رووداو - دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی رێکخستنەوەی فراکسیۆنەکەیان لەنێو پەرلەماندا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل و دروستکردنی پارتێکی نوێ، جەهەپە 91 کورسیی پەرلەمانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-07-2026، فایق ئۆزتراک، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بە یاوەری شاندێکی پارتەکەی، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە پەرلەمان لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە.
دیدارەکە نزیکەی نیو کاژێری خایاند و تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕی و سیاسییانە کرا کە دوای دامەزراندنی (یەنی پارتی) لە پەرلەماندا پێویستن؛ لەوانە دابەشکردنی ئەندامان لە دەستەی سەرۆکایەتی، گۆڕانکاری لە لیژنەکان، دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی فراکسیۆن و دۆخی ئەو ژوور و نووسینگانەی بۆ جەهەپە تەرخان کراون.
دوای جیابوونەوەی 91 پەرلەمانتار لە جەهەپە، ئێستا پەرلەمانی تورکیا بەرەو گۆڕانکاریی نوێ لە دابەشکاریی هێزە سیاسییەکاندا دەچێت. فایق ئۆزتراک دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر کردووە، نەدراوە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن، رۆژی 23ـی تەممووز، ئۆزگور ئۆزەل دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند و رۆژێک دواتر پارتە نوێیەکەی بەناوی (یەنی پارتی - پارتی نوێ) راگەیاند.
ئۆزگور ئۆزەل دوای ئەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کرد، یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەری پارتەکەی بە ئامادەبوونی 95 کەس کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئۆزەل بە کۆی دەنگی ئەندامان وەک یەکەم سەرۆکی (یەنی پارتی) هەڵبژێردرا.
چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا، پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی گۆڕانکارییەکان لە دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکاندا رابگەیێنێت، کە رەنگدانەوەی قەبارەی نوێی فراکسیۆنی جەهەپە و فراکسیۆنە نوێیەکەی ئۆزگور ئۆزەل بێت.


.jpg&w=3840&q=75)
