رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رەخنە لە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەگرێت و رایدەگەیێنێت کە لادانی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران کارێکی دروست بووە، بەڵام دەستگیرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش ناڕەوایە، چونکە راینەکردووە تاوەکو دەستگیر بکرێت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی دەستگیرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند: "لادانی پارێزبەندییەکان کارێکی دروست بوو، بەڵام دەستگیرکردنی هەڵەیە."
کڵچدارئۆغڵو، وێڕای بەرگریکردن لە هەڵوێستی رابردووی پارتەکەی سەبارەت بە لادانی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران، روونیکردەوە دەستگیرکردنی دەمیرتاش هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
کڵچدارئۆغڵو لەم بارەیەوە گوتی: "سەلاحەدین راینەکردووە، بۆیە دەستگیرکردنی کارێکی دروست نییە."
لەبارەی ئەوەی کە داوای بینینی دەمیرتاشی کردووە لە زیندان و بەڵام دەمیرتاش ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە، کڵچدارئۆغلو رایگەیاند: "من داوام نەکردووە دەمیرتاش لە زیندان ببینم."
رۆژی 20ی حوزەیرانی 2026، کڵچدارئؤغلو رایگەیاند، پەشیمان نییە لەسەر دەنگدانی بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش لە ساڵی 2016.
ئەو لێدوانەی کڵچدارئۆغلو کاردانەوەی تووندی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) بەدوای خۆیدا هێنا.
دواتر لە میدیاکانی تورکیا وا بڵاوکرایەوە کە کلچدارئۆغلو داوای کردووە سەردانی دەمیرتاش بکات لە زیندان، بەڵام لەسەر ئەو لێدوانەی گوایە دەمیرتاش داواکەی کڵچدارئۆغلوی رەت کردووەتەوە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەی سەر بە پارتەکەی، دوای لادانی پارێزبەندیی پەرلەمانییان لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە کە فراکسیۆنی جەهەپەش دەنگی پێدابوو، دەستگیر کران.
لەو کاتەوە دەمیرتاش لە گرتووخانەی ئێدیرنە بە تۆمەتی جۆراوجۆر کە پەیوەستن بە لێدوان و چالاکییە سیاسییەکانیەوە دەستگیرکراوە.
وێڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردووە، بەڵام دادگاکانی تورکیا رەتی دەکەنەوە ئازادی بکەن.



