رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و کۆنترۆڵی ئاسمانی لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئەمنییەکانی لووتکەی ناتۆدا، بۆ ماوەی 60 کاژێر بە بەردەوامی دەفڕن و رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی تورکیا دەگێڕن.
ئەم فڕۆکانە کە بە فڕۆکەی E-7T ناسراون، لە فەرماندەیی بنکەی 3ی سەرەکیی ئاسمانی لە کۆنیا جێگیرکراون، کە یەکێکە لە بنکە فەرمییەکانی ناتۆ لە تورکیا، لە رێگەی راداری ئاسمانی و دەریایی پێشکەوتووی خۆیانەوە، کە توانای پشکنینی 360 پلەی هەیە، دەتوانن لە مەودای 400 کیلۆمەترەوە چەندین ئامانج دەستنیشان بکەن .
موقەدەم فاتیح کولاک، فەرماندەی تیمی ئەرکی فڕۆکەی کۆنترۆڵی ئاسمانی راگەیاند: "ئەرکمان چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەکەمانە، لە ناوچەی دەریای رەشدا لە ئەرکدا دەبین لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەک، کە لە ئاسمانی تورکیا نزیک دەبێتەوە."
کولاک رایگەیاند: "بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ ماوەی 60 کاژێر چاودێرییەکە دەکەین. ئامادەین بۆ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکە."
بەڕێوەچوونی 36ەمین لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە، بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی جیهان وەک دۆناڵد ترەمپ، وایکردووە بەرزترین ئاستی ئامادەییی سەربازی لە ناوخۆی تورکیادا رابگەیێندرێت، بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئاسمانی.
تورکیا خاوەن 4 فرۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و کۆنترۆڵی ئاسمانییە، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەی کە بە بەرنامەی "هەڵۆی ئاشتی" ناسراوە، ئەو 4 فرۆکەیە لە جۆری (Boeing 737 AEW&C) لە کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی دابین کراون و بە نەرمەکاڵای تورکی پاڵپشتی دەکرێن.




