رووداو - دیجیتاڵ
پێشنیازەیاسای پەیوەندیدار بە "ئەو منداڵانەی پەلکێشی تاوان کراون" لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسندکرا و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگی لەسەر دەدرێ.
بەگوێرەی مادەیەکی نوێ کە بۆ یاسای پاراستنی منداڵان زیاد کراوە، بۆ ئەو منداڵانەی لە پرۆسەی دادوەریدان و بەرپرسیارێتیی سزادرانیان لەسەر نییە، رێوشوێنێکی ئەمنیی تایبەت بە منداڵانیان بۆ دیاری دەکرێ.
بە هەموارکردنی یاسای پاراستنی منداڵان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ ناچاری دەبێت.
ئەگەر لە لایەن داواکاری گشتییەوە یانیش دادگە و دادوەری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵێکی تەمەن سەروو 15 ساڵ نەکرێ، دەبێت هۆکارەکەی لە نووسراوی تۆمەتنامەکەی یان لە بڕیارەکەدا روون بکرێتەوە.
لەو پێشنیازەیاسایەدا مادەیەکی نوێ بۆ یاسای سەرپێچییەکان زیاد دەکرێ. بەو مادەیەی کە لەژێر ناونیشانی "هەڵگرتنی چەقۆ بێ رێگەپێدان" زیاد کراوە، لەژێر هەر ناوێکدا بێت، نمایشکردن و فرۆشتنی هەموو جۆرە چەقۆ و ئامرازێکی دیکەی بڕەر، لە دەرەوەی چوارچێوەی "یاسای پەیوەندیدار بە چەک و کەرەستە هاوشێوەکان"، بێ رێپێدان، هەروەها فرۆشتنیان بە هاووڵاتی خوار تەمەن 18 ساڵ و کڕین یان هەڵگرتنیان لە لایەن منداڵانەوە قەدەخە دەکرێ.
ئەوانەی پابەندی ئەم قەدەخەیە نابن، بە پێنج هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 105 دۆلار) سزا دەدرێن، ئەگەر ژمارە یان جۆری ئەو چەقۆ و ئامرازانەی کە سەرپێچییەکەیان پێکراوە مەترسیدار بێت، ئەوا سزا بە بڕی 10 هەزار لیرە (نزیکەی 210 دۆلار) بەسەریاندا دەسەپێندرێت.
هەروەها ئەگەر بەڕێوەبەر یان بەرپرسی شوێنەکە بزانێت کە ئەم سەرپێچییە کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار نەکاتەوە، بە بڕی پێنج هەزار لیرە سزا دەدرێ. بڕیاریش دەدرێ کە خاوەندارێتیی ئەو کەلوپەلانەی بوونەتەهۆی سەرپێچییەکە یان لە رێگەی ئەنجامدانی سەرپێچییەکەوە بەدەستهاتوون، دەستی بەسەردا بگیرێ.
بڕیاردان لەسەر سزای کارگێڕیی دارایی و دەستبەسەرداگرتن بەهۆی سەرپێچییەکەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەبێت و گواستنەوەی کەلوپەلە قەدەخەکراوەکانیش بۆ دەوڵەت لە لایەن بەرپرسی باڵای کارگێڕیی ناوچەکەوە بڕیاری لێ دەدرێ.
ئەو منداڵانەی سەرپێچی دەکەن و تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی منداڵەکە و بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای پاراستنی منداڵان، بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنەکانی پاراستن، پشتیوانی و ئاراستەکردن، لە لایەن بەرپرسی باڵای کارگێڕیی ناوچەکەوە داوای گرتنەبەری رێوشوێن لە دادوەری منداڵان دەکرێ. بڕگەکانی ئەو مادەیە بۆ فرۆشتن لەڕێی ئینتەرنێت و فرۆشتنی لە دوورەوە (ئۆنلاین)یش جێبەجێ دەکرێ.
بەکارهێنان، هەبوون و هەڵگرتنی چەقۆ و هاوشێوەکانیان کە بۆ ئەنجامدانی کارێکی هونەری، پیشەیی یان بۆ مەبەستی خوێندن و مەشقکردن پێویستن، لە شوێنی ئەنجامدانی کارەکە و لە لایەن ئەو کەسانەی کارەکە دەکەن، ناچنە ژێر بڕگەکانی ئەم مادەیەوە.
هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکان، رێوشوێنی تایبەت بۆ منداڵان دەگیرێتەبەر کە مەبەست لێی پاراستنیانە لەوەی بخزێنە ناو تاوانەوە.
رێوشوێنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، رێوشوێنی پاراستن لە مەترسییە دیجیتاڵییەکان، رێوشوێنی کتێب و کتێبخانە، رێوشوێنی رێزگرتن و پاککردنەوەی ژینگە، رێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون بە تووتن، نیکۆتین، کحول، قومار و مادەی هۆشبەر.
بەگوێرەی "رێوشوێنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و گشتی"، بڕیار دەدرێ منداڵان لە یانە وەرزشییەکان، ناوەندەکانی گەنجان، دامەزراوە وەرزشییەکان و دامودەزگا گشتییە پەیوەندیدارەکاندا بۆ ماوەی 20 تا 300 کاژێر ئەرکێک وەربگرن کە یارمەتیدەر بێت لە گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئەواندا؛ ئەو رێوشوێنەش لە لایەن وەزارەتی وەرزش و لاوان، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانی تورکیاوە جێبەجێ دەکرێ.
بەپێی "رێوشوێنی رێزگرتن لە ژینگە و پاککردنەوەی ژینگە"، بڕیار دەدرێ منداڵەکە بۆ 20 تا 300 کاژێر لە ناوچەیەکی دیاریکراوی وەک پارک، باخچە یان کەنار دەریا پاککردنەوەی ژینگە ئەنجام بدات، هەروەها بەشداری بکات لە چالاکییەکانی چاودێریکردنی رووەکە دیاریکراوەکان، نەمام چاندن و گوڵ چاندن؛ ئەو رێوشوێنەش لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان، وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوا، زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێنانەدا، ئەگەر هەر بەرهەڵستکاری یان سەختییەک هەبێت، دەکرێ داوای هاوکاری لە هێزە ئەمنییەکان بکرێت.
هەروەها هاوئاهەنگیی نێوان دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنەکان لە لایەن وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەبێت و لەسەر ئاستی پارێزگا و شارۆچکەکانیشدا هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی دامەزراوەکان لە لایەن پارێزگار و قایمقامەوە دەکرێ.
رێکار و بنەماکانی جێبەجێکردنی ئەم مادەیە، لە رێگەی پەیڕەوێکەوە کە لە لایەن وەزارەتی خێزانەوە دەردەچێت، دیاری دەکرێت.
لە رێی ئەو مادە زیادکراوەوە، ئامانجەکە بەهێزکردنی ئامرازەکانی دەستوەردانە بۆ تێکەڵکردنەوەی منداڵان بە کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی مەترسیی دووبارە ئەنجامدانەوەی تاوانەکە.
دوای پەسندکردنی پێشنیازەیاساکە جونەیت یوکسەل، سەرۆکی لیژنەکە و پەرلەمانتاری ئاکپارتی رایگەیاند، هەمواری زۆر گرنگ لە پێشنیازەیاساکەدا هەیە و لە کاتی گفتوگۆکاندا بەرژەوەندیی منداڵ کراوەتە بنەما.
هەروەها ئاماژەی کرد کە ئەم پێشنیازەیاسایە هاوکارییەکی بەرچاو پێشکێش بە سیستمی دادوەریی منداڵان دەکات.
یوکسەل هەروەها گوتی: "پاراستنی منداڵەکانمان لە هەموو جۆرە پشتگوێخستن، دەستدرێژی و مەترسییەک، هەروەها ئامادەکردنیان بۆ داهاتوو، تەنیا بەرپرسیارێتیی سیستمی یاسایی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەمووانە. پێشنیازەیاساکە لە رۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی بڕیاردان لەسەری، پێشکێش بە کۆڕبەندی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت".



