رووداو دیجیتاڵ
سی و شەشەمین لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە جووڵەیەکی گەورەی خستە کەرتی گەشتوگوزاری پایتەختی تورکیاوە و نزیکەی 900 ملیۆن لیرە داهاتی هەبوو، بەڵام تێچووی ئامادەکارییەکانی لووتکەکە بۆ حکومەتی تورکیا زۆر زیاتر بووە و گەیشتووەتە نزیکەی 11.5 ملیار لیرە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، حکومەتی تورکیا بۆ کارەکانی ئامادەکاری، پڕۆژەکانی ژێرخان و نۆژەنکردنەوە بە مەبەستی پێشوازیکردن لە لووتکەی ناتۆ، بڕی 11 ملیار و 579 ملیۆن و 319 هەزار لیرەی (نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار) لە بودجەی گشتی خەرج کردووە.
داهاتی گەشتیاری چەند بووە؟
ئەرهان کاراکایا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری ئەنقەرە رایگەیاند، بۆ ئەم لووتکەیە ئامادەکاری لە 23 هۆتێلدا کرابوو کە زۆربەیان پێنج ئەستێرە بوون. لەو ماوەیەدا ئەنقەرە پێشوازی لە نزیکەی 7000 میوانی بیانی کردووە کە 5000یان ئەندامی شاندە فەرمییەکان بوون.
کاراکایا دەڵێت: "تەنیا لە کەرتی هۆتێلەکاندا 600 ملیۆن لیرە داهات هەبووە، بە تێکڕای کەرتی خواردن و بازاڕکردنیش، کۆی داهاتەکە لەنێوان 1 بۆ 8ی تەممووز گەیشتووەتە 800 بۆ 900 ملیۆن لیرە (نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار)."
پارەکە لە چیدا خەرجکراوە؟
هەرچەندە داهاتە راستەوخۆکە بەراورد بە خەرجییەکان کەمە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا دەڵێن ئەمە وەبەرهێنانە لە ژێرخانی شارەکە و ناساندنی ئەنقەرە بە جیهان. وردەکاریی خەرجییەکان بەم شێوەیەیە:
فڕۆکەخانە: 5 ملیار و 535 ملیۆن لیرە بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی (ئەتیمەسگوت) و دروستکردنی میوانخانەیەکی نوێ.
رێگەوبان: زیاتر لە 3 ملیار و 971 ملیۆن لیرە بۆ چاککردنی شەقامە سەرەکییەکان.
بانگەشە و تابلۆ: 181 ملیۆن لیرە بۆ دانانی تابلۆ و پۆستەرەکان و 16 ملیۆن لیرەش بۆ لێکردنەوەیان دوای لووتکەکە.
گواستنەوە: 8 ملیۆن و 446 هەزار لیرە بۆ رووپۆشکردنی ئەو پاسانەی بۆ میوانەکان تەرخانکرابوون.
ئاسایش و لۆگۆ: 654 هەزار لیرە بۆ لۆگۆی سەر ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس و جەندەرمە، هەروەها 284 هەزار لیرە بۆ پێداویستی ئەو سەگانەی بۆ پاراستنی لووتکەکە بەکارهێنران.
حکومەتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەم خەرجییە زەبەلاحانەوە توانای پایتەختەکەی بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان پێشان بدات. ئێستا ئەنقەرە چاوی لە مانگی تشرینی یەکەمە، بۆ ئەوەی میوانداریی 13ەمین لووتکەی وڵاتانی تورک بکات و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێکردووە.



.jpg&w=3840&q=75)