رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، هەناردەی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە 1 ملیار و 284 ملیۆن و 328 هەزار دۆلار.
هەناردەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 26.4% زیادی کردووە. لەو ماوەیەدا 3 ملیۆن و 182 هەزار و 61 تۆن کاڵا بۆ سووریا رەوانە کراوە.
زۆرترین بڕی هەناردە لە کەرتی دانەوێڵە بووە بە بەهای 103 ملیۆن و 879 هەزار دۆلار، پاشان چیمەنتۆ بە بەهای 102 ملیۆن و 256 هەزار دۆلار و کەلوپەلی کارەبایی بە بەهای 80 ملیۆن و 107 هەزار دۆلار.
هەناردەی چیمەنتۆ لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار بە رێژەی 116.8% بەرزبووەتەوە.
هەروەها پشکی پارێزگاکانی باکووری کوردستان لەم هەناردەیەدا 461 ملیۆن و 823 هەزار دۆلار بووە. قەبارەی بازرگانیی باکووری کوردستان لەگەڵ سووریا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 34.6% زیادی کردووە.
جەلال کادۆئۆغڵو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا و بەرپرسی دێسکی سووریا رایگەیاند، "گەشەی هەناردە بۆ سووریا لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 70% زیادی کردووە، ئەمساڵ دەمانەوێ قەبارەی بازرگانیمان زیاتر بێت."
کادۆئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، باشکردنی سیستمی بانکی، ئاساییکردنەوەی بازرگانی و باشتربوونی دۆخی ئاسایش و ئامادەکارییەکان بۆ کاراکردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی ئیسلاحییە و نووسەیبین کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بازرگانی دەبێت.
کادۆئۆغڵو ئاماژەی بەو بڕیارەی سووریا کرد - کە لە مانگی حوزەیراندا لە سووریا چووە واری جێبەجێکردنەوە— باجی لەسەر نزیکەی 1000 جۆری کاڵا داناوە، بەڵام بەهۆی بەرزیی باج لەسەر هەندێک کاڵا داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، چونکە تێچووی هەناردەکردنیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
کادۆئۆغڵو روونی کردەوە کە پێناسەی گومرگی دەگاتە 1,000 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، بۆ بارهەڵگرێکی 20 تۆنی لەگەڵ خەرجییە زیادەکاندا تێچووی نزیکەی 25 هەزار دۆلار دروست دەکات؛ کەمکردنەوەی ئەم بارە قورسە بۆ ئاستێکی گونجاو توانای هەناردەکردنی تورکیا زیاد دەکات و رێگە خۆش دەکات بۆ گەیشتنی ئەو بەرهەمانەی کە سووریا پێویستی پێیانە بە تێچووی گونجاوتر.
لە دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و سووریا و زیادبوونی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەشەکردنێکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.
کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و داڕشتنەوەی سیستمی گومرگی و دارایی هەنگاوی سەرەکین بۆ رێکخستنەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوەدانکردنەوە لە سووریادا.



