رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی حکومەتی تورکیا رۆژی دووشەممە، 27-7-2026، بەڕێوەدەچێت؛ پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و نەخشەڕێگەی تایبەت بە پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێن.
کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوای نزیکەی دوو هەفتە، رۆژی دووشەممە 27-7-2026 کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە کۆشکی کۆماری بەڕێوەدەچێت.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، دوایین پێشهاتە ئابوورییەکان و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبن.
بابەتی پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوی یاسایی بە گرنگییەوە دەخرێنە بەرباس.
لە کۆبوونەوەکەدا چاوەڕێ دەکرێت ئەو راپۆرتە نوێیانەی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و هێزە چەکدارەکانی تورکیا لەبارەی پێشهاتەکانی تایبەت بە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئامادەکراون، بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
هاوکات وردەکارییە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە و ئەو نەخشەڕێگەیەی پەیڕەو دەکرێت، تاوتوێ دەکرێن.
ئابووری و بڕیاری رێژەی سوود
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ئابوورییەکانیش دەخرێنە بەرباس.
دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی کۆماری تورکیا بۆ هێشتنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە جێگیری، دۆخی بازاڕەکانی دراو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
چاوەڕێش دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ئەو هەنگاوانە بکرێت کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و بەهێزکردنی سەقامگیریی نرخەکان بنرێن.
گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران و نرخی وزە
یەکێک لە تەوەرەکان سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە، بەتایبەتی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ دەکرێن، بەتایبەتی بابەتی کاریگەریی داخرانی تەنگەی هورمز لەسەر نرخی وزە و ئابووریی تورکیا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
هاوکات وردەکاریی ئەو پەیوەندی و دیدارانەی لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆدا لەگەڵ ئەمریکا کرابوون، تاوتوێ دەکرێن.
هەڵگرتنی سزاکانی CAATSA و رادەستکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 بە تورکیا بە هەمان شێوە تەوەری کۆبوونەوەکە دەبن.



