هەفتەی رابردوو هەواڵی درێژکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی تورکیا لە میدیای ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە و ئاماژە بە هەوڵی جیدی لەسەر هەنگاوی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەری کرا. سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی دەڵێ، ئەو پێشنیازەی رووبەڕوو بە ئەردۆغان گوتووە.
سرری ساکک کە رۆژی 3-6-2026 لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، بە تۆری میدیایی رووداوی گوت:" لەو دیدارەمدا لەگەڵ سەرۆککۆمار گوتم با پەرلەمان نەچێتە پشوو و دەبێت لە وەرزی هاویندا هەمواری یاسایی بۆ پرۆسە بکەین. چەند رۆژێک دواتر سەرۆکی پەرلەمان روونکردنەوەیەکی هاوشێوەی دا. هەموو ئەمانە ئەرێنین، بەڵام تاوەکو ئێستا لە پەرلەمان هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەمبارەیەوە نابینین. ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەکەین بە فەرمی بریاری ئەوە دەربچێت و رابگەیێندرێ کە پەرلەمان ناچێتە پشوو".
ساکک راشیگەیاند، کاتێک دەڵێن پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، پێویستە یاسای نوێ دەربکرێ.
لەبارەی دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی دەم پارتی بۆ سەردانیکردنی پارت و سیاسییەکان لەسەر تاوتوێکردنی پرۆسەی چارەسەری، سرری ساکک گوتی:"راستییەکەی پێویست ناکات دەم پارتی بڕواتە هیچ شوێنێک. راستیی کارەکە ئەوەیە پەرلەمان ئەوەی لەسەریەتی جێبەجێی بکات. دەم پارتی لە یەکەمین رۆژەوە چالاک بووە و هیچ شوێنێک نەماوە بۆی نەچووبێت و پارتی سیاسیش نەماوە سەردانی نەکردبێت. 25 مانگە دەم پارتی لە شەقامە و لە نێو خەڵکە، ئێستا کاتی پەرلەمانە هەنگاو بنێت".
سرری ساکک لە پرسی کورددا یەکێک لە بە ئەزموونترین پەرلەمانتارەکانە و لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی ئەو بەرەوپێشچوونانەی ئەمجارەی پرۆسەی چارەسەری کە جیاوازە لە جارەکانی دیکە، گوتی:"ئەوەی دەتوانێ ئەو جموجووڵە دروست بکات کە پێویستە، پەرلەمانە. کێشەی کورد کێشەیەکی 100 ساڵەیە و ئێمە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە رووبەڕووی رەتکردنەوە، پاکتاوی و نکۆڵیکردن بووینەتەوە. ئەوەتا ئێستاش هەندێک شت هەیە قبووڵی ناکەن کە ئەمە راستییەکەیە، بەڵام پرۆسەیەک هەیە کە پێگەیشتووە و هیچ کەسێک مافی وەلانان و دواخستنی نییە".
ساکک دوای دیدارەکەی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەیەکی خۆی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی لە کۆشکی کۆماری بڵاوکردەوە و رایگەیاند:"چاوەڕوانییەکانی گەلەکەمان بۆ ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری، هەروەها داواکاری و هیواکانمان بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی (کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی) بە هەنگاوی کۆنکرێتی، پێشکێش بە بەڕێزیان کرد."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەم پرۆسە مێژووییە لە سەرووی سیاسەتی رۆژانەوە بێت و گوتیشی: "کۆتاییهاتنی تەواوەتیی خوێنڕشتن، فرمێسک و ململانێکان، خواستی هاوبەشی کۆمەڵگەیە."
کارەکانی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن، ئەگەرچی دەم پارتی رەخنەی هەیە و داوای دەستوبردی زیاتر دەکات، بەڵام هیچ پچڕانێک رووینەداوە. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایین لەلایەبن دەوڵەتەوە.




