رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا فرۆشتنی خانوو بە بیانییەکان بەرز بووەتەوە، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی پار کەمی کردووە.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا فرۆشتنی خانوو بە شێوازی بە قەرزی بانکی بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی %72.1 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 25 هەزار و 993 یەکە.
ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە فرۆشتنی خانووی نوێ بە رێژەی %23.1 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 43 هەزار و 406 یەکە، لە کاتێکدا فرۆشتنی خانووی دەستی دوو بە رێژەی %12.5 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 86 هەزار و 573 یەکە.
لەم نێوەندەشدا، پشکی خانووە نوێیەکان لە کۆی گشتیی فرۆشتندا %33.4 و پشکی خانووە کۆنەکانیش %66.6 بووە.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا فرۆشتنی خانوو بە بیانییەکان لە مانگی حوزەیراندا، بەراورد بە پار %20.1 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 2 هەزار و 15 یەکە، کە دەکاتە %1.6ی کۆی گشتیی فرۆشتنی خانوو لە تورکیادا.
هاووڵاتیانی رووسیا بە کڕینی 381 خانوو لە پلەی یەکەمی کڕیارە بیانییەکاندا هاتوون، لە دوای ئەوانیش هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و ئێران بە 170 خانوو بۆ هەر یەکێکیان دێن.
سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە لە حوزەیراندا، کۆی گشتیی فرۆشتنی خانوو بە بیانییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو %9.2 دابەزیوە و گەیشتووەتە 9 هەزار و 83 یەکە.
کەرتی خانووبەرە لە تورکیا یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووریی وڵاتەکە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی فرۆشتنی خانوو بە شێوازی قەرزی بانکی لە حوزەیراندا ئاماژەیە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون لە بانکەکاندا، سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی رێژەی سوود.
لە لایەکی دیکەوە، بازاڕی خانووبەرەی تورکیا بەردەوامە لە راکێشانی کڕیارانی بیانی بەتایبەت لە رووسیا، ئۆکرانیا و ئێران، کە بەهۆی بارودۆخی جیۆپۆلیتیکیی ناوچەکەوە تورکیا وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون هەڵدەبژێرن.




.jpg&w=3840&q=75)