رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی تورکیا بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی هێرشەکانی سەر قوتابخانەکان لە باکووری کوردستان، گوێی لە روونکردنەوە و راپۆرتی نوێنەرانی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی تیکتۆک، ئێکس و مێتا گرت، سەبارەت بەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵی.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی یوسف بەیەزت، پەرلەمانتاری ئاکپارتی بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە، کێشەی ئەمنیی منداڵان تەنیا لە چوارچێوەی قوتابخانەدا سنووردار نییە، بەڵکو گشتگیرە و لە جیهانی دیجیتاڵییەوە دەستپێدەکات و دەگوازرێتەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن.
ئەحمەد بوغرا ئایدن، نوێنەری کۆمپانیای تیکتۆک رایگەیاند، پلاتفۆرمەکەیان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، 428 هەزار و 713 هەژماری بەکارهێنەرانی ژێر تەمەن 13 ساڵانی لە تورکیا داخستووە.
ئایدن راشیگەیاند: "لەو ماوەیەدا 7 ملیۆن و 192 هەزار و 608 بابەتی جۆراوجۆر سڕدراونەتەوە، کە 99.4٪ یان پێش بڵاوبوونەوەیان لەناوبراون. هەروەها 527 هەزار هەژمار و زیاتر لە 11 ملیۆن کۆمێنت سڕدراونەتەوە، و لە دوای هێرشەکانی سەر قوتابخانەکانیش 1022 بەستەر بە داواکاریی دامەزراوە فەرمییەکان بلۆک کراون."
سێزەن یەشیل، بەڕێوەبەری سیاسەتە گشتییەکانی کۆمپانیای مێتا لە تورکیا و ئازەربایجان، رایگەیاند 98٪ـی بابەتە زیانبەخشەکان لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە پێشوەختە دەستنیشان دەکرێن و لادەبرێن. یەشیل جەختی کردەوە کە کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی و فێرکاریی دروستکردنیان بە تەواوی لە پلاتفۆرمەکانیان قەدەغەیە. سەبارەت بە هێرشی سەر قوتابخانەکانیش، مێتا رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ناوی هێرشبەران کردووە و ناوی بکەرانی خستووەتە "لیستی رەش"ەوە بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت هەژماری ساختە بە ناویانەوە بکاتەوە و وەک پاڵەوان پێشانیان بدات.
ریم سادق، نوێنەری پلاتفۆرمی ئێکس بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا، رایگەیاند پلاتفۆرمەکەیان رێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەر بۆ سڕینەوەی دەستبەجێی هەر ناوەڕۆکێکی تووندوتیژ و هاوکاریی تەواوی دامەزراوەی گەیاندنی تورکیا (BTK) دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا.
ئەم کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوە چڕە دوای زنجیرەیەک رووداوی نەخوازراو و هێرشی تووندوتیژانە دێت لە قوتابخانەکانی شارەکانی رووها و مەرەش لە باکووری کوردستان، کە تێیدا چەندین قوتابی بوونە قوربانی.
ئەم رووداوانە شەپۆلێکی نیگەرانیی گەورەیان لە تورکیا دروستکرد و حکومەتی ناچار کرد کۆمیسیۆنێکی تایبەت لە پەرلەمان پێکبهێنێت بۆ چاودێریکردنی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر رەفتاری مێردمنداڵان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی تووندوتیژیی هاوشێوە.
.jpg&w=3840&q=75)


