببەخشنە منداڵەکانیان، ئەمەش چارەنووسی هەزاران منداڵی چەکدارە بیانییەکانی داعش یەکلایی دەکاتەوە، کە بێ ناسنامە ماونەتەوە.
لە ماوەی زیاتر لە 13 ساڵی شەڕی نێوخۆی سووریادا، هەزاران ژنی سووری ژیانی هاوژینییان لەگەڵ چەکدارە بیانییەکان پێکهێنا، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە زۆربەیان بە فەرمی تۆمار نەکراون. ئێستا کە زۆربەی ئەو چەکدارانە کوژراون یان بێسەروشوێنن، منداڵەکانیان بێ هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی ماونەتەوە.
هیند قەبەوات، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی سووریا رایگەیاند، لیژنەیەکی وەزاری پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای ساڵی 1969 دەخوێنێتەوە، تاوەکو لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا رێگە بەو ژنە سوورییانە بدرێت، کە ژیانی هاوژینییان لەگەڵ بیانییەکان پێکهێناوە، وەڵاتینامە بدەنە منداڵەکانیان.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سووریا دەڵێ، "نابێت هیچ منداڵێک لە سووریا لە وەڵاتینامە بێبەش بکرێت بەهۆی ئەوەی باوکی کوژراوە، بێسەروشوێنە یان بیانییە."
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە سووریا هۆشداریی داوە کە "سەتان یان تەنانەت هەزاران منداڵی دایکی سووری و باوکی چەکداری بیانی" وەڵاتینامەیان نییە و داوای لە دەسەڵاتداران کردووە بە شێوەیەکی کاتی رێگە بە دایکان بدەن منداڵەکانیان لەسەر ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
رێکخراوە ناحکومییەکان لە باکووری سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، کە کێشەکە زۆر ئاڵۆزە، چونکە هەندێک لەو ژنانە تەنانەت ناوی راستەقینەی هاوژینە بیانییەکانیان نازانن و تەنیا وێنەی بەڵگەنامەیەکیان لایە، هاوکات وڵاتانی ئەو چەکدارانەش ئامادە نین هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.



