رووداو - دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، لە بابەتی پرۆسەی چارەسەریدا گەیشتوونەتە قۆناخی زەمینەسازیی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە.
دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی کە ئەمڕۆ دووشەممە 27-7-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، عومەر چەلیک گوتەبێژی ئەو پارتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
چەلیک گوتی: "لە بابەتی تورکیای بێ تیرۆردا گەیشتووینەتە قۆناخێکی نوێ. ئەویش رەخساندنی زەمینەیەکی یاساییە بۆ چەکدانان. کۆبوونەوەی زۆر سازدەکەین. ئەمە پرۆسەیەکی زۆر فراوانە کە رەهەندی سیاسی و یاسایی هەیە. ئەو ویستەی هەتا ئێستا لە رێی کۆمیسیۆنێکەوە لە پەرلەمانی تورکیا هەیە، کارەکانی بە سەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمانمان و رێنماییەکانی سەرۆککۆمارمانەوە، وەک سیاسەتێکی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها رایگەیاند کە تورکیا ئێستا لە قۆناخێکی هەستیارترە و گوتی:" دروستبوونی زەمینەیەکی یاسایی گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەو کەشە سیاسییەیە کە هەیە. لەم پرۆسەیەدا پاڵپشتی زۆر بەهادارە، رەخنەی بونیاتنەریش بە هەمانشێوە. بەڵام رەخنە رووخێنەرەکان زۆر زیانبەخشن."
هەر لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، چەلیک ئاماژەی کرد کە ئەوەی هەرە پێویستە، ئەو تێڕوانینانەن کە ئۆکسجینی زیاتر بە سیستمەکە دەبەخشن، گوتیشی: "ئێستا کاتی پڕوپاگەندە نییە. کاتی ئەوەیە بە زمانێکی دروست بگەینە تاک تاکی هاووڵاتییانمان. کاتی ئەوەیە نیشانی بدەین کە تاکە رەنگ، هاووڵاتیبوونە لە کۆماری تورکیا".
چەلک بە گرنگی زانی لایەنەکان لە تووندڕەوی دووربکەونەوە. راشیگەیاند، هەموو ئەو پارتانەی بەشدارییان لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەماندا کردووە و ئەوانەش کە زمانی ئەرێنی بەکاردەهێنن، هاوکاریی گەورەی پرۆسەی چارەسەرییان کردووە.
هەرچەندە ئەمجارە هیچ پچڕانێک لە پرۆسەی چارەسەریدا رووینەداوە، بەڵام حکومەتی تورکیا کە پرۆسەکە بە (تورکیای بێ تیرۆر) ناودەبات، گلەیی زۆری لەسەرە بەوەی لە هەنگاوناندا سارد و سڕە، بەتایبەتی دەم پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی بەر لە دەستپێکردنی چەکدانانی کردەیی، یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دەربکرێ.
بەرپرسانی حکومەت بەڵێنیان داوە لە داهاتووێکی نزیکدا کاری جددی و یاسایی لەسەر پرۆسەکە بکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)


